شەڕی دەسەڵات لەنێوان دوو دادگای عێراقی سەرهەڵدەدات

لە عێراق لە پاڵ دادگای باڵای فیدراڵی دادگایەكی دیكەش ھەیە بە ناوی “دادگای تەمیز”. ئێستا ناکۆکی نێوان دوو گەورە دادگایە لەسەر دۆسیەی دادوەرێك دۆخێکی نوێی لە عێراقدا هێناوەتە ئاراوە و دادگا تەمیز بڕیارێكی دادگای فیدراڵی ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت، “دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەكانی خۆی بەزاندووە”.

دادگای “تەمیز” پێی وایە دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەكانی خۆی بەزاندووە و جەختیش دەكاتەوە، ئەوان دەستەی باڵای دادوەرین و چاودێریی سەرجەم دادگاكان دەكەن.

دادگای تەمیز، نووسراوێکی پێنج لاپەڕەیی بڵاو کردووەتەوە، بۆ یەکەمجار دژی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی دەوەستێتەوە و دەڵێت، “ئەوە کاری تۆ نییە”. لەو ڕاپۆرتەیەدا دادگای “تەمیز” هەوڵی ڕێكخستنی دەسەڵاتەكانی دادگا فیدراڵی داوە. قسەی لەبارەی ئەحكامی ناكۆكی لەسەر، كردووە لە ماوەی ڕابردوودا كە ئەمەش جێی سەرنجە بەو پێیەی دادگای فیدراڵی بڕیارەكانی بە یەكلاكەرەوە و كۆتایی ناو دەبات.

ململانێی ئەم دوو دادگایە لەسەر دۆسییەی خانەنشینی دادوەرێك سەری ھەڵداوە و دادگای تەمیز دەڵێت، ئەو دەستەی دادوەریی باڵایە و چاودێرە بەسەر سەرجەم دادگاكانەوە بە دادگای باڵای فیدراڵیشەوە.

پێش ماوەیەک عەلی بنیان گحیت، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی شەرگات لە دادگای باڵای فیدراڵی داوایەک دژی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تۆمار کرد، گوایە ڕێگریی لە خانەنشینبوونی کردووە. دادگای باڵای فیدراڵیش لە بەرژەوەندیی ئەو دادوەرە بڕیاری دا و ڕایگەیاند، ئەو دادوەرە مافی خۆیەتی خانەنشین ببێت.

ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی كاردانەوەی دادگای تەمیزی لێکەوتەوە و ئێستا ئەم دادگایە پێنج لاپەڕەی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دادوەرە بۆی نییە خانەنشین بێت، چونکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، بە دادگای باڵای فیدراڵیشی گوتووە، “نابێ بهێڵین دەسەڵاتەکان تێکەڵ ببن”.

یەکەم جارە لە عێراقدا شتی وا ڕوو بدات، چونکە ئەوەی زانراوە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی حوکمی کۆتایی وەردەگرن. بۆیە شارەزایان بەریەك كەوتنی نێوان دادگای تەمیز و دادگای فیدراڵی بە مەترسی دەزانن بۆ سەر داھاتووی سیستەمی سیاسی عێراق.

ھەواڵی زیاتر