لیا سیفەدین
بۆ ماوەی هەزاران ساڵ زیاترە خێزان کۆنترین یەکەو پەیکەری کۆمەڵایەتییە وە خێزان دامەزراوەیەکە، کە هەستی ئارامی و ئاسایش دەبەخشێت بە ئەندامەکانی
هەڵبەت لە بەشی زۆری کۆمەڵگاکاندا خێزان یەکەی بنچینەی کۆمەڵگایە و بە کارگەی بەرهەم هێنانی پەروەردەکردنی مرۆڤ دادەنرێت، ئۆرگانێکی گرنگی بەخێوکردن و پەروەردە و ڕاهێنانی ژیان و ئایندەی نەوەکانە.
خێزان ئەو دەزگا مەزنەیە کە سەرچاوەی ڕەفتار و بەها و مەعریفەیە بۆ نەوەکانی، خۆش بەختانە لە هەرێمی کوردستانیش خێزان بەهای تایبەتی هەیە وەک یەکەیەکی تۆکمە بەردەوامە لە پەیوەندیە مرۆییەکانی.
هەڵبەت لای هەموومان ڕوون و ئاشکراییە خێزان ڕۆڵی
بەرچاو دەبینێت لە چەسپاندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا، وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین لەگەڵ کرانەوە کوردستان بە ڕووی جیهاندا، بەڵام کێشە خێزانیەکان لە زیاد بووندایە و هەندێک کات سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی، کە ئەمە پێمان دەڵێت دەبێت زیاتر تێبکۆشین بۆ خێزانێکی تەندروست.
هەر بارودۆخێک ببێتە هۆکاری تێکچونی ئاسایشی خیزان و بێزاری ئەندامانی خێزان پێی دەگوترێت کێشە.
پێویستە هەموان ئەو ڕاستیە درک پێ بکەن کە هیچ خیزانێک و هیچ مرۆڤێک نیە بێ کێشە بێت، مرۆڤی بەختەوەر یان خێزانی بەختەوەر ئەوانە نین کە کێشەیان نەبێت بەڵکو ئەوانەن کە کێشەیان هەیە بەڵام بەهۆشیارانە و عاقڵانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و چارەسەری دەکەن.
کێشە باوەکانی خێزان چین؟
– نابەرپرسیارەتی لەئاست پەیوەندیە خیزانیەکان و منداڵ
- هەڵچوون و بەگژاچونەوەی یەکتر
– نەبوون یان لاوازی سۆز و خۆشەویستی و پەیوەندی رۆحی لەنێوان ئەندامانی خێزان
– سوکایەتی و بێ ڕێزی کردن بەیەکتر و کەس و خزمی یەکتر
- نەگونجان لەگەڵ بارودۆخە تایبەتەکانی یەکتر و قبوڵ نەکردنی ڕاو بۆچون و جیاوازیەکانی یەکتر
- گرفتە داراییەکان و خۆ بەراورد کردن بە ژیان و بارودۆخی دارایی ئەوانی تر
– خیانەتی هاوسەری
- ڕەزیلی یان دڵپیسی پیاوان و غیرەی ئافرەتان لە هاوسەرەکانیان کە ئەمانە زۆر کیشەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە
ئەمانەو چەندین هۆکاری دیکە دەبنە هۆی دروست بونی کێشە خێزانیەکان و تێکچونی ئاسایشی خیزانەکان
چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە خێزانیەکان
– سەرەتا دەبێت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکرێت و لەکاتی خۆیدا هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، تا کەڵەکە نەبن و دواتر بێ چارەسەر بمێننەوەو ببنە هۆی لێک هەڵوەشانەوەی خیزان.
– پێویستە لەکاتی چارەسەرکردنی کێشەدا هاوسەرەکان (ئەگەر کێشەکە لەنێوان ژن و مێرد دا) بوو،بەهێمنی و لەسەر خۆ گفتوگۆ بکەن، باسی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەکە بکەن، دەرفەتی تەواو بەیەکتر بدەن تا هەریەکە لای خۆیەوە باسی کێشەکە بکات، بە زمانێکی نەرم قسە بکەن دوور لە توڕەبوون و سوکایەتی و جنێودان، هەردولا گوێگرێکی باشی یەکتر بن کاتی قسەکردن، ئەگەر ئەم گفتوگۆیە لەدەرەوەی ماڵ بکرێت (واتە لە باخچەیەک یان پارکێک یاخود شوێنێک کە قەرەباڵغ نەبێت باشترە.
– نابێت لەبەرچاوی منداڵدا ئەم گفتوگۆیانە بکرێت چونکە ئەوە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر دەرونی منداڵ دروست دەکات.
– پێویستە لەکاتی هەڵچون و توڕەبوندا گفتوگۆکە دوابخرێت بۆکاتێکی دیکە و بارودۆخێکی ئارامی بۆ بڕەخسێنرێتەوە ئینجا دەست پێ بکرێتەوە، تالەجیاتی چارەسەر هێندەی تر کێشەکە قوڵ نەکرێتەوە.
دەنگ بەرز نەکردنەوە بەسەر یەکتردا و تۆمەتی بێ بنەما دروست نەکردن بۆ یەکتر و سوکایەتی نەکردن بە خزم و کەسی یەکتر و دوبارە نەکردنەوەی قسە و هەڵنەدانەوەی لاپەڕەی کێشەکۆنەکان و هەڕەشە نەکردن لەیەکتر ( بە کوشتن،خۆ کوشتن، خۆ سوتاندن، بەجێ هێشتنی ماڵ، زەوتکردنی منداڵ …هتد) و ڕاستگۆیی لە قسەکردن و دورکەوتنەوە لەدرۆکردن و لێبوردەیی لەگەڵ یەکتر مەرجی هەرە گرنگی گەیشتنن بە چارەسەی کێشەکان و پێکهاتنەوەو هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندیە خیزانیەکان و گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ ماڵ، ئەمانە هەموی ڕەفتاری ناهۆشیارانەیەو کارەساتی خراپیان لێ دەکەوێتەوە و دەبنە هۆی لەدەستدانی کەسایەتی و خێزانیش لەیەک کاتدا.
پێویستە خیزان لانی کەم حەفتەی جارێک یان دوو حەفتە جارێک گفتوگۆی هێمنانە بکەن و تێیدا باسی کێشەکان و ئەو بابەتانەش بکەن کە پێشبینی دەکرێت ببنە هۆی سەرهەڵدانی کێشە، تا لەکاتی خۆیدا چارەسەر بکرێن یان پیش بە ڕودانیان بگیرێت، ئەمەش ڕێگا راستەکەیە بۆ گەیاندنی خیزانەکان بە کەناری ئاسودەیی و بەختەوەری و دوربون لە قوڵ بونەوەی کێشەکان و لێک ترازان و لێک هەڵوەشان.