ئۆپێک پڵەس لەسەر دیاریکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت کۆدەبێتەوە

وڵاتانی ئۆپێک پڵەس ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک بۆ دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەکو خۆی بمێنێتەوە، چونکە بڕیارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا پشکەکانی بەرهەمهێنانی ئێستا کۆتایی پێبێت.

لەوەڵامی داواکارییەکی سعوودیە کە داوای لە وەزیرانی نەوت کردووە سەردانی ڕیاز بکەن، وەزیری وزەی کازاخستان، ئەلمەسادام ساتکالیێڤ، بەرەو پایتەختی سعوودیە بەڕێ کەوت.

لە لایەکی دیکە ڕۆژنامەی “بلومبێرگ” بڵاوی کردەوە، بڕیارە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی کازاخستان، ڕووسیا، ئیمارات و کوێت بچنە ڕیاز.

لە سەرەتادا بڕیاربوو ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لە کۆتایی ئەو هەفتەیەدا لە ڤیەننا کۆ ببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئۆنلاین گواسترایەوە و ڕۆژێک دوا خرا. ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، ڕۆژی هەینی لە زاری گوتەبێژی ئۆپێک پڵەسەوە ڕایگەیاندووە، ئەو وەزیرانەی لە ڕیاز دەبن لەگەڵ وەزیری وزەی سعوودیە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی دەکەن.

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت “ئۆپێک” لە نوێترین ڕاپۆرتیدا، پیشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت لە ماوەی ساڵانی ئێستا و داهاتوودا خستووەتە ڕوو، بە ڕێژەی 2.25 ملیۆن بەرمیل و 1.85 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە کۆتایی ساڵی 2022ەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام کەم کردەوە، ئەمەش لەکاتێکدا بوو بەرهەمی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی نا ئەندام بەرزبووەوە.

کۆی گشتی کەمکردنەوەی ئۆپێک پڵەس لە ئێستادا دەگاتە 5.86 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە یەکسانە بە نزیکەی لەسەدا 5.7ـی خواستی جیهانی. کەمکردنەوەکەش تا کۆتایی ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت.

ئەو وڵاتانەی کەمکردنەوەی خۆبەخشانە جێبەجێ دەکەن بریتین لە جەزائیر، عێراق، کازاخستان، کوێت، عومان، ڕووسیا، سعودیە و ئیمارات.

ھەواڵی زیاتر