بەشێک لە گەشتیاران پابەندی پاراستنی ژینگە نابن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕۆژانە بە ھەزاران گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی ژینگە دۆستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشێک لە گەشتیاران دوای گەڕانەوەیان لەو ناوچانە شوێنەکەیان پاکژ ناکەنەوە و بە پیسی جێدەھێڵن، ئەمەش کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە ھەبووە.

لەم وەرزەدا ڕۆژانە بە ھەزاران ھاووڵاتی و گەشتیار سەردانی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام بەشێکیان پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان جێدەھێڵن و ژینگە پیس دەکەن، بەرپرسانی شارەوانی لە شار و شارۆچکەکان، دەڵێن، ھەموو ڕۆژێک شوێنە گەشتیارییەکان خاوێن دەکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێ ڕاناگەین، چونکە بەشێکی زۆر لە گەشتیاران پابەندی ڕێنماییەکان نابن و ژینگە پیس دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان چەندین شوێنی گەشتیاری جوانی ھەیە کە بووەتە خاڵێکی پۆزەتیڤی باش بۆ کوردستان، کارمەندانی شارەوانی، گلەیی زۆر لە خەڵک و گەشتیاران دەکەن، داواش دەکەن شوێنەکانیان بە پاکی ڕابگرن.
کارمەندانی گەشتوگوزار لە تەواوی شاروشارۆچکەکان بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاردەکەن، کە بووژانەوەی سێکتەری گەشتوگوزارە لە ھەرێمی کوردستان. شارەزایانی بواری ژینگە، دەڵێن، ماددەی پلاستیکی لە خاک پێویستی بە نزیکەی پەنجا بۆ سێ سەد ساڵ ھەیە، بۆ ئەوەی شی ببێتەوە، ئەحمەد سەعید، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان چەندین شوێنی گەشتیاریی جوانی ھەیە کە بووەتە خاڵێکی پۆزەتیڤی باش بۆ کوردستان، ھەروەھا ڕێژەی بارانی ئەمساڵیش وای کرد کە کانیاو بەنداوەکان و دار و دەوەن ببووژێنەوە، بۆیە گرنگە بە ھەموومان سروشت بەرەو پێشەوە ببەین و باشتری بکەین، ئەو میوان و گەشتیارانەی لە باشوور و ناوەراستی عێراقەوە یاخود لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە ناو ھەرێمی کوردستان، دەبنە ھۆی بووژاندنەوەی بازاڕ و مارکێتینگێکی باشیش بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی دەبێتە ھۆی بانگەشە بۆ گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان.
د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، ڕاگەیاند، بەردەوام داوا لە گەشتیاران دەکەین پابەندی ڕێنمایەکانی گەشتیاری بن، پێشبینی دەکەین لە وەرزی ھاویندا ئاماری ھاتنی گەشتیاران زۆر زیاتر بن، لەبەرئەوەی جەژنی قوربان دێت و تاقیکردنەوەکانیش کۆتاییان دێت، ھەروەھا کەشوھەواش گونجاو و لەبارە، بەتایبەتی لە دەڤەری سۆران.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، باسی لەوەشکرد: ناوچەکە فراوانە و ناوچە گەشتیارییەکانیش زۆرن و دابەش بوونە بەسەر قەزاکان، ھەروەھا فراوانی ناوچەکە وای کردووە گەشتیارێکی زۆر بێتە ناوچەکە.

ھەواڵی زیاتر