حەمەسەعید حەسەن
ڕەنگە شیعرێک کە باسی پەپوولەپاییزەیەک دەکات، لە شیعرێک باڵاتر بێت کە باسی نیشتمان دەکات، ئاخر گرنگ بابەتی شیعرەکە نییە، گرنگ بە شیعرکردنی بابەتی شیعرەکەیە. ئەگەر بڵێین: بابەتی شیعری باڵا لەناو شیعرەکەوە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتەوە ناو شیعرەکە، بە هەڵەدا نەچووین. ئەگەر بە ڕاستی شاعیر بین، ئازادیش دەبین، ئاخر ئەوی بۆ بەرزکردنەوەی پایەی شیعریی خۆی، پێویستی بە سیاسەت هەبێت، ڕەنگە ناوبانگ پەیدا بکات، بەڵام هیچ بە شیعر نابەخشێت. ئەوە زادەی هەست بە کەموکووڕی کردنە، ئەگەر بۆ سەلماندنی خۆمان وەک شاعیر، شان لەسەر بالیفی سیاسەت دابدەین، یان دارشەقی حیزب بخەینە بن هەنگڵمان. کە توانای شیعرنووسینمان شک نەبرد، سیاسەت قەرەبووی ئەو بێ توانایییەمان بۆ ناکاتەوە.
ئەگەر هەر ئەو ڕێبازە ئەدەبییە پەسەند بکەین کە لە ڕوانگەی خۆمانەوە دروستە، ئەوە پێ بزانین یان نا، لە سەنگەری فاشیزمداین، ئاخر فاشیست کەسێکە بڕوای بە فرەیی و بە جیاوازی نەبێت. ئەگەر لە بازنەی فیکرێکدا خۆمان زیندانی بکەین، ئیدی بە هیوای ئەوە دەبین، کۆمەڵ خۆی لەگەڵ ئێمەدا بگونجێنێت، نەک ئێمە لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵدا بگونجێین، ئەوسا فیکرمان وەک ئایینێکی لێ دێت، ملکەچی یاسای گۆڕان نەبێت و گوێ بە بزاڤی مێژوو نەدات.
نوێکردنەوە کە دابڕانێکی ڕیشەیییە لە کەلەپوور، لە شیعردا هەر بریتی نییە لەوەی: دەست لە کێشی دێرین هەڵبگرین و کێش بە پەخشان ببەخشین، واز لە سەروا بهێنین و خوو بدەینە شیعری بێ پاشبەند، دەستبەرداری دێڕەشیعر ببین و پشت بە ڕستەی شیعری ببەستین، واز لە زمانی حوجرە بهێنین و بە زمانێک بنووسین نزیک لە ترپەی دڵی شەقامەوە، پشت بکەینە ئاخاوتن بە ناوی کۆوە و بایەخ بە تاک بدەین، لە جیاتی ناڵەناڵ و کڕووزانەوەی ڕووکەش، دەربڕی خەمە قووڵ و وجوودییەکانی ئینسانێکی گەردوونی بین، نوێکردنەوە بە پلەی یەکەم ئەوەیە، توانای ئەوەمان هەبێت، مێژووی شیعر بکەین بە دوو بەشەوە، بەشە کۆنەکە و ئەو بەشەی لەوێوە دەست پێ دەکات، ئێمە دەستمان بە نووسینی شیعر کردووە، کاری وا مەزنیش لە گەورەشاعیرانێک دەوەشێتەوە کە لەسەر ئاستی دونیا دەگمەنن و ڕەنگە دەیان ساڵ جارێک، یەکێکیان پەیدا ببێت.
نووسینی ئەدەبی، جا شیعر بێت یان گێڕانەوە، ئەوە نییە خەیاڵ تێکەڵ بە واقیع بکەین و هیچی تر، ئەوەیە بزانین خەیاڵ بەگەڕ بخەین، ئەگەرنا ڕەنگە ئەوەی وەک ئەدەبی ڕیالیزمی ئەفسووناوی بە خوێنەری دەفرۆشین، لە درۆیەکی زل بەولاوە هیچی دیکە نەبێت. مەحالە بتوانین مامەڵە لەگەڵ فانتازیادا بکەین، ئەگەر خاوەنی دونیابینییەکی گەش و کراوە، هەستێکی قووڵ، توانایەکی گەورەی دەربڕین و زمانێکی پوخت و زەنگین نەبین. هونەری بەگەڕخستنی خەیاڵ ناکۆکە لەگەڵ ئەوەدا، هیچی هاوبەش لە نێوان ژیانی ڕۆژانە و دونیای نووسینماندا نەبێت.
لە دونیای نووسیندا، ناوبانگ ناکرێت بە پێوەر، لە نێوان نێرودا و (ڕیتسۆس)دا کە هەردووکیان کۆمۆنیست بوون، یەکەمیان بەناوباگترە، بەڵام لە ڕوانگەی (ئەدونیس)ەوە، دووەمیان شاعیرترە. ئەوە عەوام نییە کە بڕیار لەسەر کارێکی ئەدەبی دەدا، نرخاندنی ڕاستەقینە لای کەسانی شارەزایە، ئەوانەی شیعر لە وڕێنە و فانتازیا لە درۆ جیا دەکەنەوە. هەموو بەشەکانی (هاری پۆتەر)ی جەی کەی ڕۆڵینگ، کە پڕفرۆشترین زنجیرە کتێبە لەسەر ئاستی دونیا، لە ڕووی هونەرییەوە، بایەخی چیرۆکێکی کورتی (چیخۆف)یان نییە. دونیا (بەیاتی)ی دەناسی، هەرچەندە (سەرگۆن پۆڵس)ی گومناو لەو شاعیرتر بوو.
ئەگەر ئایین بایەخی بە شیعر دابا، زۆر شاعیر شیعری ئایینییان دەنووسی، بەوەیش هەم زیان بە شیعر دەگەیشت و هەم بە زمان، وەک چۆن شیعری سیاسی زیانی بە شیعر و بە زمان گەیاندووە. ئەوەی شاعیرانی سۆفی لە چەشنی حەللاج کە هەم شیعری جوانیان نووسیوە و هەم گەشەیشیان بە زمان داوە، لەلایەن دەسەڵاتی ئایینییەوە نەک هەر هان نەدراون، بەڵکوو بە زەندیقیش لە قەڵەم دراون و دووچاری توندترین سزا بوونەتەوە، ئیدی هەر لە فەرامۆشکردن و نانبڕینەوە، تا زێدبەدەرکردن و لێسەندنەوەی مافی ژیان.