هاتای لەژێر دار و پەردووی بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە

گەورە شارەوانیی هاتای لە توركیا، دەبێتە شەڕێكی یەكلاكەرەوەی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ئاكەپە، ئەگەرچی دەنگدەرانی ئەو شارە، تاوەكوو ئێستا باڵەخانە رووخاوەكانیان كە بەهۆی بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات وێران بووە نۆژەننەكراوەتەوە، بەڵام لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەكاندا خۆیان بۆ سەر سندوقی دەنگدان ئامادە كردووە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، 31ی3ی2024 ئەنجام دەدرێت، گەورە شارەوانیی هاتای، دەبێتە شەڕێكی تری دەستەویەخەی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ئاكەپە.
لوتفو ساڤاش، بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی هاتای، شانسی بردنەوەی وەكوو 2019 نییە، چونكە دوای بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات، گلەیی زۆری لێدەكرێت، كە وەكوو پێویست بەپیل داوای خەڵك نەهاتووە.
ساڤاش، لە 2009، لەسەر لیستی ئاكەپە بووە سەرۆكی شارەوانیی هاتای، بەڵام بۆ 2014، ئاكەپە لەشوێنی ئەو سەعدوڵا ئێرگینی بەربژێر كرد، ئەویش لە ئاكەپە توڕە بوو و چوە ناو جەهەپە، جەهەپەش بۆ سەرۆكی شارەوانیی هاتای بەربژێری كرد و توانی هەڵبژاردن بباتەوە.
ساڤاش، بەهۆی ئەوەی توانیبووی وەكوو سەرۆكی شارەوانیی هاتای كاری باش بكات و خەڵك لێی رازی بوو، بۆیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، دیسان لەسەر لیستی جەهەپە وەكوو سەرۆكی شارەوانیی هەڵبژێردرایەوە.
بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەركی ساڤاش قورسە، لەلایەك بەربژێربوونی ئەو بۆ چوارەم جار، دەنگدەری نیگەران كردووە و پێیانوایە دەبوایە جەهەپە، كەسێكی تری بەربژێر بكردایە، هەروەها گلەیی زۆری لەسەرە، كە لە بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات وەكوو پێویست خزمەتی ئەو خەڵكەی نەكرد، كە بەهۆی رووخانی باڵەخانەكانیان لەسەر شەقامەكاندا مابوونەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ساڤاش توانی 55.1%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بە جیاوازی 110 هەزار دەنگ لەپێش ركابەرەكەی بوو، بەڵام ئەوكات پارتی خاس، پشتگیری لە ساڤاش كرد، بۆیە دەنگەكانی زیادی كرد، بۆ ئەم هەڵبژاردنە پارتی خاس بەربژێری خۆی هەیە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیاوە لەبارەی هاتای بڵاوی دەكەنەوە، تاوەكوو ئێستا هەردوو ركابەری ئاكەپە و جەهەپە، دەنگەكانیان لە یەكترییەوە نزیكە، بەڵام دوای ئەوەی بەربژێری پارتی كار كشایەوە، كەمێك شانسی بردنەوەی ساڤاش بەرز بووەتەوە.
هاتای ئەو شارەیە كە زۆرترین عەرەبی لێیە، هەروەها 560 هەزار ئاوارەی سووری لەو شارەدا دەژین، ئەمەش ئەركی ساڤاشی قورس كردووە، چونكە بەشێكی ئەو ئاوارانە ناسنامەی توركیایان وەرگرتووە و دەتوانن دەنگ بدەن و دەنگی ئەوانیش بۆ ئاكەپەیە.
ئاكەپە، هەموو توانایەكی خۆی خستووەتە گەڕ، تا بتوانن بەربژێری پارتەكەیان دەربچوێنن. رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەئاشكرا گوتی، ئەگەر بەربژێرەكەی ئێمە سەركەوتوو بێت خزمەتی شارەكە دەكەین، بەپێچەوانەوە خزمەتی پێناگات.
ئەم گوتانەی ئەردۆغان، كاریگەریی لەسەر دەنگدەر دەبێت، چونكە شارەكە بەشێكی زۆری بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی بەركەوتووە و دەیان هەزار هاووڵاتیش بێشوێنن و چاوەڕێن باڵەخانەكانیان نۆژەن بكرێتەوە، رەنگە روو لە ئاكەپە بكەن تا ژیان لە شارەكەیاندا دەستپێبكەنەوە، ئەمەس بەگوێرەی گوتەی چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی.

كورد قورسایی چەندە لە هاتای
بۆ هەڵبژاردنی 2023، هەدەپە لەژێر ناوی هاوپەیمانیی ئازادی و كار چووە ناو هەڵبژاردن، بۆیە توانییان لە كۆی 11 كورسی یەك كورسی ببەن و 105 هەزار و 655 دەنگیان بەدەستهێنا.
بەڵام بەشێكی زۆری ئەو دەنگانە بۆ پارتی كاری توركیا بوو، چونكە ئەو پارتە، كە هاوپەیمانیی كورد بوو، لە هاتای قورسایی زۆری هەیە.
هەدەپەی پێشوو و دەم پارتی ئێستا، لە هاتای قورساییەكی زۆریان نییە، ئەوەی قورسایی زۆری هەیە پارتی كارە، ئەو پارتەش بەربژێرەكەی كشاندەوە و دەڵێن دەنگ بە بەربژێری جەهەپە، ساڤاش دەدەین، بۆیە لە هاتای كورد رۆڵی یەكلاكەرەوە نابینێت وەكوو (ئیستانبۆڵ، ئەنتاڵیا، ئەدەنا و مێرین).

ھەواڵی زیاتر