رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی دڵنیایی

کاوە شێخ سەلام
نەبوونی کولتووری کرێکاری لە کوردستان و ناوچەکە و ئەو دۆخە ناجۆرە داراییەی کە لەلەلایەن بەرپرسانی دەمارگیری بەغداوە بۆیان دروست کردووین و، ئەو ناتەباییەی لە ڕووی ئامانجەوە لە نێوان لایەنە بەشداربووەکانی دەسەڵاتدا بەدی دەکرێت، نادڵنیاییەک کۆی جومگەکانی ژیانی لە کوردستان گرتووەتەوە و خەڵک لە داهاتووی ژیان و گوزەرانیان دڵنیا نین.

نادڵنیایی کێشەی گەورەی بۆ سەرجەم دانیشتوان بە گشتی و خێزانە کرێکاریەکان بەتایبەتی دروست کردووە و، لەم بارودۆخەدا ئەرکی دەوڵەت قورستر دەبێت و بۆ دڵنیایی لە بەردەوامیی خۆی و سەلماندنی ئەوەی کە حكومەت لە قووڵایی خەڵدا دەژیێ و هەوڵەکانی بۆ سەقامگیریی دەروونی تاک و دڵنیاییی گشتییە و، دروستکردنی کەشێکی ئارامی دارایی و ئابووری پێویستە بیر لە چارەسەری ڕیشەیی لە سەرجەم سێکتەرەکان بکاتەوە.
دروستکردنی دڵنیایی لای تاکی کوردستانی کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر کۆی پرۆسەکان دەبێت، لەو سۆنگەیەوە ئێمە لە سەندیکای کرێکاران ڕۆژانە بەرکەوتنمان لەگەڵ یاسای ژمارە (٣٩ی ساڵی ١٩٧١ی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی) هەیە، ئەو یاسایە لە سەردەمی دەسەڵاتی (بەعس) داڕێژراوە بەهۆی ئەوەی سیستەمە ئابووریەکەی پشتی بە سۆشیالیزم بەستبوو تا ئێستاش وەک یاسایەکی باش کاری پێ دەکرێت، بەڵام ئەم یاسایە ساڵی ١٩٧١ دەرچووە و ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و بەواژۆی سەرۆکایەتیی هەرێم هەندێک خاڵ و بڕگەی لێ هەموار کراوەتەوە، لەبەر ئەوەی حکوومەتی هەرێم لە پرۆسەی هەنگاوهەڵهێنانە بەروە لیبرالیەت و سەرمایەداری پێویستە یاساکان بە سیستەمی نوێ دابڕیژرێتەوە بۆ دروستکردنی دڵنیاییەک کە لەگەڵ دۆخی نوێدا بگونجێت دەبێت جارێکی تر بە سوودوەرگرتن لە یاسای وڵاتانی پێشکەوتوو بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە دڵنیایی بۆ سەرجەم کرێکار و خاوەنکار و تەنانەت بێکاریش بگێڕێتەوە، تا ڕێگە بگرێت لە چوونەدەرەوەی گەنجان بۆ ئەوروپا و وزەکانی نەتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنرێتەوە چونکە لاوان سامانێکی نیشتمانیی گەورەن و نابێت خەمساردانە لە تووڕەیی و بێزاری و کۆچکردنیان بڕوانین.

ئەم یاسایە چوارخاڵی گرنگ لەخۆ دەگرێت:
دەستەبەری تەندرووستی: لە ( ١١ ) ماددە و چەندخاڵێک پێکهاتووە، بۆ کارئاسانی تەنیا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگی دەکەین، لە ماددەی ( ٤٥ ) خاڵی (ج)دا هاتووە:
(دامەزراندنی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی تایبەت بە کرێکاران لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سەرجەم پێداویستیەکانی چارەسەرکردن بۆ کرێکاران بگرێتە خۆی.)
وەک ئاگادارن لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو لە هەر شارێکدا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کرێکاران هەبوو بەڵام بەداخەوە دوای ڕاپەڕین لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە دەستیان بەسەردا گیرا و بۆ مەبەستی کەسۆکی یان پارتەکان بەکار هاتن و ئەو دەستکەوتە لە کرێکاران زەوت کرا و ئێستا نەخۆشخانەکەی کرێکاران لە سلێمانی دراوە بە ڕیکخراوی وەرزشکارە دێرینەکان.
لە کاتێکدا دەبوو حكومەتی هەرێم وەک هەڵقوڵاوی چینی چەوساوە و کرێکاران زیاتر گرنگی بە ژیانی کرێکاران بدایە و پەرەی بە نەخۆشخانەکان بدایە چونکە بەپێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی ( ١٪ )ی داهاتی دەستەبەر بۆ کەرتی تەندروستیە و( ٢٪ ) شی بۆ (پێکان) بەرکەوتنی کارە، کە دەکاتە ڕێژەی (٣٪) لە کۆی داهاتی دەستەبەر، لە کاتێکدا داهاتی دەستەبەر کێبڕکێ لەگەڵ کەرتی نەوت دەکات و ئەگەر ڕێگە بە لیژنەکانی دەستەبەر بدرێت کە سەرجەم کرێکاران پەیوەست بکەن بە سندووقی دەستەبەرەوە، بە پێی ئامارەکان سێهەک واتە سێیەکی کرێکاران دەستەبەر کراون ئەگەر هەموو کرێکاران تۆمار بکرێن دەکرێت کولتووری کرێکاری لە کوردستان وەک وڵاتانی پێشکەوتوو بکرێتە سەرچاوەی دڵنیایی و سوودێکی زۆریشی بۆ حكومەت دەبێت کە دەتوانێت هەم سوودی دەستەبەر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان بەکار بهێنێت و هەم سەرجەم وێستگەکانی باج دەستنیشان بکات و باجیان بەسەردا بسەپێنێت و دڵنیایی بۆ کۆی کۆمەڵگە بگێڕێتەوە.

