جەوهەری عیشق

   نووسینی: ئازاد پێنجوێنی

خامۆشی کڕێوەو ڕەهێڵەی شەوی ڕابردوی پڕ لەچاوەڕوانی کەشێکی ئارامیان دابوو بەشار وردەبەفرەکانی ناوشارو سەرچیاکان هەموو شوێنێکی بەتەڕی هێشتبؤوە وئەم دەمی عەسرە پاشماوەی بەفر و گەڵای درەختەکان سرتەیان دەهات لەگەڵ گڤەی ـ با ـ دا .
ئەم دەیەوێ ئازادانە بە ناوهەوری ساماڵ فڕین بکاتە هەمیشەیی و هێلانەیەک بۆخۆی لەناو چاوە مەست وزەرد باوەکانیدا چێبکات و بتوانێت تیایدا ئۆقرە بگرێ، عارفەکان دەرگای هیوایان لەبەهەشتی ئاسماندا بۆدەکرێتەوە ئەوەتا ئەم دەرگای بەهەشتی لە دڵی ئەودا لەسەرزەمین بۆخراوەتە سەرپشت.
ناهەقی نیە هەنگاوی خێرا دەنێت و گوێ بەساردی نادات و بەڕێوەیە بچێت بۆلای ئەو، کە لەهەناویدا فریشتەیەک خۆی حەشارداوە.
ئەوەش دەڵێت خۆ ئەگەر باڵندە بوایە ئەوا لة تاوس دەچوو، هەرخۆشی پێمان دەڵێ زۆریش بەگرانی دەزانێ بچێتە بەردەمی و نەلەرزێ یان زمانی نەیگرێ وپرتەپرت نەکات، بەهەرحاڵ هەردەبێ بچێ کێ دەتوانێ بەهەشت ڕەت کاتەوە با زمانیشی ببەسترێ بەچاو پێی دەڵێ:” باچاویشی لەئاستیا شەرم بکات بەهەستەکانی ناخی پێی دەڵێ کە لەخۆمم خۆشتر دەوێی”.
ژنێک لەژێر چەند درەختێکی باخچەکە چاوەڕێیە چاوە جوانەکانی لەسەردەروازەی سەرەکی ڕاگرتووە جارجارە نەبێ بەدەنگی پێی ڕێبوارانی نێو باخچەکە ئاوڕدەداتەوە دەنا هۆش و بیر و بینینی لەناو دەروازەی سەرەکی باخچەکە چڕکردۆتەوە تائەم دێت.
چاویش دەبڕێتە چەند مەترێ پێش خۆی کە چەند گوڵێکی سپی بەچەند لقێکی داپۆشراوی پەرژینەکانی لێواری باخچەکەوەن ڕوخساریشی بەکەوتنە خوارەوەی شەونمی گەڵاکانی سەرسەری بەتەواوی تەڕبووە .
بەژن ڕێک و میهرەبانیەکەی کەسایەتیەکی بەهێزیان پێ بەخشیووە ڕێک وەستاوە و بێ جوڵە چەشنی سەربازێک لەبەردەم ئەفسەرەکەیدا بەدەستەکانیدا دیارە دڵەڕاوکێ و خێرایی دڵی و ترسێکی لەڕادەبەدەر باڵی بەسەرداکێشاوە ئاخر سات ناساتێ سەیری موبایلەکەی دەکات تەواو هەست بەلەرزینی دەستی دەکرێت، بەڵام هەموو ئەمانە نەیتوانیوە بینوشتێنێتەوەو وەک ژنێکی ڕەسەن دەردەکەوێ و ویقاری پێوە دیارە .
بینینێکی سەرپێیی گەر لە دوریشەوە بێت دڵنەوایی ڕۆحە، کە هەوڵ بدەیت لەتەنیشتیەوە بژیت و لەناو لەپی دەستە نەرم وناسکەکانیدا ژیان بەدەست بهێنیت.
زۆربە جوانی چاوەڕێ دەکات، هاکا زەنگی موبایلەکەی لێدراو دەنگی ئەم بێت و بڵێ ئەوەگەیشتم ئازیز .
