دانا شوانی
ئۆگست كۆنت Auguste Comte فەرەنسییەکی خەڵکی شاری مۆنپیلییە. كۆنت لە تەمەنی گەنجیدا دەچێتە پاریس، سەرەتا بیرکاری و پزیشکی خوێندووە، دواتر چووەتە قوتابخانەی تەکنیکی (ئیکۆل پۆلیتێکنیک). کونت لە ساڵی ١٨١٩ سەنت سیمۆن (١٨٢٥-١٧٦٠)ی ناسی و چەند ساڵێک دواتر لە ساڵی ١٨٢٤ لێی جیا بووەوە. ئەوان لەسەر ئەوە ناکۆک بوون کە ئایا پێشکەوتنی پیشەسازی لە پێشینەیە یان ڕاهێنانی خەڵک و گۆڕینی عەقڵیەتیان. سانت سیمۆن پێشکەوتنی پیشەسازی لە پێشینە دانا و كۆنت پەرەسەندنی دەروونی لە پێشینە دانا.
سەدەی نۆزدە، سەدەی زانست بوو. زۆرێک پێیانوابوو کە زانست دەتوانێت وەڵامی هەموو کێشەکانی مرۆڤ بداتەوە. باوەڕبوون بە زانست، كۆنتی بەرەو فەلسەفەی پۆزهتیڤیزمی برد. پەیڕەوانی فەلسەفەی پۆزهتیڤیزم پێیانوابوو کە زانستە سروشتییەکان و زانستە مرۆییەکان جیاوازییهكی زۆریان نییە و شێوازی زانستی لە زانستە ئەزموونییەکان و زانستە مرۆییەکاندا وەک یەکە. كۆنت بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی و ئەوەی کە کۆمەڵناسی زانستێکی ئەزموونی و پۆزهتیڤیستییه، ئۆگست كۆنت بەرهەمێکی شهش بەرگی بە ناوی “بە وانهكانی فەلسەفەی پۆزهتیڤیزم” نووسی، کە وردە وردە تا ساڵی ١٨٤٢ بڵاوکرایەوە. یەکێکی تر لە بەرهەمە گرنگەکانی كۆنت بریتییە لە “سیستەمی سیاسەتی پۆزهتیڤیزم” کە لە چوار بەرگدا بڵاوکراوەتەوە. كۆنت پێیوابوو سەردەمی ئایینە کۆنەکان تێپەڕیوە و لەژێر کاریگەری فەلسەفەی ئایینی پۆزهتیڤیزمدا، لەژێر ناوی “ئاینی مرۆڤایەتی”، لە کتێبێکدا بنەماکانی دامەزراند و کۆی کردۆتەوە.
بیرکردنەوەکانی كۆنت لەژێر کاریگەری دوو ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا دروست بوون، کە ئەوانیش ڕەوتی فیکری بوون: بزووتنەوەی ڕیفۆرمخواز و شۆڕشگێڕی، و بزووتنەوەی كۆنزهرڤاتیزم تا ڕادەیەک دژە شۆڕشه. شۆڕشی فەرەنسا کە ٩ ساڵ پێش لە دایکبوونی كۆنت (١٧٨٩) ڕوویدا، کەشوهەوای کۆمەڵایەتی و ڕۆحی کۆمەڵگەی فەرەنسی گۆڕی. شۆڕشی فەرەنسا ئەو بیرۆکەیەی پێشخست کە بناغەکانی کۆمەڵگا بە پلاندانان و گرتنەبەری سیاسەت و ڕێوشوێنی دروست دەتوانرێت بگۆڕدرێن. ئایدیای شۆڕش و دروستبوونی کۆمەڵگا لە ڕێگەی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانەوە لەگەڵ شۆڕشی فەرەنسادا دەرکەوت و بناغەی هەموو شۆڕشەکانی دیکەش لەسەر ئەم بنەمایە دانرا؛ بۆیە بیری شۆڕش لە بنەڕەتدا خۆرئاواییە. بیرکردنەوەیەکی دیکەی شۆڕشی فەرەنسا، بنەمای یەکسانی هەموو مرۆڤەکان بوو؛ بۆیە بە لابردنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو مرۆڤەکان دەرفەتی یەکسانیان دەبێت و پێشکەوتوو و دڵخۆش و سەرفراز دەبن. شۆڕشی فەرەنسا بەو ئایدیاڵانە سەرکەوت، بەڵام دەرئەنجامی