بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستی نەیچێر کەمیونیکەیشنز(Nature Communications) بڵاوکراوەتەوە، چەپە بوون یان دەستە ڕاستە لە هەفتەکانی یەکەمی دووگیانیدا دەستنیشان دەکرێت و چەند جینێکی دەگمەن لە جەستەی مرۆڤە دەستە چەپەکاندا کە بەشدارە لە کۆنترۆڵکردنی شێوەی خانەکان 2.7 هێندە زۆرترە لەوەی لە مرۆڤە ڕاست دەستەکاندا دۆزراوەتەوە و زانایان پێیان وایە ئەم دۆزینەوە گرنگە دەتوانێت تێڕوانینێکی نوێمان پێبدات سەبارەت بە هۆکارەکانی پشت دیاردەی دەستە چەپبوون یان ڕاستە.
توێژینەوەکە دەریدەخات کە ئەم جینە کە پێی دەوترێت “TUBB4B”، پێدەچێت ڕۆڵی هەبێت لە گەشەکردنی ناهاوسەنگی مێشک کە بنەمای دیاریکردنی دەستە چەپە و دەستە ڕاستە.
لە زۆربەی مرۆڤەکاندا دوو نیوە یان نیوەگۆی مێشک کەمێک ئەناتۆمی جیاوازیان هەیە و هەریەکەیان بۆ هەندێک ئەرک زاڵن.
کڵاید فرانکس، زانای بایۆلۆجی لە دامەزراوەی ماکس پلانک لە هۆڵەندا و سەرۆکی توێژینەوەکە دەڵێت “بۆ نموونە زۆرینەی مرۆڤەکان بۆ زمان، نیوەگۆی چەپ تێیاندا باڵادەستە و بۆ ئەو ئەرکانەش کە پێویستیان بە بینین هەیە، نیوەگۆی ڕاستیان زاڵە.”
لە زۆربەی خەڵکدا نیوەگۆی چەپ دەستی ڕاست کۆنتڕۆڵ دەکات و لە چەپ دەستەکانیشدا، نیوەگۆی ڕاست دەستی باڵادەست کۆنتڕۆڵ دەکات. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناهاوسەنگی مێشک بە شێوەیەکی جیاواز لە چەپ دەستەکاندا گەشە بکات؟
TUBB4B کۆنتڕۆڵی پرۆتینێک دەکات کە پێی دەوترێت مایکرۆتۆبولەکان، کە پێکهاتەی ناوەوەی خانەکان دابین دەکەن. فرانکس دەڵێت ناسینەوەی گۆڕانکارییە دەگمەنەکان لەم جینەدا کە زیاتر لە کەسانی چەپ دەستدا هەیە، ئەوە پیشان دەدات کە مایکرۆتۆبولەکان ڕۆڵیان هەیە لە دروستکردنی ناهاوسەنگی سروشتی مێشکدا.
کڵاید فرانکس دەڵێت “ئێمە دەزانین کە دوو نیوەگۆی مێشک لە کۆرپەی چەپ دەست و کۆرپەی راست دەست بە شێوەیەکی جیاواز دەست بە گەشەکردن دەکەن، هەرچەندە میکانیزمەکانی پشت ئەم دیاردەیە تا ئێستا نادیارە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە راست دەستبوون دەرئەنجامێکی پێشوەختەی گەشەکردنی سەرەتایی مێشک بێت کە لەلایەن جینۆمەوە کۆد کراوە.”
دەشڵێت “بەدیلەکانی بۆماوەیی دەگمەن دەتوانن ئەو جینانە دەستنیشان بکەن کە ئاماژە بۆ میکانیزمەکانی گەشەکردنی ناهاوسەنگی مێشک لە هەموو کەسێکدا دەدەن. TUBB4B دەتوانێت نموونەیەکی باش بێت بۆ ئەم مەبەستە.”
توێژەران پێیان وایە رێکەوتیش ڕۆڵی هەیە لە چەپدەستبوونی مرۆڤدا. کلاید فرانکس دەڵێت “ئێمە پێمان وایە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، چەپ دەستبوون تەنها بەهۆی هەندێ گۆرانکاری ریکەوت لە کاتی گەشەکردنی مێشکی کۆرپەلەدا ڕوودەدات، ئەمەش بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی تایبەتی بۆماوەیی یان ژینگەیی تێیدا کاریگەر بێت.”
بەڵام چەپ دەست یان ڕاست دەست کاریگەری لەسەر ئەرکەکانی تری جەستەش هەیە. بۆ نموونە لە نێو ئەو کەسانەی کە هەندێک تێکچوونی دەروونی یان نەخۆشییان هەیە، زیاتر کەسانی چەپ دەست دەردەکەون.
بە گوتەی کلاید فرانکس، لە نێو ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا بوون، ئەگەری ئەوەی چەپ دەست بن، دوو هێندە زیاترە لەوەی ڕاست دەست بن و لە کەسانی تووشبوو بە ئۆتیزمیش بە هەمان شێوە تا سێ ئەوەندە ئەگەری زیاترە کە چەپ دەست بن.
دۆزینەوەکان لەسەر بنەمای زانیارییە بۆماوەییەکانی زیاتر لە 350 هەزار کەسە لە بنکەیەکی زانیاریدا بەناوی UK Biobank و نزیکەی 11%ی ئەو کەسانەش چەپ دەست بوون.