پیاوەش لەبەرخۆیەوە دەیوت، سەیرە من بۆ وام بەسەرهاتووە هێشتا بەدیداری نەگەیشتووم خۆم پێنەماوە، لەگەڵ هەرهەنگاوێکیش کەدەینا ئەم دێڕەی بەگۆرانی وتن دەوتەوە:” بڕیاری داوە ، شتەکان کۆنەکاتەوە زۆربەجوانیش بەدیار ئەو ئێواریەوە دابنیشێت، چونکە ئەستێرەی تیادا هەڵدێت.
پیاوە بەخۆی دەگوت:” بۆئەوەی پڕۆسەکە دەست پێبکات دەبێ خێرابکەم تا ئەو دەنکی ملوانکەیەی کە لەگەردنی دەکەونە خوار سنگیەوە من دەنک دەنک ماچیان بکەم و بیان خەمە ناودڵمەوە لەوە دوا چی ڕودەدات باڕوبدات چ خەم..
تینی سەرما زیاتر دەبێ تاوناتاوێ چەند نمەیەک باران دادەکات و خاتونی سەنگین وسەلار تەواوی جلوبەرگی بارانی گرتۆتە خۆیی و دەڵێی شەونمی سەرگەڵاکانە خۆیان نمایش دەکەن.
خاتونی چاوزەرد و سیما بەفر هەرلەچاوەڕوانیدایە، ئەمیش دڵی ئەوەندە خراپ لێیدەدا هەستی دەکرد دەکەوتە ژێرپێیەکانی و خێرا هەڵی دەگرتەوەو دەیخستەوە شوێنی خۆی و ده‌يگوت:” وەرەوە شوێنی خۆت، چونکە تۆ هی کەسێکی تری گەمژە ،، ئەمەی بەدڵی ووت. بەتەواوی شپرەزە ببوو، بەڵام زۆر دڵخۆش ناهەقی نیە ئاخر بۆیەکەم جاریەتی ژوانێکی لەوجۆرە و بەدەستهێنانی ژنێک کەڕۆحیان بەدوای یەکدا ساڵانێکە دەگەڕێ کەچی لەژیاندا چاویان بەچاوی یەک نەکەوتووە جارێک نەبێ دوراو دوور لەبەردەرگای ماڵی خاتون کە چەند تێڕوانینێک و کەمێک زەردەخەنەو مشتێک باران و دواجار بەناچاری لەچەند چرکەیەکدا دورکەوتوونەتەوە لەبەردەرو دراوسێ، ئیدی دڵ ناهەقی نیە خێرا لێبدات و لەسەرخۆی نەبێ و بکەوێتە خوارەوە، چونکە بینینی ئەم جارە جیاوازە مانەوەیە بۆهەتایە لەناو ڕۆحێکی ئەبەدیدا و هاتنە دەرەوە لێی لەودونیاش ڕوو نادات
قاچی ڕاستی هەڵبڕی بۆسەرشۆستەیەکی بەرز نەیتوانی وەستا لەشوێنی خۆیداو هەناسەی توند بو قومێک ئاوی لەودەبەیەی کەپێی بوو خواردەوە لەوکاتەدا چاوی چووە سەردارێکی بەرز کەهێلانەیەکی بەسەرەوە بو کۆترێکی باڵ نەخشین ملەقوتەی بوولەناویدا و لەبەرخۆیەوە طوتي: ” ئای کۆتری داماو پێدەچێ ئەم ئێوارەیە تۆش چاوەڕێی ژوانێک بکەیت. گوڕی دایە خۆیی و بەردەوام بو لەڕۆشتن.
کەشی ساردو تێپەڕبوونی کات هۆکاربوون بۆ بوونی بایەکی بەهێز، بەڵام هەموو ئەمانە ڕێگر نەبوون لەبەردەوامی هەنگاوەکانی بۆبینینی ئەوکەسەی کەزۆر مەبەستی بوو، هەروا لەبیرکردنەوەدا بوو چۆن بتوانێ ڕوبەڕووی ببێتەوە ئاخر ئەوکەسەی بۆلای دەچێت ئەوەندە نازدارە ئاوی ڕەش وسپی لادەبات لەسەرچاو.