جێبەجێنەکردنیشی لادانە لە یاسا و پێشێلکردنی مافی کرێکاران و درێژەدان بە نادڵنیایی.
دەستەبەری خانە نشینی: ئەم یاسایە لە (١٥ ماددە) پێک هاتووە، ماددەی (١٠) لە یاسای ژمارە (٤) هەموارکراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
یەکەم: دەبیت بیمەی بێکاری بۆ ماوەیەک بێت کە لە (دوو ساڵ) کەمتر نەبێت.
دووەم: لەماوەی بێکاریدا و بۆ ماوەیەک کە لە (شەش مانگ) زیاتر نەبێت بڕە پارەیەکی یەکسان بە کۆمەکی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت بە مەرجێک لە (سێ) جار تێنەپەڕێت.
واتە: هەر کرێکارێک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستەبەر کرابێت، ئەگەر بێکار کەوت دەتوانێت تا ماوەی (٦) مانگ بە مووچەیەک، کە هاوتای مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بێت لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی وەربگرێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێنمایی ژمارە (١)ــی ساڵی ٢٠١٣ سەبارەت بە بیمەی بێکاری و هەمان مەبەست دەرکردووە، بەڵام ئەم یاسا و ڕێنماییە وێڕای ئەوەی ترووسکەی دڵنیاییە بۆ کرێکاران بەڵام جێبەجێکردنی ئاسان نیە و بڕوا ناکرێت هیچ کەسێک سوودی لێ بینیبێت، بۆیە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، بە جۆرێک کرێکار یان بێکار لێی سوودمەند بێت، ئەویش بە هەموارکردنەوەی یاساکە یان دەرکردنی ڕێنمایی نوێ لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک ئەزموونکردن بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ دوورکەوتنەوە لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی و هاندانیان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت ئەویش بە دابینکردنی سەرجەم مافەکانیان بە پێی یاسا و ڕێکاری دروست و گونجاو.

دەستەبەری پێکان لە کاردا : ئەم یاسایە لە (١١) ماددە پێک هاتووە و ماددەی (٦٠)ــی هەموار کراوەتەوە و لە دوو خاڵی لای خوارەوەدا نووسراوەتەوە.
ب. ئەگەر خانەنشینێکی تووشبوو بە ناتواناییەکی یەکسان بە (٧٥٪) بەرەوژوور مرد مووچەکەی دەخرێتە سەر میراتگری.
ج. ئەگەر خانەنشینێکی تووشبوو بە ناتواناییەکی بەشەکی کەمتر (٧٥٪) مرد، میراتگری قەرەبوویەکی پێ دەدرێت یەکسان دەبێت بە مووچەی خانەنشینی تووشبووی بەشەکی لە بری چوار ساڵ، لە حاڵەتی ئەوەی میراتگری مافی مووچەی مردنەکەی نەبێت.
ئەم یاسا و هەموارە لە ئاستی خواستی کرێکاردا نیە و مەرجی سەختی بۆ کرێکاری بەرکەوتوو تێدایە و پێویستی بە وردبینی زیاترە کە زیاتر خزمەتی کرێکار بکات و دڵنیاییی بۆ دروست بکات. بە پێی ئەوەی کە (٢٪) کۆی داهاتی دەستەبەر بۆ چارەسەری کرێکاری بەرکەوتووی کار تەرخان کراوە دەبوو کرێکار دڵنیایی لە کاردا هەبێت و ترسی نەبێت و لە کاتی بەرکەوتندا چارەسەری مسۆگەر بێت، نەکو بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە کرێکاران لەسەر ئەرکی خۆی یان بە خێرومنەتی خاوەنکار هەندێک چارەسەری بۆ بکرێت، یان کە گیانیش لەدەست دەدات لەبەر ئەوەی ڕێژەی بەرکەوتنەکەی زۆر نییە، میراتگرەکانی لە میراتی مووچەکەی بێبەش ببن.

