محەمەد لادێ – ههولێر
زانست مرۆڤی لە تاریكییەوە هێنایە ڕووناكیی و چاوی كردەوە. ئەوەی لەسەدەكانی ناوەڕاست بە پڕوپووچ و بێ مانا دەزاندرا، زانست كردوونی بە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانە و ئاسایی مرۆڤ. پلانك، هێرشل، كیپلەر، دەبلیو ماپ، هەبڵ، سپیتزەر، چاندرا و جەیمس وێب ئەو ئامرازانەی مرۆڤن ئەوپەڕی گەردوونیان هێنایە بەردەست. ئەوانە بەشێكن لەو تەلەسكۆبانەی بۆ دەرەوەی بەرگە هەوای زەوی نێردراون. ٩ دانەی دیكە لە ساڵی ٢٠٢٤ تا ٢٠٣٧ پلانیان بۆ داڕێژراوە. چەند هەزار هەسارەیەكمان لە دەرەوەی سیستەمی خۆری خۆمان تەنیا لە گەلەئەستێرەی ڕێی كاكێشاندا دۆزیوەتەوە. چەندین كەشتی و گالیسكەمان ناردە سەر هەسارەكانی نزیك خۆمان. چەند سەد هەزار وێنەیەكی چەندین سیستەم و هەسارەمان كۆكردەوە. هەموو ئەوانە زانست كردوویەتی. هەڵگری ئەو زانستەی ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستە پێی دەگووترا بێ باوەر و لە ئاگر دەسووتێندرا، ئیستا لە مرۆڤە هەرە بە بایەخەكانی شارستانییەتی مرۆڤە.
هەڵكەوت پشدەری، كە توێژەرێكی كوردە و لە تازەترین نووسینیدا ئاماژەی بەوە داوە كە هەرچەندە وەك وێستگەی داهاتووی مرۆڤ هەموو چاوەكان لەسەر هەسارەی مەریخن. بەڵام ژیانی مرۆڤ لەسەر مەریخ جارێ پڕ مەترسییە. كەچی مانگ وانییە، مەترسییەكان لەسەر مانگ كەمترن. دیوی تاریكی مرۆڤ بایەخی بۆ زانایانی گەردوونناسیی تێدایە. سەرەڕای ئەو تەلەسكۆبە پێشكەوتووانەی تا ئێستا هەمانبوون. لەچاو تەلەسكۆبێك لەسەر مانگ ڕەنگە هیچیان نەكردبێ. هەوڵێكی نێودەوڵەتیی هەیە تا تەلەسكۆبێكی بێ هاوتا لەسەر مانگ دروستبكرێ. ئاییندەی مرۆڤ هەر بە مانگ و هەسارەكانەوە بەندە. دۆزینەوەی نهینییەكانی گەردوونیش چارەنووسمانە. هەرچەندە ئەوەی لە ئاییندەی نزیكەوە دیارە ئەوەیە مانگ دەبێتە یاریگەی دەوڵەمەندەكان. بەڵام لە سەرێكەوە پارەی ئەوانە مرۆڤ دەگەیەنێتەوە سەرمانگ و نشینگەمان لەوێ بۆ دەستەبەر دەكات. دوای سەردەمی دەوڵەمەندەكان، گەشتیاریی بۆ مانگ بۆ بەشێكی زۆری دیكەی خەڵك بەردەست دەبێ.
ئەو توێژەرە كوردە پێیوایە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ مانگ بازێكی گەورەی زانستە، هەر زانست دەتوانێ دەستكەوتەكان بەرجەستە بكات و زۆرتر و زۆرتریان بخاتە سەر. سوودەكانی گەڕانەوە بۆ مانگ وەكو فوارە پەرش دەبێت و پەرە بە لقەكانی دیكەی زانست و تەنانەت بازرگانییش دەدات، ئاسۆی فراوانیان لێ دەكاتەوە. تەلەسكۆبەكانی سەر مانگ لە خەونی ئێستا مان گەورەترن. دانانی تەلەسكۆب لە چاڵە سارد و تاریكەكانی هەردوو جەمسەری مانگ، لەبەرئەوەی هەرگیز ڕۆژیان لێ نادات، بایەخیان بۆ زانستی گەردونناسیی تەواو نابێ. شوێنیكی نایابە بۆ دیتنی هەموو شەبەنگەكانی تیشكی خوار سوور. لەوێوە باشتر دەتوانین لە هەسارە دوورەكاندا لە ئۆكسجین، دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، فۆسفین ئه و بەكتریایانەی لەوێ دەژین، گازی میسانی ئاژەڵان دەریدەدەن، تەقینەوە ناوەكییەكان چالاكی تیشكدانیان هەیە و هەموو چالاكییەكانی دیكەی وەكو ئەوانەی مرۆڤ لەسەر زەوی هەیەتی، بگەڕێین. جارێ هەموو مەرجەكانی دەركەوتنی ژیان لە گەردووندا نازانین و ئەگەریش هەیە ئەو جۆرە گازانەی ژیان دەریاندەكات زۆر دەگمەن بن.