دەستبەجێی شۆڕشی فەرەنسا، یەکسانی و برایەتی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو کوشتن و سەرکوت و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی بوو؛ بۆیە ئایدیای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و پاراستنی ئەوەی لە ڕابردووەوە بۆمان هاتووە، دژایەتی ئایدیای گۆڕانی بنەڕەتی بوو و ناوی لێنرا “نۆژهنكردنهوه” و تەنانەت دوو دەیە دوای شۆڕش، ڕۆحیەتهکە ههر زاڵ بوو. ئۆگست كۆنت لە ژێر کاریگەری ئەم بیرکردنەوە دووانەیەدا پەروەردە بووە و بەو پێیەش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کێشەی فەرەنسا تێکچوونی دەروونییە. بهروونی دهیبینی کە پیشەسازیی بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام لە هەمان کاتدا خەڵک سەریان لێ شێواوه؛ هەربۆیە لەژێر کاریگەری ئەم دوو بیرکردنەوەیه، ڕێکخستن و پێشکەوتن بوو بە بابەتی کۆمەڵناسییهكهى. لە لایەک لە ژێر کاریگەری بیری كۆنزهڤاتیزمانهدا گرنگییەکی تایبەتی بە سیستهمی کۆمەڵایەتی دەدا و لە لایەکی دیکەوە لە ژێر کاریگەری بیری پێشکەوتنخوازانەدا بەرگری لە پێشکەوتن دەکرد.
ئۆگست كۆنت کێشەی مرۆڤی بە ئهنارشیزمی دەروونی دەزانی، بۆیە توێژینهوهى خودی کردە بنەمای کارەکەی. كۆنت لە توێژینهوهكانیدا لەسەر پەرەسەندنی عەقڵی مرۆڤ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە عەقڵی مرۆڤ لە سێ قۆناغدا پەرەی سەندووە: ئیلاهی، میتافیزیکی و پۆزهتیڤی. ئایین، پهیوهندییه کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییهكانى کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم سێ قۆناغەدا دەگۆڕێت و کۆمەڵگاکان بەپێی ئەوەی لە کام قۆناغدایە بەسەر جۆرە جیاوازەکاندا دابەش دەبن.
مرۆڤ لە قۆناخی ئیلاهیی، بتەکان، بە خەیاڵی خۆی وەک خوڵقێنەری خۆی و دونیا دەناسێت لەسەر بنەمای خۆی و کەرەستەیەک کە سرووشتێکی بابەتیی و فیزیکییان هەیە. قۆناغی دووەم قۆناغی سەروو سرووشتی یان میتافیزیکییە. لەم قۆناغەدا مرۆڤ بە بەکارهێنانی چەمکە ئەبستراکتەکانی وەک سرووشت، مێژوو، خودا و هتد، هەموو دیاردەکان ڕوون دەکاتەوە و دەیانناسێتەوە. قۆناغی سێیەم قۆناغی پۆزهتیڤیزمه. لەم قۆناغەدا مرۆڤ بە بەکارهێنانی عەقڵ و لۆژیک دونیا ڕوون دەکاتەوە و ئەوەی ناتوانرێت بسەلمێنرێت قبوڵ ناکات. لەم قۆناغەدا جیهانبینی مرۆڤ پۆزهتیڤیستییه. پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییە گونجاوەکان دەگۆڕدرێن و خۆیان لەگەڵ گۆڕانی جیهانبینییەکان دهگونجێنن. تەنانەت ئایینیش دەگۆڕێت، چوونکە لە ئایینە کۆنەکاندا خودا ناسەلمێنرێت، لە ئەنجامدا مرۆڤەکان پەیڕەوی لە “ئاینی مرۆڤایەتی” دەکەن کە خودا سەنتەر نییە بەڵکو مرۆڤ سەنتەرە.
