شەڕی پیرۆز و سەنگەری ئاشتی

حەمەسەعید حەسەن

لە قورئاندا کەس هاوتای خودا نییە، بەڵام ئادەم لەوپەڕی باڵاییدا خوڵقێندراوە. لە قورئاندا ژن و پیاو، پێکەوە لە بەهەشتدا دەژین، ئەوەی ژن لە پەراسووی پیاو چێ کراوە، لە قورئاندا نییە. لە هەر سێ کتێبە (ئاسمانی)یەکەدا فەرمانڕەوای ستەمکار وەک نموونە، لەوانەی حوکمی ئاشوور و بابل و میسریان کردووە، کەسانی لووتبڵند و سەرلێشێواو بوون و خۆیان بە خوداوەند زانیوە. (هوبریس) کە وشەیەکی یۆنانییە و بە مانای بزربوون و سەرلێشیوان دێت، ئەوەیە ئینسان ئەو سنوورانە ببەزێنێت کە خودا کێشاونی و لە گەورەییدا خۆی بە هاوتای خودا بزانێت. نەمروود، فیرعەون، نەبووخوز نەسر، هیرۆدس و ئەسکەندەری گەورە، نیرۆن، کالیگۆلا، هەنری هەشتەم و ئیڤانی ترسناک، هەموو خۆیان بە خودا دەزانی، هەرچەندە بەگوێرەی قورئان، گەورە و توانا هەر خودای مەزنە. (حەج ٦٢) پەرستگە بۆ خواپەرستی ڕۆ دەنرێت، نەمروود قولـلەی بابلی بۆ دژایەتیکردنی خودا ڕۆ نابوو.

باوەڕدار وەک چۆن بۆ دەربازبوون لە تەڵەی شەیتان، پشت بە خودا دەبەستێت، بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی فەرمانڕەوای خۆ بەزلزانیش، هانا بۆ خودا دەبات، ئاخر شەیتان و فیرعەون وەک یەک، سیمبۆڵی لووتبڵندین؟ لەکن ئیسلام ئەگەر خۆمان بە زل بزانین، ڕێ بزر دەکەین و لە خوداناسی دوور دەکەوینەوە، چونکە لووتبڵندی ئینسان نابینا دەکات، ئەوە ملکەچییە بۆ خودا، دڵ ڕۆشن دەکاتەوە. لووتبڵندی و دەوڵەمەندی دوو دیوی یەک کێون، بەپێی ئینجیل، ئەوە ئاسانترە، حوشترێک بە کونی دەرزییەکدا بچێت، لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە بەهەشتەوە. سەروەختی یەهوویاقیم (٦٠٩ – ٥٩٨ پ. ز.) کە پاشایەکی زاڵم بوو، پاشایەک گاڵتەی بە تەورات دەهات و چی خودا پێی ناخۆش بووایە دەیکرد. ئیرما پەیامهێن گوتوویەتی: (دۆزەخ جێگەی ئەوانەیە، لەڕێی ستەمەوە خانوو ڕۆ دەنێن و کۆشک بڵند دەکەنەوە.) هەر هەمان پەیامهێن دەیگوت: (دۆزەخ جێی ئەوانەیە کرێی کرێکار نادەن،) کەچی پزیشکەبانگخوازێکی سەلەفیی کورد دەیگوت: (ئەوە ڕێگەپێدراوە، لە بەیانییەوە تا ئێوارە، ئیش بە کرێکاری ئێزدی بکەیت و کرێی نەدەیتێ.)

وەک چۆن کۆچی موحەممەد لە پێناوی ئازادیدا بوو کە لە مەککە لێی زەوت کرابوو، دەرچوونی ئیبراهیم لە ئوور، (ئەوسا پایتەختی قەڵەمڕەوی سۆمەر بوو) موسا لە میسر و عیسایش لە قودس، هەڵاتن بوو لە کۆیلایەتی. خودا هەر بەوە کۆمەکی موسای نەکرد، کە زەریای سووری بۆ خۆی و قەومەکەی دوو لەت کرد، بەڵکوو دواتر لەو بیابانەدا، هەم (ئاردی ئاسمانی)ی بۆ هەناردن، هەم ئاویشی فریا خستن. بەپێی قورئانیش ئەگەر خودا بخوازێت، هەر کەس و گرووپێکی بوێت، بە هانایانەوە دەچێت. (ئاسن ٢٩) موسا بە میللەتەکەی دەگوت: مەترسن خودا لەبری ئێوە شەڕ دەکات، لە شەڕی بەدریشدا، خودا دایکردە بارانێک، خەڵکی مەککەی لە جووڵە خست و لەشکری ئیسلامی سەرخست. (لە بەدردا ئەوە خودابوو ئێوەی سەرخست، هەرچەندە کەم و بێهیزیش بوون. ئال عیمران ١٢٣) وەک چۆن وەحی لە مانگی ڕەمەزان (هەیڤی نۆیەمی ساڵی مانگی)دا هات، سەرکەوتنەکەی شەڕی بەدریش لە هەمان مانگدا ڕووی دا.

