پاش بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە دابەشکردنی مووچە و بەخشینی زەوی بە فەرمانبەران و داشکاندنی کرێی ڕسومات و سزاکان گرنگترینیان بوون، هاووڵاتییانی شار و شارۆچکەکان ڕەزامەندی دەردەبڕن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە شاری سۆران هاووڵاتییانی دواندووە و یەکێک لەوان دەڵێت: “ئەم بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیران لەم ساتەدا گرنگ بوون، بەتایبەتی کەمکردنەوەی باج و ڕسومات و سزاکان و لابردنی سەدا پەنجای باجی هێنانی گۆشت.”
دوو هاووڵاتیی دیکە ڕەزامەندی و دڵخۆشیی خۆیان بەو بڕیارانە دووپات کردەوە و دەڵێن: “دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا یەکێکە لە بڕیارە هەرە گرنگەکانی حکومەت و ئەوەش کاریگەریی باشی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت.”
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا، ٩ بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندیی دۆخی ئابووریی خەڵک و کاسبکاران دا، کە بریتی بوون لە:
1- دابەشكردنی مووچەی مانگی ٢ 2- ئامادەكاریی مووچە بۆ مانگی ٣ 3- تەرخانكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناسوودمەندبوو 4- داشكاندنی ٢٠٪ی پارەی كارەبا و ئاو و هاتوچۆ 5- داشکاندنی ٥٠٪ی ڕسوماتی هێنانی گۆشت 6- داشکاندنی ٢٠٪ لە كرێی خوێندنی پارالێل 7- داشكاندنی ٢٠٪ی ڕسوماتی كرێی شارەوانیی كرێچییان 8- لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باجی کاسبکاران 9- لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی
فەرمانگەی میدیا و زانیاری