دەستەبەری خزمەتگوزاریەکان: ئەم یاسایە لە (٦) ماددە پێک هاتووە و، لە ماددەی (٨١)ــدا دەڵێت:
بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بنکە کۆمەڵایەتیەکان و نەخۆشخانەکان و باخچەی ساوایان و یانەی وەرزشی و باخچەی یاریی منداڵان و خەڵوەتگەی پیری و بنکەی مەشق و ڕاهێنان و کتێبخانەی ڕۆشنبیری و تیمی هونەری و وەرزشی شوێنی بەسەربردن بۆ کرێکاران دروست دەکات و داهاتەکەی بۆ سوودی کرێکارانی دەستەبەرکراو بەکار دەهێنێتەوە، ڕاستە ئەو یاسایە لە بەرئەنجامی سیستەمی سۆشیالیستی داڕێژراوە بەڵام دەکرێت ئێمە کە هێشتا ئەو سیستەمەمان جێ نەهێشتووە و نەگەیشتووین بە سەرمایەداری یاساکە بە بەرژەوەندی کرێکار پەیڕەو بکەین تا دڵنیایی مسۆگەر بکەین، یان سوود لە یاساکانی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرین.

لای خوارەوە چەند خاڵێک پێشنیاز ئەکەین بە مەبەستی لێوردبوونەوەی و پیادەکردنی تا بتوانین دڵنیایی بۆ هەموان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی مسۆگەر بکەین .
ا. بەڕێوەبەرایەتیی کار بە جۆرێک چالاک بکرێت بتوانێت ئاگاداری سەرجەم کۆمپانیاکان و بازاڕ ببێت و لیستێکی دروستی کار و بێکارانی لە بەردەستدا بێت و، لەلایەن فەرمانبەری کارا و دڵسۆزەوە بەردەوام ئەو لیستە نوێ بکرێتەوە و، ئۆتۆمبێلی تایبەتی پێ بێت تا بێکاران بخاتە سەر کار و بتوانێت هاوسەنگیی لە ڕێژەی کرێکاری بیانی و ناوخۆ ڕابگرێت کە بە پێی ڕێنمایی وەزارەتی کار دەبێت (٧٥٪) کرێکاری پڕۆژەکان کرێکاری ناوخۆیی بن و ڕێ نەدات ڕێژەی بێکاری لە کوردستان کە ئێستا (١٦٪) بەرزتر ببێتەوە و بەڵکو لە هەوڵی بنەبڕکردنیدا ببێت.
ب. هەر هاووڵاتیەک توانا یان ئارەزووی کارکردنی هەبێت لە ڕێی فۆرمێکی ئەلکترۆنیەوە ناوی خۆی تۆمار بکات و کارنامە (سیڤی)ــی خۆی پێشکەش بکات تا بە گورەی تواناییەکەی خۆی، کاری بۆ بدۆزرێیەوە. ئێستاکە ئەو فۆرمە بەردەستە بەڵام کاری پێ ناکرێت و نەبووە بە مایەی پشتبەست بۆ بێکاران.
ت. ڕێنمایی بەسەرجەم کۆمپانیا و شوێنی کارەکان بدرێت کە نابێت لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی کار و سەندیکای کرێکاران و بێ گرێبەستی کارهیچ کرێکارێک دابمەزرێنن .
ج. سەرجەم کرێکارانی کەرتی تایبەت بە مووچەی تەواوی خۆیانەوە دەستەبەر بکرێن و لیژنەیەکی کارامە پاش هەڵسەنگاندنی بازاڕ و دراو بڕی مووچەی چەسپاو کە ئێستا (٤٥٠٠٠٠) دینارە بۆ مانگێک بە پێی ڕۆژگار دیاری بکات و، ئێستاکە بکرێت بە سەروو (٥٠٠٠٠٠) پێنسەدهەزار دینار، بەوەش ڕێژەی داهاتی دەستەبەر بە جۆرێک بەرز دەبێتەوە کە دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی خولاوی داهات پشتی پێ ببەسرێت.
ح. سەرجەم کرێکارانی گرێبەست لە کەرتی گشتی لە باخچەکان و نەخۆشخانەکان و شوێنەکانی تر، کرێکاری دەوڵەتن، دەستەبەر بکرێن چونکە ئێستاکە ئەو کرێکارانە، هەیانە ماوەی (١٥ ساڵە) کرێکاری دەوڵەتن بەڵام ستەمیان لێ کراوە و دەستەبەر نەکراون و لە کاتی پیریدا دەبێت چاولەدەستی خەڵک بن.
د. دەوڵەت بەرپرسە لە دۆزینەوەی هەلی کار، بۆیە دەبێت بەرپرسیاریەتی ژیانی هاووڵاتیان بگرێتە ئەستۆ و بیمەی بێکاری بۆ سەرجەم خوازیارانی کار بە پێی هەندێک مەرجی ئاسایی و یاسایی وەک وڵاتانی پێشکەوتوو دابین بکات.
س. ناردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند بە دەستەبەر بۆ چەند وڵاتێک کە هیچ داهاتێکی ئامادەی وەک نەوت و کانزایان نەبێت و تەنیا لەڕێی دەستەبەرەوە ژیانێکیان فەراهەم کردووە تا هەمان ئەزموونی سەرکەوتوو بهێنن و سوودی لێ ببینن، کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەون بەوەوە دەبینن بچن لەوێ خزمەت بکەن و خزمەت بکرێن، تا ئیتر ئەو خەونە بە نیشتمانی خۆمانەوە ببینن و پێوەی پابەند ببن و خۆشیان بوێت و بەرگریی لێ بکەن.
ش. لیژنەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کارگە و شوێنی کارکردنی کرێکاراندا ڕێگەیان لێ نەگیرێت و ڕێ بدرێت سەرجەم کرێکاران دەستەبەر بکرێن تا هەمووان لە پاشەڕۆژی خۆیان دڵنیا بن، چونکە ئێستاکە هەندێک لە کارگەکان ڕێگری لە لیژنەکانی دەستەبەر ئەکەن و ناهێڵن پشکنینی کاریان بۆ بکرێت لە کاتێکدا دەیان ڕێنمایی هەیە کە نابێت کەس لە سەروو یاساوە بێت، بەڵام بە داخەوە کاری پێ ناکرێت.
ف. دروستکردنی لیژنەی دەستەبەر لە سەرجەم شار و شارۆچکە و شارەدێیەکانی کوردستان و تۆمارکردنی سەرجەم کرێکاران بۆ مەبەستی سەرەوە.
ق. ڕێکخستنی ئامارێکی درووست بۆ کرێکاران و هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی کرێکاری مافخوراو لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و لە ڕووی سەلامەتی پیشەیی و شوێنی مانەوە و خواردن و هتد، هەروەها دروستکردنی ناسنامەی دەستەبەرکراو کە لە یاساکەدا بە ڕوونی ئاماژەی پێ کراوە بەڵام بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەر جێبەجێی ناکات.
ک. دروستکردنی کولتووری کرێکاری، ئەویش بە سزادانی دارایی هەر خاوەنکارێک کە بەبێ گرێبەستی کار کرێکار دەخاتە سەر کار تا خۆی لە دەستەبەرکردنیان بشارێتەوە و سزادانی هەر کرێکارێک کە لەترسی بێکارکەوتن چاوپۆشی لە مافی خۆی دەکات.
ل. کەمکردنەوەی ڕۆتینی بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ڕێی بە ئەلکترۆنیکردنی کارەکانی و کارئاسانی بۆ پارەدانی کرێکار و خاوەنکار لە ڕێی ژمارەیەکی بانکی و ڕاییکردنی کارەکان بە خێرایی.
م. دەستکردنەوەی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران و پشتگیریکردنیان و ڕێگەنەگرتن لێیان لە چوونە ناو سەرجەم کارگە و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت بە پێی یاسای (٥٢)ــی ڕێکخستنی سەندیکایی بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی کرێکاران و خاوەنکاران و کردنەوەی خولی ڕۆشنبیری و شیکردنەوەی یاساکان بۆ تێگەیاندنیان لە گرنگیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران و ڕەوایی مافەکانیان و دروستکردنی لیژنەی سەندیکایی لە ناویاندا و دروستکردنی کەشێکی ژیاری، شایان بە هەمووان.
ن. سزادانی توندی هەر خاوەنکارێک کە ستەم لە کرێکاری ئافرەت ئەکات و ناچاری دەکات کە لەپێناوی ژیاندا خۆی بدات بەدەستەوە، ئەویش بە مەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ کرێکارانی ئافرەت و نەترساندنیان لە ئابڕووچوون و کارکردنیان و ژیانێکی سەربڵند.