گەیشتە نزیکی باخچەکە لەبەردەم دوکانێکی خواردەمەنی گیرسایەوە و لةبةر خؤيةوة طوتي:” لەوانەیە خاتون برسی بێ ونانی نەخواردبێ گریمان خواردبووشی شورەییە بۆمن شتێکم بەدەستەوە نەبێ. سڵاو بەئەرک نابێ دوو لەفە گەزو د وو لەفە مریشکم بدەیتێ ئەمەی بەشاگردەکە ووت.
چاوەڕێی کرد تاوەکو بۆی ئامادەبکەن چووە ناو خەیاڵاتەوە ئەوشەقامەی ئەمی لێبو سەد مەترێکی مابوو بۆباخچەکە، بەڵام چاوی دەگێڕا بۆخاتون چاوەکانی نەدەتروکاند تەواوی شۆستەو شەقامە قیرەکەی لێببوو بەچیمەن و پەرژین و دارەکان بۆخۆی وای دەزانی لەناوباخچەکەدایە.
سەرێکی بەرزکردەوە، کوا بۆدیارنیە ئەو ژنە نەرمو نیانەی کە بەبینینی چەندین بارە دەمباتەوە تافی لاویەتیم. شاگردەکە بەئاگای هێنایەوەو لەفەکانی پێدا ئیدی زانی هێشتا ماویەتی بچێتە ناوباخچەکەوە تةنها خەیاڵێکی ڕۆمانتیکیانە بووە.
وەڕێکەوت تەواو لەسەرخۆ چوو دەلەرزی و هەناسەی بەتوندی ئەدایەوە هێشتا نەگەیشتبوە دەروازەکە ئارەقی شەرممان بەڕوخساریەوە دەبینی.
چووە ناو دەروازەی باخچەکەو وەستا بەناو تەواوی باخچەکەیدا ڕوانی هەستی دەکرد ئەم باخە لەباخێکی ئەفسوناوی باخەکانی بەهەشت دەچێت . تووشی حاڵەتێکی سەیر بوو چەند مەترێک هەنگاوی نا لەبەردەم ئاوی کۆکراوەی بارانی سەرچیمەنتۆی نزیک دەروازەی باخەکە وەستا خۆی لەئاوەکەدا بینی و دەستێکی هێنا بەسەروڕیش وقژیدا یەخەی کراسە سپیەکەی ڕێک کرد و زنجیری قەمسەڵە ڕەشەکەی کردەوە وئارەقی سەرسیمای سڕی.
سەیرێکی ئاراستەی ناودارەکانی کرد خاتونی بینی کەچۆن بەجوانی بۆی پێدەکەنێ و بێ جوڵە چاوەڕێیەتی و بەئاماژەی دەستە ناسکەکانی دەڵێ من ئەوەتا لەبەینی ئەم دوو دارەدام.
لەخۆشیدا گریان و زەردەخەنەی تێکەڵ کرد بێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە بەهیچ لایەکدا تةنها چاوەکانی لەسەر ئەوژنە بوو کە چەشنی مامزێکی تازە لەدایک بوو ملی بەرزکردبؤوە ودەیڕوانیيە ئەم..
ئەمیش بەدڵخۆشی و بەدەنگێکی نزمی ناخی گوێم لێ بوو بەمنی چیرۆک نووسی وت: ” ئیدی هەرچیەک بنووسی بێ سودە من گەیشتم بەوەی کەویستم ، من کۆتاییم پێهات تکایە کاکەی نووسەر تائێرەو بەس من بەردەوامبووم لەنووسینەکەم تابزانم عیشق واتای چیەو چۆنە.
سەرنجم دەدا دووبارە سەری دانەواند تاجارێکی تر لەئاوەکەدا خۆی ببینێ بزانێ ئامادەیە بۆچوونە بەردەمی جەوهەری ئەوعیشقەی کە خاتون پێشکەشی کردوە بەڵام نەخۆییم بینیەوە نەلە ئاوەکەشدا دەبینرا.
ئیدی زانیم لەمێژە خاتون ئەم پیاوەی لەناو ڕۆحیدا هەڵگرتووە و بەدڵیش دەیپارێزێ بۆیە جگە لەخۆیان کەسی تر نەیتوانی بیان بینێ.

ھەواڵی زیاتر