دوای نزیكەی 50 ساڵ لە كۆچی دوایی كچە شاعیرێك، بەشێك لە هۆنراوەكانی لە ئەلبومێكدا بڵاو كرانەوە كە هونەرمەندی گەورەی گۆرانیبێژ (عەدنان كەریم) و چەند کچە گۆرانیبێژێك، گۆرانییەكەیان چڕیوە.
ئەلبومی (زەینەب خان؛ كچە كورد) کە رێكخراوی هیوا فاوندەیشن ئەركی بەرهەمهێنانی گرتووەتە ئەستۆ و نزیكەی دوو ساڵە كاری لێ دەكرێت، رۆژی شەممە لە كۆنگرەیەگی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ئەلبومەكە بڵاو كرایەوە.
زەینەب مەلا رەئوف خادمسوجادە ناسراو (زەینەب خان) لە ساڵی 1900 لە شاری كۆیە لەدایك دەبێ؛ ئافرەتێكی زیرەك و لێهاتوو بووە و زمانی عەرەبی، فارسی و توركییشی زانیوە، بەرهەمی شیعر و پەخشانی لە گۆڤاری گەلاوێژدا لە ژێر ناوی (كچە كورد) بڵاو كردۆتەوە و خوشكی گەورەی شاعیری ناودار دڵدار بووە، لە ژێر رێنمایی ئەودا ژیانی ئەدەبیات و نووسینی پەیڕەو کردووە.
(زەینەب خان) كاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی دڵدار، بەڵام لەو زەمەنەدا بۆ دڵدار ئاسایی بووە كە دەركەوێت و بناسرێت کەچی ئەمە بۆ خوشكە گەورەكەی ئەستەم بووە.
زەینەب خان سەرەڕای نووسین و بەرهەمی ئەدەبی، نیشتمانپەروەرێكی دڵسۆز، چالاكوانێكی سیاسی و داكۆكیكاری مافی ئافرەتانیش بووە، زەینەب خان لە سەرەتای ساڵی 1963 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كردووە.
(شیرین سائیب) بەڕێوەبەری رێكخراوی هیوا فاوندەیشن لە پەرتووكی ئەلبومەكەدا نووسیویەتی، بەرهەمی زەینەب خان – كچە كورد، لە كۆكردنەوە و ئامادەكردنی عەبدوڵا زەنگەنەیە، هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە “خەونەكان هەمیشە ئەو كاتانە جوانتر دەبن كە هاوبەشییان پێ دەكرێت و دەبنە خەونی كەسەكانی دیكەش”.
شیرین گوتویەتی “هەروەك چۆن موعجیزەیەك روو بدات لە میانەی گفتوگۆیەك لەگەڵ هونەرمەند گەورە (عەدنان كەریم)دا، زۆر دڵخۆشی كردین بەوەی كە دیتمان هەمان خەون و خولیای ئێمەی هەیە بۆ دروستكردنی پڕۆژەیەكی هونەری كە ئەم هۆنراوانەی زەیبەب خان لەخۆ بگرێت و هەر لێرەوە خەونەكانمان تێكەڵ بوون و پڕۆژەی دروستكردنی ئەم ئەلبومە لەدایكبوو”.
شیرین سائیب روونی كردووەتەوە “حەز و خولیای مامۆستا عەدنان کەریم بۆ شیعر و سەلیقە بەرزەكەی توانیی تام و چێژێكی وەها بە هۆنراوەكان ببەخشێت هەروەكو ئەوەی زەینەب خان زیندوو بكاتەوە و بووە هۆكارێكیش بۆ زیندووهێشتنەوەی ئامانجی ئەم پڕۆژەیە كە ئەویش پێدانی دەنگ و رەنگ و ناسنامەی ژنە بە موزیكی كوردی”.
ئەلبومەكە لە نۆ گۆرانی پێك هاتووە؛ شاری مەعریفەت، جامی دڵ، بەهای شێتی، پەیامی گوڵ، رازی دڵ، گەوهەری شێتی، مەیلی وەفا، گوڵشەنی لەیلا و مەجنون، كەركوك، کە عەدنان كەریم، رێناس وریا، كڵپە، لاڤە – چیا و، كەویار چڕیویانە.
عەدنان كەریم لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند، مایەی خۆشییە بۆ ئەوان كە لە ماوەی دوو ساڵدا توانیان ئەم كارە بكەن، چونكە خۆشی پێشتر ویستبووی كار لەسەر ئەم هۆنراوانە بكات، بەڵام دواتر لەگەڵ هیوا فاوندەیشن پڕۆژەكەیان جێبەجێ كردووە.
عەدنان كەریم وتی “زەینەب خان ژنە شاعیرە و هەر لە شەستەكانەوە ئەو كارانەی كردبووی و چەندین دەستنوسی هەبوون بەڵام ون بوون، دڵتەنگین دوای ٥٠ ساڵ ئەم شیعرانە فەرامۆش كراون، چونكە ئەو خاتوونە لە پەنجاكاندا شیعری مۆدێرنی نووسیوە”.
هەروەها رێناس وریا، كچە گۆرانیبێژ خۆشحاڵی خۆی بە پڕۆژەكە راگەیاند و سوپاسی هیوا فاوندەیشن و عەدنان كەریمی كرد بۆ هاوكاریكردنیان لەو ئەلبومەدا كە شاعیرێكی توانا هۆنراوەكانی نووسیوە و ئەوانیش كردوویانە بە گۆرانی.
كڵپە، گۆرانیبێژێكی دیكەیە كە لە ئەلبومەكەدا گۆرانیی وتووە و وتی “زۆرمان پێ خۆشە لەم ئەلبومەدا بەشدار بووین؛ شەونخوونییەکی زۆرمان پێوەی چەشت، چونكە ئەم كارانە بۆ ئافرەت زەحمەتە، بەڵام توانیمان بیكەین”.