هەروەها زانستەکان بەپێی ئەم سێ قۆناغە پەرەیان سەندووە. بیرکاری یەکەم زانستە کە دوو قۆناغی یەکەمی ئیلاهیات و میتافیزیکی تێپەڕاند و گەیشتە قۆناغی پۆزهتیڤیزم. مرۆڤایەتی هەر زوو ڕیزبەندی ژمارەکانی دۆزیەوە و فۆرمێکی لۆژیکی پێبەخشی. فەلەکناسی، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی و کۆمەڵناسی دوو قۆناغی یەکەمیان تێپەڕاند و دوای بیرکاری گەیشتنە قۆناغی پۆزهتیڤیزم. دوا زانست کە گەیشتە قۆناغی پۆزهتیڤیزم، کۆمەڵناسییە، کە ئەو لە زانستەکانی دیکە بە باڵاتری دەزانێت. کۆمەڵناسی لە زانستەکانی تر باڵاترە، چوونکە نەک هەر دەتوانێت هەموو شێوازەکانی زانستەکانی پێشوو وەک چاودێریکردن، ئەزموونکردن و هتد بەکاربهێنێت، بەڵکو دەتوانێت میتۆدی مێژووییش بەکاربهێنێت.
بەپێی یاسای سێ قۆناغی پەرەسەندنی عەقڵی مرۆڤ و یاسای پەرەسەندنی زانستەکان بەم شێوەیە زانستەکانی دابەش کردووە. یەکەم: فیزیا زانستی سرووشت، کە دابەشکراوە بەسەر دوو بواردا: فیزیای ئۆرگانیک (ژیان) و فیزیای نائۆرگانیک. زانستی فیزیای ئۆرگانیک بەسەر دوو بواردا دابەشکراوە: فیزیای جهسته (فیزیۆلۆژی) و فیزیای کۆمەڵایەتی (کۆمەڵناسی). هەروەها زانستی فیزیای نائۆرگانیک دابەشکراوە بەسەر بواری فیزیای زەوی (جیۆلۆجی) و فیزیای ئاسمان (ئەسترۆنۆمی). لە کۆتاییدا زانستی فیزیایی زەوی دابەشکرد بەسەر کیمیا (زانستی پێکهاتەی تەنەکان) و فیزیا (زانستی تەنەکان). ئێمە ئەم دابەشکردنەمان لەم مۆدێلەی خوارەوەدا نیشانداوە. وەک دەبینرێت چەمکی فیزیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابەشکردنیدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی فیزیا (زانستی شتەکان). ئەم دابەشبوونە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکە زانستییەکانی. هەروەها ئۆگست كۆنت لە سەرەتاوە زانستی کۆمەڵناسیی بە “فیزیای کۆمەڵایەتی” ناوبرد، بەڵام لەگەڵ ئەلفرێد کۆتێلدا ناکۆک بوو كه بە کۆمەڵناسی ناوی برد.