ئیبراهیم بە باوکی گوت: (چونکە بت بە خوداوەند دەزانیت، بتێک کە نە هیچ دەبیستێت، نە هیچ دەبینێت، نە سوودی هەیە، نە زیان، کەواتە تۆ سەرلێشێوایت.)(مەریەم ٤٢) موحەممەدیش هەر هەمان شتی بە خەڵکی مەککە دەگوت. وەک چۆن ئیبراهیم لەتاو زوڵمی نەمروود هەڵات، موسایش هەر وای کرد، لە دەست جەوری فیرعەون هەڵات. عیسایش کە هەستی کرد، قودس بووە بە مەڵبەندی ستەم، بەجێی هێشت. وەک چۆن موسا خۆی و قەومەکەی لە میسر هەڵاتن، عیسایش هەر وای کرد، خۆی و شوێنکەوتووانی قودسیان بەجێ هێشت. موسا بە شەو میسری بەجێ هێشت، موحەممەدیش هەر بە شەو لە مەککە کۆچی کرد. جوو بەبۆنەی دەربازبوونی موساوە لە میسر بەڕژوو دەبن، موسوڵمانان بەو بۆنەیەوە کە موحەممەد لە مانگی ڕەمەزاندا ئیلهامی بۆ هاتووە، ئەو مانگە بە ڕۆژوو دەبن.

موحەممەد تا لە مەککە بوو، سووکایەتی پێ دەکرا، ستەمی لێ دەکرا، ناتۆرەی (درۆزن)ی وەدوو دەخرا، ژیانی لەژێر هەڕەشەدابوو، پلان بۆ شاربەدەرکردن و تەنانەت کوشتنیشی دادەنرا. لە ٦١٥ی زایینیندا، کە دەکاتە پێنج ساڵ دوای دابەزینی یەکەم سوورەتی قورئان، هەندێک لە شوێنکەوتووانی موحەممەد لەدەست ستەمی بتپەرستانی مەککە، بۆ حەبەشە کۆچ دەکەن، ئەوسا (نەجاشی)ی کریستیان، لەوێ فەرمانڕەوا دەبێت، دلۆڤانانە پێشوازییان لێ دەکات و کە یەکێکیان سوورەتی مەریەمی بۆ دەخوێنێتەوە، کە تێیدا مژدەی لەدایکبوونی عیسا بە مەریەم دەدرێت، لێیان دەگەڕێت لە حەبەشە بمێننەوە. نەجاشی بە مانای پاشا یان فەرمانڕەوا دێت، خۆی ناوی ئەسحەمەی کوڕی ئەبجەر بووە.

ئاخۆ ئەوانەی لە دەستی ستەمکاری هەڵدێن، کە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، دادپەروەری دەچەسپێنن؟ پەیامهێنان لەسەر ئەوە هاوڕان کە دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا، ڕەنگە دەسەڵاتدار فریو بدات، خراپ بەکاری بهێنێت. کە یوسف دەبێتە دەسەڵاتدار لە میسر، دواتر تۆڵە لە براکانی ناکاتەوە کە وەک کۆیلە فرۆشتبوویان، دەسەڵات لە قازانجی گەلەکەی وەگەڕ دەخات، نەک بۆ یەکلاییکردنەوەی کۆنەقین. قورئان بەو مەبەستە بەسەرهاتی یوسف دەگێڕێتەوە، تا موحەممەدیش کە بە سەرکەوتوویی بۆ مەککە گەڕایەوە، شوێنپێی یوسف هەڵبگرێت. کێشەکە ئەوەیە، خەڵکانێک کە لە کۆیلایەتی ڕزگاریان دەبێت، دەستبەجێ ڕێیان ناکەوێتە خاکێکەوە، تژی لە شیر و هەنگوین.

ستەمکاری زادەی خراپ کەڵکوەرگرتنە لە دەسەڵات و سامان. دەسەڵات و سامان دووانەیەکن ئەمیان ئەویان بەرهەم دەهێنێت و ئەگەر بە زۆری و چڕی لای هەر فەرمانڕەوایەک کۆ ببنەوە، ستەمکاری وەک قاروون، فیرعەون، یان نەمروود بەرهەم دەهێنن. لای هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە، خودا پاداشتی ئەوانە دەداتەوە کە چاکە دەکەن، نەک ئەوانەی سامانی زۆر خڕ دەکەنەوە، ئاخر قاروون کە ڕەمزی سامانە، بەرهەمهێنی خراپەکارییش بوو، ئەوە سامانی زۆریش بوو، وەها فیرعەونی فریو دا، خۆی بە خوداوەند بزانێت.

ئاوێنەی میران، کتێبێکە ئێراسموس (١٤٦٦ – ١٥٣٦) بۆ ئیمپراتۆر: چارڵسی پێنجەمی (١٥٠٠ – ١٥٥٨) نووسیوە، تێیدا باسی هەڵسوکەوتی میرێکی کریستیانی نموونەیی دەکات، کە دەبێت دەرک بە ئەرکی سەر شانی، لە بەرانبەر بە گەلەکەیدا بکات، نەک هەر بیر لە مافەکانی خۆی بکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە کتێبێکە تەواو دژ و ناکۆکە لەگەڵ کتێبی (میر)ی (نیکۆڵای مەکیاڤێللی)دا کە لە ١٥١٣دا نووسیویەتی و تێیدا جەخت لەسەر: (ئامانج پاساو بۆ ئامراز دەبینێتەوە،) دەکات. لای ئێراسموس پێویستە میری کریستیان، پێوەندییەکی قووڵ بە گەلەکەیەوە گرێی بدات، گەل پەسەندی بکات، هانا بۆ توندوتیژی نەبات، ملکەچی یاسا ببێت، یاسایەک کە لە خزمەتی قازانجی گشتیدایە. بەگوێرەی ئاوێنەی میران، ئەو خەڵکە هەموویان بران، بۆیە نابێت هیچ کێشەیەک بە شەڕ یەکلایی بکرێتەوە، ئاخر شەڕی دادپەروەرانە یان پیرۆز، هیچ نییە لە دووڕوویی بەولاوە و ئەوی بە هەق سەر بە مەسیح بێت، هەمیشە لە سەنگەری ئاشتیدایە.

ھەواڵی زیاتر