سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەوە

رووماڵسیاسی

مەسرور بارزانی لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەوە

 کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا   1 كاتژمێر

      

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

کوردستان هەرێمی کوردستان عێراق حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر پشتیوانیکردنی هەوڵ و گفتوگۆکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گشت کێشەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لە بەغدا له‌گه‌ڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوقمەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە سەر پشتیوانیکردنی هەوڵ و گفتوگۆکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گشت کێشەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە گرنگیی سەربەخۆیی دادگاکان بەشێوەیەک نابێت بڕیاری دادگاکان ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گشتیی و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەکان و هاووڵاتییانی عێراق بەگشتی.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبێتەوە، لەگەڵ هەر یەک لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسایب ئەهلی حەقی عێراقی، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی (نبني- بنیاتنان)، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق کۆبووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووە: “دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت”.