كۆنت وەک زۆرێک لە بیرمەندانی کۆمەڵایەتی سەدەی نۆزدەهەم، کۆمەڵگای بە جەستەی مرۆڤ بەراورد کردووە. ئەم ڕێبازە تیۆرییە بە “تیۆری ئۆرگانیزم” ناسراوە. كۆنت بە بەکارهێنانی تیۆری زانستی خۆی ئەم تیۆرییەی ڕوون کردەوە. مرۆڤ توخم و پێکهاتەکانی فیزیای نائۆرگانیک یان تەنەکان باشتر لە خۆیان دەزانێت. بۆ نموونە دەتوانرێت شاخێک لە پارچە بەرد باشتر بناسرێت، بەڵام لە فیزیای ئۆرگانیکدا پێچەوانەکەیە، واتە دەتوانرێت ئەو بەشە لە ڕێگەی گشتهوه بناسرێت. بۆ نموونە مرۆڤ وەک تاکێک لە ڕێگەی کۆمەڵگاوە دەناسرێت. بوونیادهكانى کۆمەڵگا وەک جەستەی مرۆڤ، پەیوەندییان بە هەموو جەستەوە هەیە.
ئۆگست كۆنت لەسەر بنەمای دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر گشت و بەشەکان و ئەولەویەتدان بە گشت، دوو تایبەتمەندی ئیستاتیک و دینامیکی بۆ کۆمەڵگا باس دهكات و لەسەر بنەمای ئەمەش کۆمەڵناسی دەکاتە دوو بەشی کۆمەڵناسی ئیستاتیک و دینامیکی. بابەتی کۆمەڵناسی ئیستاتیک بریتییە لە گشت، واتە ئەو دیاردانەی کە سەقامگیرییەکی ڕێژەیییان لە کۆمەڵگادا هەیە و بە دەگمەن دەگۆڕدرێن. ئەم دیاردانە بابەتی کۆمەڵناسی ئیستاتیکن. هەس ت و چالاکی و عەقڵ لە هەموو مرۆڤەکاندا لە هەموو تەمەنەکاندا باون و کەمتر گۆڕانیان بەسەردا دێت، لە ئەنجامدا توخمە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی ئیستاتیکن. جگە لەمانە دەتوانین دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئایین، موڵک، خێزان، زمان، دابەشکردنی کار ببینین. هەریەکێک لەو دامەزراوانە ئەرکێکی دیاریکراویان لە کۆمەڵگادا هەیە. ئایین گەرەنتی هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا دەکات. خاوەندارێتی دەربڕینی چالاکیی مرۆڤە و زمان دەربڕینی بیرکردنەوەیە. خێزان دەربڕینی هەستی مرۆڤە. دابەشکردنی کار دەرئەنجامی دابەشکردنی چالاکییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگادا. کەسانێک کە پێگەیەکی بەرزتریان هەیە لە دابەشکردنی کۆمەڵایەتی کاردا، پێکهاتەی بابەتیی کۆمەڵگا دیاری دەکەن. دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و پیاوانی ئایینی سەر بەم گرووپەن. خەڵکی خوارەوە و پرۆلیتاریا گوێڕایەڵی ئەوان دەبن. ئەم دۆخە لە کۆمەڵگەی پیشەسازیشدا نەگۆڕاوە. هەمیشە هێزی ڕۆحی بە بەراورد بە هێزی ماددی باڵاترە، چونکە ئەرکی هێزی ڕۆحی ڕازیکردنی ناوەوەی مرۆڤە و وای لێدەکات ئامادە بێت بۆ گوێڕایەڵی دەسەڵاتی دنیا.