هەڵكەوت پشدەری دەڵێت: “بەپێی شارەزاییمان لە سیستەمی خۆری خۆمان، وا دیارە ژیان دیاردەیەكی دەگمەنە. هێشتا شارەزای ئەوە نەبووین هەلومەرجەكانی دەركەوتنی ژیانی ئاڵۆز چین. زۆر جۆری پەرەسەندنی ژیان هەن پووكانەوەی لە دوایە، ئەگەرچی ئەوەی داروین باسی دەكات لەسەر زەوی سەركەوتوو بووە، بەڵام پاڵپشت بە هەموو ئەو زانستەی ئێس هەمانە دەكرێ ژیان بە ڕێكەوت بووبێ و لە هەموو گەردووندا ئێمە تاك بی. لێرەدا ئێمە باسی ئەگەرەكان دەكەین و هیچ ئەگەرێكمان پێ یەكلا ناكرێتەوە. تەنیا لە گەلەئەستیرەی خۆماندا چەند ملیار هەسارەیەك هەن، خۆ ئەگەر ژیان دەگمەنیش بێ، ژمارەكە ئەوەندە گەورەن ئەگەری هەبوونی ژیان دێننە ئاراوه . بۆیە هەبوونی تەلەسكۆبی گەورە و نوێ لەسەر مانگ كاری گەڕانمان ئاسان دەكات. ئەوەی لەو باسەدا ئارامبەخشە ئەوەیە گەشتی نێوان ئەستێرەكان بۆ ژیانێكی زیرەك لەسەر هەسارەیەكی دیكەدا دەكرێ بەردەست بێ. ئەوە ئەگەر بەر لەوە خۆیان لە ناونەبەن.
هەروەها هەڵكەوت پشدەری دەڵێت: لە گەڕانمان بە دوای ژیاندا دەبێ لە هەسارە بچووكە ڕەقەكان بگەڕێین، ئەویش كارێكی قورسە و دۆزینەوەی ئەو هەسارە بچووكانە بە تەكنۆلۆجیای ئێستەمان، ناكرێ. لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە سەدانمان دۆزیوەتەوە و لە هیچیان دڵنیا نین دەتوانێ ژیان لە ئامێز بگرێ. سەرەڕای ئەویش دەبێ ئەو هەسارە ڕەقانە لە ناو پشتێنەی زێڕینی ئەستێرەكانیان بن، واتا نە ئەوەندە دوور بن بیبەستی و نە ئەوەندە گەرم بێ بیكوڵێنێ. ئەوەی تا ئێستا پێمانكراوە دۆزینەوەی هەسارە گەورەكانن، بەڵام ئەو هەسارە گەورە، گەرم و گازانە، بۆ ژیان گوونجاو نین. گەورەترین تەلەسكۆبی جیهان لە بیابانەكانی ئەتاكامای چیلی بە هاوێنەی ٣٩ مەتر وا دروست دەكرێ. بەڵام تەنانەت ئەویش كاری دۆزینەوەی ژیانی پێ ئەنجام نادرێ.
تەلەسكۆبەكانی بۆشایی ئاسمان بژاردەیەكن جارێ جێگرەوەمان بۆیان نییە. ئەوانیش تا ئێستا گەورەتریینیان بە هاوینەی ١٠ مەترە چونكە هەڵدانیان كارێكی زۆر بە خەرجە. تەلەسكۆبەكانمان دەبێ زۆر لەوان گەورەتربن، لەو بارەدا مانگ باشترین بژاردەمانە. ڕووی مانگ بای نییە، چونكە بەرگەهەوای نییە. كێشی كەمە بۆیە زۆر خەرجی ژیان و دروستكردنی تەلەسكۆب كەم دەبنەوە. چاڵە گەورە و تاریكەكانی مانگ، تەلەسكۆبی چەند سەد مەترییان تێدا دروست دەكرێ. تەنانەت بیرۆكەی تەلەسكۆبی ١٠٠٠ مەتریش هەیە. بەو جۆرە تەلەسكۆبانە دەتوانین هەسارەكانی ئەستێرەی ئەلفا سەنتووری، نزیكترین ئەستێرە لێمانەوە. بپشكنین. ئەگەر زەریا هەبێ دەیبینین و ڕووناكی شاری گەورە لەسەر هەسارەكانیمان بۆدەردەكەوێ.
دروستكردنی تەلەسكۆبی شەپۆلە درێژەكانی ژێر سوور لەسەر مانگ، دەمانباتەوە سەرەتاكانی دروستبوونی گەردوون. چەندی لە تەقینەوەی بیگ بانگ نزیك دەبینەوە، ئەوەندە زانستمان دەوڵەمەندتر و وەڵام بۆ پرسیارەكانمان بەردەستتر دەبن. بە درێژبوونی ئەو شەپۆلانەی ژێر سوور ئەوەندە لاوازدەبن، تەلەسكۆبەكانی ئێستامان نایانبینن. بەشێكی دیكە لەبەر ئەوەیە بەرگەهەوای زەوی پەرشیان دەكات و ناگەنە تەلەسكۆبەكانی سەر زەوی. هەرچی تۆڕەكانی مۆبایل، ڕادارەكانی دەریاوانی، ئێستگەكانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مرۆڤ ڕێگرن لەوەی ئەو شەپۆلە درێژانە وەرگرین. ئەو تەلەسكۆبانەی لە دەرەوەی بەرگەهەوان، بۆ ئەو مەبەستە بچووكن. ئەو جۆرە گرفتانە لەسەر مانگ نیین. بۆ نموونە ئەگەر بتوانین شەپۆلەكانی ٣٠ مێگاهێرتز وەرگرین، ئەوا گەردوونی پێش دروستبوونی هەموو گەلەئەستیرەكان، دەبینین. ئەو سەردەمەی پێێ دەگووترێ سەدە تاریكەكانی گەردوون، تا ئیستە دەستمان پێێ نەگەیشتووە و سەرچاوەی زانیاریی یەكجار بەنرخی سەرەتای گەردوونن، تەنانەت دەكرێ پێمان بڵێ سەرەتای گەردوون بیگ بانگ بووە یان نا.