ڕائیب جادر – هەولێر
بۆ ماوەی زیاتر لە ھەفتەیەکە شەپۆلێکی باران بارین ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کە پێشتر دەستەی کەشناسی ھەرێم پێشبینی بۆ کردبوو. بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: زۆربەی بەنداوەکان، بەتایبەتی بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژ بوونە، بۆ ئەمساڵ بڕێکی زۆری ئاو لە بەنداوەکانی کوردستان گلدراوەتەوە. دەشڵێ: لە ئەنجامی پلانێکی ستراتیجیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ مەترسی وشکەساڵی نییە.
یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بووە، لە ئێستەدا بەنداو و پۆندێکی زۆر دروستکراون، بەشێکیشیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و بەشێکیشیان کارکردن تێیاندا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، زۆرینەشیان بەھۆی ئەو شەپۆلە بارانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو سەرڕێژ بوونە، وەکو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی پێداوە، بەشێک لە پلانی ستراتیژی حکوومەتی ھەرێم بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بڕیاریانداوە چەندین بەنداو بەشێوەی جیاواز لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان دروست بکەن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەولێر، لە زۆرینەی شوێنەکانی پارێزگاکە ئەمساڵ دوو ھێندە، بگرە زیاتریش باران باریوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵی کشتوکاڵی بەتایبەت گەنم و جۆ لە بەرھەمی پار زۆر زیاتر بێت. وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان دەبێتە بنەمایەکی بەھێزی ھەنگاونان بەرەو سەقامگیری ئاسایشی ئاو و زیادکردنی سەرچاوەکانی خەزانی ئاو لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک توانای گلدانەوەی ئاویان ھەیە، لە داھاتوودا دەبێتە وێستگەیەکی بەسوودی دابینکردنی پێویستییەکانی ئاو و کارەبا و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: شەپۆلەکانی بارانی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر، توانیویەتی ئاستی دابارینی ساڵانی ڕابردوو ببڕێت، بەتایبەت کە باران لە ھەندێک شوێندا سێ سەد بۆ سێ سەد و پەنجا ملم بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زیاتر باریوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیجی داڕشتووە بۆ دروستکردنی بەنداو لە ئەمساڵدا، بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاریی لەو ئاوە بکات کە ساڵانە دێتە بەردەست، چونکە ساڵانە تێکڕای ڕێژەی ئاو کەم دەکات.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: لەئەمساڵدا مەترسی وشکە ساڵی ڕەویوەتەوە، ئاوی پێویستیش کۆکراوەتەوە لەو شوێنانەی کە بەنداوی لێیە، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەنداوی دەربەندیخان دە مەتر ئاوی زیاتری بۆ ھاتووە، ھەروەھا بەنداوی دوکان نزیکەی چوار مەتر و نیو لە ساڵی پار کەمترە بەھۆی ئەوەی بەنداوێکی گەورەیە و چوار ساڵ لەسەر یەک ئاوی بۆ نەگەڕاوەتەوە و ھاوکات ئاوی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دابین کردووە، ھەروەھا لە دھۆکیش زیاتر لە دوو مەتر ئاو لە ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.