پارتی بڕیارە ڕاستەكەی دا

‎هاودەنگ فارووق

لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە، تاكو ئێستا پارتی لەهەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ ئەوەی دۆخی عێراق لە گرێژنە دەرنەچێت و، هەموو پێكهاتەكانی وڵات بەگوێرەی دەستوور مافەكانیان مسۆگەر بكرێت. ئەگەر كێشە و لێك تێنگەیشتنێكیش هەبێت، هەمووان بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و، بنەماكانی بكەنە سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكان.
زنجیرەی پێشێلكارییەكانی دەستوور و زەوتكردنی مافەكانی خەڵك و پێكهاتەكان، بڕینی مووچە كە سادەترین مافی خەڵكە، ڕۆژێك لە ڕۆژان نەوەستاوە و، ئەوانەی لەپشتی بڕیاری تەنگ پێهەڵچنین و قۆرخكارییەوەن، ڕۆژێك لەڕۆژان حسابیان بۆ ئەوە نەكردووە، كە دەستوور چی دەڵێت و چۆن عێراق بكرێتە وڵاتی هەمووان.
لەچركەساتێكی گونجاودا، پارتی وەك نەریتی هەمیشەیی خۆی، هات و گوتی: ئیتر بەسە! ئیدی دەبێت گوێ بۆ لۆژیكی ماف بگیرێت، كە پارتی بەتوندی داكۆكی لێدەكات.
لەكاتێكدا پارتی ئەو بڕیارە دەدات، زۆرباش لە ئاڵۆزییەكانی ژینگەی سیاسی و هاوكێشەكانی هێز تێدەگات، دەزانێت لەكوێدا بڕیار بدات و لەكوێدا گوێ بگرێت، دەشزانێت لەكوێدا بڕیاری دووەم پێویستە.
پارتی بەئەزموونی سەدساڵ خەباتەوە، هات و ئیستی بە هەموو پرۆژەكانی گەڕاندنەوەی عێراق بۆ مەركەزییەت كرد. لەكاتێكدا ڕێڕەوی دەستوور و شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسكەی خۆی دەردەچێت، ئەركی پلەیەكی هەموو هێزە پێشكەوتنخوازەكانە بێن و بەچاوی بەرژەوەندیی باڵای هەموو پێكهاتەكان سەرنج بدەن. پرسیارەكە بۆ هەمووان ئەمەیە: ئایا قایل دەبن بەوەی عێراق بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی مەركەزی و، هەموو موقەدەراتی خەڵك بدرێتە دەستێكی نادیار كە لەپشتی پەردەی دادگەی فیدراڵییەوە دۆسییەكان بەڕێوە دەبات؟
هەموو ئەو هێز و وڵاتانەی بەشداربوون لە پرۆسەی ئازادیی عێراق و وەبەرهێنانیان لەسەر عێراقی نوێ كردووە، كۆك و هاوڕان لەسەر ئەوەی پێویستە عێراق فیدراڵی و دەستووری بێت و، لەڕێگەی سازان و تەوافوقی لایەنەكانەوە، بەڕێوەببرێت.. پاشەكشە لەم پرنسیپ و كۆدەنگییە، نەك لەخزمەتی عێراقدا نییە، بەڵكوو دەبێتە هۆی كۆتاییهاتنی تەمەنی عێراق.
بڕیارەكەی پارتی وەك بومەلەرزەیەكی گەورەی سیاسی، عەرشی ئەو خەیاڵدانەی هەژاند، كە پێی وابوو كورد دەستەوسان دەوەستێت و، ئیدی هیچ كاردانەوەیەك پیشان نادات و، تەنانەت وەك (دۆڕاویی جەنگ ) مامەڵەیان لەگەڵ دەكرد. ئەو بومەلەرزەیە گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەمووان حسابێكی نوێ بكەن و، بزانن كە پارتی لەچوارچێوەی ئۆپشنە دەستوورییەكانیدا، دەجوڵێت و كشانەوەو بایكۆتی هەڵبژاردنیش ئۆپشنی دیموكراسین و پارتی بەكاریان دێنێت، بەڵام كاریگەرییان لەسەر عێراق چی دەبێت؟ ئەوە با ئەو كەسانە وەڵام بدەنەوە، كە عێراقیان بەم ڕۆژە ڕەشە گەیاند.

ھەواڵی زیاتر