مەهدی سولێیمانیە
وەرگێڕانی زكری موسا
هەرگیز نەچوومەتە كوردستان، جگە لە جارێك لە كاتی منداڵیدا و، هەندێ وێنەی تەماویی سنەم بە بیرە. بەڵام هەردەم كوردەكان و كوردستان پەرۆشی و كەڵكەڵەی دڵ و ناخم بوونە. پەیوەندیی من و كوردستان و كوردەكان نەك بەهۆی سەفەرەوە بەڵكو بەهۆی پەیوەندییم لەگەڵ دۆستە كوردەكانم و ئەو بابەتانەوە دروست بووە كە لەم چەند ساڵەدا بە شێوەی پەراكەندە خوێندوومەتەوە. دەرئەنجامی ئەم پەیوەندییە ناڕاستەوخۆیە چەند ساڵەیەش تێكهەڵێك لە خەم و ستایش و سەرسامی بووە. كوردستان بۆ من شوێنێكی سەیرە. تێكەڵێكی نایاب لە ڕەنج و شادی و خەم و مەیل بۆ ژیان و بیرەوەرییە بریندارەكان و پاراویەكی نایاب. لە خاڵی یەكتربڕینی هەموو ئەو شتانەی كە ڕەنگبێ قەت لە تەك یەكتردا كۆنەبنەوە.
كوردستان لە دوورەوە بۆ من بریتی بووە لە دڵە پڕ لە ڕەنجەكانی ئەم ناوچەیە و ئێران. بریتی بووە لە چیڕۆكی زەبروزەنگ و پاشەكشەپێكردن، هەر لە سەردەمی پەهلەویی یەكەم و دووەم تا دەگاتە ئەم چل ساڵەی دوایی. لە ئێرانەوە بگرە هەتا عێراق و توركیا و سووریا. لە سەددام و برینەكانی هەڵەبجەوە بگرە هەتا بۆردومانە هەڕەمەكییەكانی دەوڵەتان. لە فەرهاد و خەسرەوە كۆڵەبەرە سەرمابردوو و بریندار و كوژراوەكانەوە هەتا نكۆڵیكاریی بەردەوام و پەیمانشكێنی و ناپاكیكردن لەگەڵ هیواگەلی كوردەكان. لەم وێنە سەتساڵەیەدا كوردستان بۆ من شوێنی هیلاكی و ڕەنجە. شوێنێكە تێیدا سەدەیەكە كۆتایی بە شین و گرین نەهاتووە. كوردەكان لەم وێنەیەدا بە تایبەتی كوردە سوننیەكان بۆ من نموونەی زیندووی بیرەوەرییە بریندارەكانن. نەوە لەدوای نەوە و، پشت لەدوای پشت، ڕووداو بۆ ڕووداو، كوردەكان میراتگرانی بەردەوامیی ڕەنجێكی بێپایانن.
بەڵام وێنەی كوردستان بۆ من دیوێكی تریشی هەیە: سەرزەمینی دەنگە زیندووەكان، كامكارەكان، پێزانین و ڕەسەنایەتی، شایی و ڕەنگ. شوێنێكە كە لە سەردەمی داگیركاری و تەنیاییدا دەستەكان بەیەكەوە گرێ دراون. لە چەرخی چەمانەوە و خەمۆكیدا جەستەكان بە دەنگی پڕ لە شادی دێنە سەما. ژن و پیاو و مناڵ و گەنج لە شەوقێكی ئەفسانەییدا دەبنە هاوبەش و هاودەنگ. سازیان لەدەستە و ژن و پیاو دەژەنن و دەخوێنن. ئەو ڕەنگانەی كە پڕن لە هاواری ژیان و ئافەرێنەری جووڵەن و پاشەكشە بە خەم و ڕەنجە سەدساڵەكە دەكەن.
ئەو كوردستانە كوردستانی دەنگ و هیوا و تازەییە. پێكەوە و یەكگرتوو وا هەلهەلە دەكات و دەخوێنێ و دەژەنێ كە ئێستاكە بۆ ئێرانە تژی لە خەمەكەی من كانگەی شادیە. ئێرانییەكان بۆی دەچن بۆ ئەوەی گیانێك وەرگرن و تەڕ و تازە ببنەوە و ژیانە فەرامۆشكراوەكەیان دووبارە لە باوەش بگرنەوە.
ئەمە موعجیزەكەی كوردستانە، نەچەمانەوە لە بەرانبەر سەدساڵ ڕەنج و سەركوتكاری و پەراوێزخستن. ئەمە دووبارە و دەبارە و سەدبارە بە ئاهەنگكردنی ژیان و بیستراوبوونە و لە پشتەوەی مێژووی ڕەنجدا دووبارە ژیانەوەیە لەناو بەهار و دووبارە كردنەوەی باڵەكانە. وەك بڵێی ئەزموونە دەستەجەمعیەكەی پڕ لە ڕەنجیان، هەموویان بانگێشتی شادومانییەكی دەستەجەمعی دەكات. یەكگرتنێكی پڕلە شادومانی لەبەرانبەر ڕەنجێكی دەستەجەمعی. پشتبەیەكبەستن لە بەرانبەر مێژوویەكی بریناوی.
كوردستان مامۆستامانە. بریندارە بەڵام پڕئومێدە. لەپێناو ژیاندا یەكگرتووە و پشتیان بەیەكەوە بەستووە لەبەرانبەر تۆفانێك لە شكستە دەستەجەمعییەكانیان. كوردستان بۆ هەموومان بۆ ئەوانەی بریندار و بێتوانا و كەوتوو و داماون مامۆستایە.
لە ئەفغانستانی ماندووی شەڕی نەوە و نەوە هەتا ئێرانی تووڕە و بریندار و ماندووی هەوڵە سەدانساڵەكانی بۆ ڕزگاربوون، تەنانەت بۆ عێراق و یەمەن و پاكستان و ئازەربایجان و ئەرمنستان، كوردستان مامۆستایە، كە هەموویان لە ناوچەیەكدا لەڕێدان بە پێی ماندوو و پۆرگاوی بەڵام بۆ بنیاتنانی بەیانییەكی ڕووناك ناوەستن. بەو هیوایەی لە سەدەی تازەدا كوردستانێكی تر و ئێرانێكی تر و ناوچەیەكی تر پێكەوەبنێین.
هەربژی كوردستانی خۆڕاگر.. مامۆستای ڕەنجدەر و سەرچاوەی ئیلهام و دەنگ و ڕەنگ. بە شادی بژی و زۆر بژی كوردستان