هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

له‌ خولی پله‌ یه‌كی عێراقی ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ به‌غدا رووبه‌ڕووی جنسیه‌ ده‌بێته‌وه‌

له‌ خولی پله‌ یه‌كی عێراقی، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی میوانی یانه‌ی جنسیه‌ی به‌غدایه‌، یارییه‌كه‌ش ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌‌ له‌ یاریگه‌ی تاجی له‌ شاری به‌غدا كاتژمێر (2:00)ـی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م یارییه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی گرینگ و چاره‌نووسسازه‌.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خولی پله‌ یه‌كی عێراقی، دوازده‌ یانه‌ی به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، كه‌ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، یه‌كێك له‌ ركابه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه، به‌ راهێنه‌رایه‌تی مه‌حمود مه‌جید، به‌شێویه‌كی با ش خۆیان خۆیان بۆ خوله‌كه‌ ئاماده‌كردبوو، ئێسته‌ش به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 20 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌می خوله‌كه‌ دێن، كه‌ ته‌نها خاڵێك له‌ دواوه‌ی یانه‌ی كه‌ربه‌لاوه‌ن.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر پارێزگاری له‌ پێگه‌ی خۆی ده‌كات، ره‌نگه‌ به‌ به‌هۆی یه‌كسان بوون یا شكستی كه‌ربه‌لا پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌شی وه‌ربگرێت، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی پشتی به‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاوی كوردستان به‌ستووه‌، تا ئامانجه‌كه‌ی بهێنێته‌دی.
نوێنه‌ره‌كه‌ی سلێمانی له‌ كۆی 9 یاریی 6 بردنه‌وه‌ و 2 یه‌كسان و دۆڕانێكی هه‌یه‌، 17 گۆڵی كردووه‌ و 5 گۆڵی لێكراوه‌، به‌ 20 خاڵ له‌ خانه‌ی دووه‌م دێت، ركابه‌ره‌كه‌یشی كه‌ یانه‌ی كه‌ربه‌لایه‌ له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی به‌حری ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ره‌فته‌ێكی باشه‌ تا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ وه‌ربگرێت.
جنسیه‌، ئامانجیان ته‌نها مانه‌وه‌یه‌ له‌ خولی پله‌یه‌كی عێراقی، له‌ كۆی 9 یاریی رابردوو ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ و له‌ 5 یاریی یه‌كسان بوونه‌، 3 دۆڕانیشیان هه‌یه‌، 11 گۆلیان كردووه‌ و 13 گۆڵیان لێ تۆماركراوه‌، ته‌نها 8 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خوله‌كه‌ دێن.
له‌ خولی پله‌ یه‌كی عێراقی دوو كۆمه‌ڵه‌ یاریی ده‌كه‌ن، كه‌ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و گازی باكوور له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ن، به‌ڵام گازی باكور به‌ 6 خاڵ له‌ كۆتا ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت.
له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می خولی پله‌ یه‌كی عێراقی، دهۆك به‌ 20 خاڵ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرتووه‌، یاریی ئه‌مجاره‌شی له‌ شاری به‌سڕه‌ له‌ دژی رومادی ده‌بێت، كه‌ رومادی له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌ دێت.
یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی پله‌یه‌كی عێراقی به‌ شێوه‌ی چوون و هاتن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ كۆتاییدا ته‌نها سه‌روو كۆمه‌ڵه‌كان بۆ خولی نایابی عێراقی سه‌رده‌كه‌ون، هه‌ردوو یانه‌ی دهۆك و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی چاویان له‌وه‌یه‌ بگه‌نه‌ ریزی خولی نایابی عێراقی.