تیۆری دینامیکی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسی داینامیکی
بابەتی داینامیکی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسی داینامیکی بریتییە لەو تووخمانەی کە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن. گرنگترین بابەتی کۆمەڵناسی دینامیکی بریتییە لە پەرەسەندنی دەروونی مرۆڤ کە لە سێ قۆناغدا گۆڕاوە: ئیلاهی، میتافیزیکی و پۆزهتیڤیستی. عەقڵ، چالاکی، هەست، هاوسۆزی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەم سێ قۆناغەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. عەقڵی مرۆڤ لە سەردەمی ئیلاهییدا بە بتپەرستی و یەکتاپەرستی دهناسرێتهوه. هەستەکانی بە خۆپەرستی دەناسرێتەوە، جۆری هاوسۆزییەکەی نەتەوەیی و خێڵەکییە و دهزگا کۆمەڵایەتییەکەی ئۆگست كۆنت، سیمایەکی سەربازیی هەیە. تەمەنی میتافیزیکی بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە تایبەتمەندە. تایبەتمەندی سەرەکی عەقڵی مرۆڤ لەم سەردەمەدا باوەڕبوونە بە هێزی سەروو سروشتی. چالاکییەکەی بە بەرگریکردن و هەستەکانی بە خۆبەخشی پهیوهسته، هاوسۆزییەکەی گهردوونییه و فۆڕمی کۆمەڵایەتی باڵادەست، فیۆداڵییە. سەردەمی پۆزهتیڤیستی بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە تایبەتمەندە. عەقڵی مرۆڤ خەسڵەتێکی پۆزهتیڤیستی هەیە، لە کاتێکدا جۆری چالاکییەکەی بە بەرهەمهێنان و هەستی بە خۆبەخشی دهناسرێتهوه، هاوسۆزییهكهى، گشتگیرە و فۆڕمی کۆمەڵایەتی بە تایبەتمەندی پیشەسازی دەناسرێتەوە.
كۆنت پێیوابوو کە تەمەنی ئایینە خوداپهرستییه کۆنەکان کۆتایی هاتووە. بیرکردنەوەی سانت سیمۆن سەبارەت بە “مەسیحیەتی نوێ” ناچێتە هیچ شوێنێک. پەرستن لە سەردەمی پۆزهتیڤیستی، شتێکی زەمینییە و مرۆڤ دەبێتە بنەمای ئەم پەرستنە. ئەو پێیوابوو پێویستە پێداچوونەوە بە هەموو کاروبارەکانی ئێستای مرۆڤدا بکرێت، لەوانەش ئازادی بیروڕا و مافەکانی تاک دەستبەردار بن. ئەمانە دەرکەوتنی تاکگەرایی و خۆپەرستیین و لە ئەنجامدا بێ ئەخلاقیین. بەهۆی ئەم بیروباوەڕانە، كۆنت یەکێکە لە یەکەمین نیشاندەرانی بیری تۆتالیتاریزم دادهنرێت.
بیرکردنەوەکانی ئۆگست كۆنت کاریگەرییان لەسەر پێکهاتنی دهزگا پۆزهتیڤیستیهكان هەبوو. هەروەها بیرۆکەکانی کاریگەرییان لەسەر تاک و یەکێتی و حزب و بزووتنەوە بچووکە کاریگەرە بێشومارەکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا هەبووە. قوتابخانەی پۆزەتیڤیستی لە فەرەنسا و ئینگلتەرا و ئیتاڵیا شوێنکەوتوویەکی زۆری پەیدا کرد و پێش مارکسیزم بوو بە “ئایدۆلۆژیای مۆدێرنیزاسیۆن”. قوتابخانەی پۆزهتیڤیستی، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە نوێنەری تایبەتی زانستە مرۆییەکانە. نازناوی کۆمەڵناسی بەخشی بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر کۆمەڵناسی ئهكادیمیی هێندەی کاریگەری دۆرکایم نییە. چەمکە سەرەکییەکانی وەک ئۆرگانیزم و گشتگهرایی و مێژووگەرایی و ئایدیای کۆمەڵناسی وەک زانستی قەیرانی توێژینەوە و نەخۆشیناسی کۆمەڵایەتی پەیوەستن بە ناوەکەیەوە. کاریگەری لەسەر ڕێبازی دۆركایم هەبوو بۆ ئهنۆمی کۆمەڵایەتی، یهكانگیریی ئۆرگانی و میکانیکی، هۆشیاری بەکۆمەڵ و کۆمەڵناسی ئایینی. بۆچوونەکانی كۆنت بابەتی ڕەخنەی لیبڕاڵەکان و قوتابخانەی ڕەخنەگرانەیه.