ڕائیب جادر – هەولێر
بە فەرمانی سەرۆک بارزانی سەد و حەڤدە یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی کەلوپەلی ناو ماڵەوە بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی شاری دھۆک دابەشکران. مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری یەک و گوڵان و نوێنەری سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند: ھەموو ئەو خێزان و کەسانەی کە بەھۆی لافاو زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە. ھاووڵاتییانی زیانلێکەوتووش سوپاسی سەرۆک بارزانی و ئەو بەھاناوەچوونەی سەرۆکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن و جەخت دەکەنەوە ئەوەی بۆیان کراوە هاوکارییەکی گەورەیە و لەو نەھامەتیانەش ڕزگار بوون کە ساڵانە لەگەڵ بارینی ھەر بارانێک ڕووبەڕوویان دەبوویەوە.
ھەفتەی ڕابردوو، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو، جگە لە گیان لە دەستدانی سێ کەس، لافاوەکە زیانی بە زیاتر لە ھەزار و پێنج سەد خێزان گەیاند و ماڵ و حاڵی لێتێکدان، ھەروەھا نزیکەی دوو سەد ئۆتۆمبێل و دووکان بەر لافاو کەوتن.
بەر لە جەژن ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی کە زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە
ڕاستەوخۆ دوای کارەساتە سرووشتییەکە، فەرماندە مەنسور بارزانی، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیانلێکەوتووانی دھۆک و زاخۆی بەسەرکردەوە. نوێنەری سەرۆک بارزانی، بەشێوەیەکی مەیدانی لە دھۆک ئەو گەڕەک و شوێنانەی بەسەر کردەوە کە بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و ھاوکات لەگەڵ پتر لە پێنج سەد پێشمەرگەی خۆبەخش و زیاتر لە پەنجا ئۆتۆمبێلی سەربازی، ئۆپەراسیۆنی خاوێنکردنەوەی شاریان دەست پێکرد. مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری یەک و گوڵان و نوێنەری سەرۆک بارزانی، دەڵێت: خەڵک بە چاوی خۆی دەبینێت، ئەوەی پێویستە دەکرێت، ھەموو شتێک لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ناکرێت، بەڵام پەیمان دەدەین لە ماوەیەکی نزیکدا کەس نامێنێت کە قەرەبوو نەکرێتەوە.
مەنسور بارزانی، گوتیشی: قۆناغی دووەمی ھەڵمەتەکانیان لە دھۆک و زاخۆ، بریتییە لە پاککردنەوەی ئەو پاشماوانەی کە لە ئەنجامی دروستبوونی لافاوەوە دروستبوونە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین و لە پاشماوەکانی لافاو پاکیان دەکەینەوە.
نوێنەری سەرۆک بارزانی، دڵنیایی بە ھاووڵاتییانی زیانمەندا کە قەرەبوویان دەکەنەوە، بەر لە جەژنی ڕەمەزان ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، قەرەبوو دەکرێنەوە.
فەرماندەی لەشکری یەک و گوڵان و نوێنەری سەرۆک بارزانی، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا پەروەردەی ئەوان بریتییە لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، ئاماژەی بە وتەیەکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد کە ئەوان خزمەتکاری خەڵکن نەک ئاغا و کوێخا، لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە و بەسەرکردنەوەی ماڵ و شوێنە زیانلێکەوتووەکان و قەرەبووکردنەوەیان، سەرۆک بارزانی ڕایسپاردوون خزمەتی ھەموو خەڵکی کوردستان بکەین لە زاخۆ تاکو خانەقین لە ھەر شوێنێک پێویست بکات، خزمەت دەکەین.
لە یەکەم ساتی لافاوەکە سەرۆک بارزانی لەسەر ھێل بووە
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دھۆک، دەڵێت: لە ڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە ئاماری تەواوی ئەو خێزانانەمان وەرگرتووە کە بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، ھەر لە یەکەم ساتی لافاوەکە سەرۆک بارزانی لەسەر ھێل بووە بۆ زانینی قەبارەی زیانەکان و بڕیاری دا خەڵکی زیانلێکەوتوو قەرەبوو بکرێنەوە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ئاشکرای کرد: دوای ئەوەی خێزانەکانی ناو سەنتەری شاری دھۆک قەرەبوو کرانەوە ئەوانەی دەوروبەری شاریش، لەگەڵ ئەوانەی ئۆتۆمبێلەکانیان زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە.
بۆ ڕووپێویی زیانەکان ھەشت تیم پێکھێنراون
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری قەیرانەکان و کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، ڕوونیکردەوە: بۆ ڕووپێویی زیانەکان ھەشت تیم پێکھێنراون و لە ناوچە جیاوازەکانی دھۆک دەگەڕێن، تا وەکو ئێستە تەنیا ئاماری سەرەتایی ھەیە و ئاماری کۆتایی ئامادە نەکراوە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دھۆک و ناوچەکانی دەوروبەری داوە و بڕیاری داوە بە زووترین کات سەرجەم ھاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو قەرەبوو بکرێنەوە، ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان زیانی پێگەیشتووە و گواستراونەتەوە ھۆتێلەکان بە ھاوکاریی حکوومەت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند خێرخوازێکی دیکە خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابین دەکرێت.
بەھۆی لافاوەوە ھەزار و دوو سەد و چل خانوو زیانیان بەرکەوتووە
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگری شارستانی دھۆک، ئاشکرای کرد، لە لافاوەکەی دھۆک ھەزار و دوو سەد و چل خانوو زیانیان بەرکەوتووە، حەڤدە خانووش بە تەواوی وێران بوونە، ھەروەھا زیان بە چل مارکێتیش گەیشتووە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی دھۆک، گوتیشی: زیاتر لە دوو سەد ئۆتۆمبێل بەھۆی لافاوەکەی دھۆک زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا پەنجا ئۆتۆمبێلیش بە تەواوی لە کارکەوتوون و بە کەڵکی چاککردنەوە نایەن، ھەروەھا سێزدە ھاووڵاتی برینداربوونە و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بێوار عەبدولعەزیز، ئاماژەی بەوەدا: پەنجا کەس لە تیمەکانی بەرگری شارستانی بە دوای تەرمەکان گەڕاون، بەڵام تا ئێستە تەرمەکان نەدۆزراونەتەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ھەر لافاوێک ڕووبدات با ھاووڵاتییان پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ـی بەرگری شارستانی بکەن بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.
لە زاخۆ زیان بەر سێ سەد ماڵ کەوتووە
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی قەرەبووی ھەموو ئەو ماڵانە دەکرێتەوە کە لە لافاوەکە زیانیان پێگەیشتووە، کە تەنیا لە زاخۆ زیان بەر سێ سەد ماڵ کەوتووە، بەشێک لە خێزانەکان ھیچیان بۆ نەماوەتەوە، خۆراک و سووتەمەنیش بۆ ھەموو ئەو کەسانە دابینکراوە کە زیانیان بەرکەوتووە، لە قۆناغی دووەمیشدا ئەو خەڵکە قەرەبوو دەکرێنەوە کە زیان بەر دووکان و شوێنەکانی دیکە کەوتووە.