چاکبوون لە گەل بێبڕوای شەڕنەکەری سەنگەر لێ نەگرتوو!

عومەر چنگیانی

بیرۆکە و هزری خەلەکی گوڵخەرمانی ئەم هەفتەیەم دەگەڕێتەوە بۆ قسە و باسێکی نێوان من و هاوڕێی سەفەرم، کە ئەوە بۆ چەند ڕۆژێکە پێکەوەین لەم هاتنەمدا بۆسەردانی پزیشکەکانم لە (ئەنقەرە)، پایتەختی وڵاتی ترکیا، ئەو هەموو دیمەنە لێکجودایانەم کردە پرسیار داخۆ ئەگەر ئێمەی مسوڵمان سەرۆکاری شوێنێک بین و حاڵی ئەم دیمەنانە چۆن دەبێت؟
کە بێگومان وەڵامەکەی بەڕێزیان وەک ئەو وەڵامە بوو کە بەداخەوە زۆربەمان لەبەرمانە و لەبریتی خوا بڕیاردانێکی زۆر و بەدۆزەخی کردن و… تا کۆتایی کە مەرج نییە ئەو بۆچوونانەیشمان دەرەنجامی شارەزایی بێت لە شەرع، هێندەی کاردانەوە و هەڵچوون و کاریگەری گوتاری سۆز ئامێزمانە، لەسەرمان، بۆیە بە ئەرکم زانی بە نەرمێکەوە بیبەمە خزمەت ئایەتەکانی ٦ – ٨ ی سورەتی”الممتحنە”، کە دوای ئەوەی لە ئایەتەکانی پێشووتردا باس لە عەقیدە و هەڵسو کەوتی ئیبراهیمی بابی پێغەمبەران– سڵاوی خوایان لەسەربێت – و شوێنکەوتووە یەکخوا ناسەکان دەکات و لایەنێکی ڕوون و دیاری “وەلا و بەرا” دەردەخات، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە کەسانێکی ئێمە ئاسا توند ئاژووییمان تێدا نەک دروست ببێت، دوور نییە سەر بکێشێت بۆ وەلانان و رەد کردنەوەی هەر هەموو شت و کەسێکی بەدەر لە هاوبیرو بۆچوونمان، دەبینین لەو سێ ئایەتەدا دەفەرمێت:
(بەڕاستی بە پێشەنگ و مامۆستا و سەرکێشی ڕێباز و کاروانی باش و چاک و جوان و جێگا ڕێز دانانتان، لەوانەوە بۆ دەستەبەر دەبێت، نەخاسمە بۆ کەسانێک کە هیوایان بەخوا و پاشان هیوای بەدەست هێنانی سەرکەوتنی ڕۆژی سەڵا و دوایی هەبێت و گەر کەسێکیش پشت هەڵبکات لەو ڕێبازە، ئەوە خوا هەم زەنگینی بێ هاوتا و هەمیش بێ نیازە لە پەرستنی هەرکەس، وەلێ هاوکات سوپاس گوزاری بێ وێنەیە بۆ ئەوانەی بۆلای ئە و دەگەڕێنەوە و ئەویان مەبەستە) – لێرە بەدواوە پەروەردە قورئانییەکە زیاتر کەسایەتیمان دادەڕێژێت – و دەفەرمێت: ( هیواتان بە الله هەبێت و لێی خوازیاربن سا بەڵکو لە نێوان ئێوە و ئەوانەی دژمنایەتیەک کەوتۆتە نێوانتان لەوان خۆشەویستییەک بخاتە نێوانتان و، بەڕاستی الله خاوەن توانای بێ هاوتایە و لێبوردە و میهرەبان و بەخشندەیە) – دوای ئەوە یەکتری قبووڵکردنەکە بە ئاستێکی تردا دەبات و قووڵتری دەکاتەوە کە مرۆڤ دەکاتە ئەوەی ئەو دردۆنگییەی زۆربەمانی تێدا دەتلێینەوە دوورییە لە زۆرێک لە تێگەیشتنە جوانەکان لە ئایەتەکانی قورئان و دەبینین دەفەرمێت: – (هەرگیز الله ڕێگریتان لێناکات لەبارەی ئەوانەوە کە شەڕیان لەگەڵ نەکردوون و لەسەر ئایین و بیرو بۆچوونی جوداتان بۆیان و دەربەدەر و ئاوارەیان نەکردوون، کە ئێوە هەڵسوکەوتتان هەم چاک بێ لەگەڵ یان و هەم قنجی و باشە و خێریشتان بۆیان هەبێت و دادپەروەرانە و ڕەفتاریان لەگەڵ دا بکەن * تەنها الله ڕێگری ئەوەتان لێدەکات کە وەلاتان بۆ ئەوانە هەبێت کە کوشت و کوشتاریان لەگەڵ کردوون و وەدەریان ناون و بوونەتە پشتیوان بۆ ئەوانەی دەربەدەریان کردوون، ڕێگری ئەوەتان لێ دەکات کە بۆ ئەوانە ببنە پشتیوان و وەلاتان هەبێت بۆیان، گەربێ و پاڵپشتی لەوان بکەن ئەوا ئەوانەن کە ستەمکارن) دیارە کە دەگەڕێینەوە بۆسەرچاوەکانی تەفسیر و فەرموودەی دروست و سیرە زۆر فەرموودەمان دێتە بەردەست کە باس لە هۆکاری هاتنەخوارەوەی ئایەتەکان دەکەن و خوێنەر دەتوانێت ئاوڕێک لە (تەفسیری ئیبنو کەسیر) بداتەوە نەخاسمە ئەو چاپەی کە تحقیقی زانستیی و تخریجی لەسەرە، وەلێ قوتابی زانستە شەرعییەکان هیچ کات نابێ ئەوە فەرامۆش بکەن کە (العبرە بعموم اللفض لا بخصوص السبب) واتە پەند و دەرس وەرگرتن لە دەقەکان گشتگیرییەکانیانە، نەک تەنها ڕەچاوکردنی هۆکاری هاتنە خوارەوە.
ئەنقەرە ٥ی ٥ی ٢٠٢٤

ھەواڵی زیاتر