وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گەورەترین زیانمەندی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، حکومەتی فیدراڵی بووە. دەشڵێت، “دەبێت لە نزیکترین کاتدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە”.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، تا ئیستاش ڕژدە لەسەر ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بکاتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، هیچکات بە بڕیاری عێراق هەناردەی نەوت ڕانەگیراوە، بەڵکوو ئەوە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی بازرگانیی پاریس بووە.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، “زیانمەندی گەورە لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە حکومەتی عێراقی بووە”.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی ڕوونکردووەتەوە؛ دیارترین هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت تا ئیستە، ئەو کۆمپانیایانەن کە لە کەرتی نەوتی هەرێم کار دەکەن، چونکە بە گوتەی وەزارەتی نەوت، ئەو کۆمپانیایانە سەرجەم نەوتەکەیان ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت
له 25ی ئاداری 2023ـەوە کە دەکاتە ساڵێک پێش ئێستا، ههناردەی نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی بهندهری جهیهانی توركیا ڕاگیراوە. بهغدا، ههولێر و ئهنقهره خهریكی دانووستانن بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕی وزەی جیهاندا.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن، بەوەی سەرەڕای ئەوەی بۆڕی نەوتەکە ئامادەیە، بەڵام نایەوێت هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
مایڵس کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی سوودانی دەسەڵاتداری خۆی و سەرەوەری عێراق بسەلمێنێت، پێویستە لە سەردانەکەی بۆ واشنتن بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات.
مایڵس کاگنز گوتی، “ئێمە لە ئەپیکور بڕوامان وایە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن باشترین دەرفەت دەبێت بۆ ئەو بۆ ئەوەی بڕیاری دەستپێکردنەوەی وەبەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. سەرۆکوەزیران سوودانی بەرپرسە و سەرکردەی حکوومەتەکەیە. بێگومان تێدەگەم هەندێک هێزی وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییان هەیە لەسەر سیاسەتەکانی بەغدا و سیستەمی دادگای فیدراڵیی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە دەرفەتە بۆ سەرۆکوەزیران تا پیشانی بدات ئەو سەرکردایەتیی وڵاتێکی خاوەن سەروەری دەکات و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر حکوومەتەکەی و سەرکردە سیاسییەکان هەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەمەش سوودی بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەبێت”.