سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، خوێندنه‌وه و شیکردنەوەی خشتەکانی بودجەی گشتییان بۆ ساڵی 2024 تەواو كردووه و سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێكن بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 30ـی ئایاری 2024) عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، خوێندنه‌وه و شیکردنەوەی خشتەکانی بودجەی گشتییان بۆ ساڵی 2024 تەواو كردووه و سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێكن بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تاکوو په‌سندی بكات.
سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به پێویستیشی زانی سیاسه‌تێكی نوێی خه‌رجكردنی بودجه دابڕێژن كه جیاواز بێت له سیاسه‌ته‌كانی پێشوو. گوتیشی، لێژنه‌كه هەوڵ دەدات ڕێگه‌یەکی نوێ بۆ خەرجکردن دابڕێژێت بە شیکردنەوەی بودجەی پێشوو، لەو ڕاپۆرتەشدا کە پێشکەش دەکرێت، سەرجەم ئەو تێبینیانە دەخرێنە ڕوو کە سه‌باره‌ت به بودجەی ساڵی 2023 هاوپێچ كرابوون.
ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دانیشنێکی نائاسایی خۆی بە سەرۆکایەتیی سوودانی کرد، بە مەبەستی دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 و پەسەندکردنی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، خشتەکانی بودجەی گشتی 2024 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی (چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوە چوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
کۆبوونەوەکە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، “لە کەشێکی دۆستانە و بەرپرسیارانەدا بەڕێوە چوو لە هەردوولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئەرێنی هەبوو بۆ چارەی ئەو کێشانەی لە یاسای بودجەی ساڵی ڕابردوودا دروست بووبوون. لەسەر ئەو بنەمایە، بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت.”