سەرانی عێراق و پەیامی بلینكن

‎هاودەنگ فارووق

دەستەڵاتدارانی عێراق پێویستە لە پەیامی سەركردایەتیی كورد و هاوپەیمانان تێ بگەن، كە هیچ عاقڵمەندییەکی تێدا نییە وڵاتەكە بەرەو تاكڕەویی ببەن و لە دیموكراسی و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی وڵاتەكە بەتایبەت كورد دوور بکەونەوە، چونكە وەک ئاشکرایە عێراق لە سایەی بێمشووری و ئەو سیاسەتەی ئێستاوە بەرەو وێرانكاری و كۆتاییی خۆی هەنگاو دەنێت، ئیدی چ پێویستە سەرانی شیعە، بەردی بناغەی ماڵەكەی خۆیان دەر بهێنن و بەدەست و دەسیسەی وڵاتێكی ئیقلیمی لەبناغەوە بیڕووخێنن.
ئەگەر حكوومەتی عێراق، لە ڕێچكەی سیستەمی هەماهەنگی و شەراكەت و تەوازن، كە دەستووری وڵاتەكەی لەسەر بنیات نراوە و زەمانەتی مانەوەی وڵاتەکەیە لا نەدات و بە چاوی ئایندەبینی سەیری داهاتووی خۆی و پێگەی دەوڵەتی عێراق بكات، پێویستە هەرێمی كوردستان وەك ئەو هەرێمە بەهێزە قبووڵ بكات و مامەڵەی لەگەڵدا بكات، كە قەوارەیەكی دەستوورییە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قبووڵ كراوە.
وەك لە پەیامی دوای كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی ئەمریكاو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستانیشدا هاتووە ناكرێت حكوومەتی عێراق لەلایەكەوە خۆی بە هاوپەیمانی ئەمریكا بزانێت و، ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی لەگەڵیدا هەبێت، بەڵام لەلایەكی دیكەوە، هەوڵی لاوازكردن یان هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان بدات! و بە فیتی لایەنێکی ئیقلیمی تەنگژەی بۆ دروست بکات و فشاری بخاتە سەر.
ئەو پەیامەی ئەمریكا لە زاری وەزیری دەرەوە ناردی، دروست، ئاراستەی ئەو خەیاڵەی بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و گرووپە وەلائیەكانی كرا. سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان و، داڕشتنی سیاسەتی نوێ بۆ دروستكردنی پێوەندیی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەسەر بنەمای پەیامەكانی بلینكن، ئەركی حكوومەتی عێراقە، ئەگەر باش لەپەیامەكانی تێگەیشتبن.
لە هەر حاڵێكدا، بەرپرسانی بەغدا دەبێ ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو بێ، یان ئەوەتا هەوڵ دەدەن بۆ سەقامگیریی ئاشتەوایی و لێ دەگەڕێن عێڕاق ببێتە وڵاتێکی ئارام و بەرەو پێشکەوتن هەنگاو بنێت، یان ئەوا بەدەستی خۆیان دەیکەنە کاولستانێکی خوێناوی و تاوانەکەشی لە ئەستۆی ئەوان دەبێ.

ھەواڵی زیاتر