دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ڕۆشنبیر کێیە و چ ڕۆڵێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی لە ئەستۆدایە؟

سەرۆ قادر

   ڕۆشنبیر لە ناو هەموو میللەتاندا دیاردەیەكی گشتییە. هەبوونیان زۆر كاریگەرە، لە هیچ وڵاتێكدا جموجۆڵی كۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت ئابوورییش، وە بوارەكانی دیكەش پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵگەوە دروست نابێت، ئەگەر ڕۆشنبیری تایبەتی خۆیان نەبێت. ڕۆشنبیران ئەو كەسانەن كە لە پێویستییەكانی ئەو قۆناغەی كۆمەڵگە تێدەگەن، توانای ڕوونكردنەوە و تێگەیاندنیان هەیە، توانای بینینی كەموكوڕییەكانیان هەیە، سروشتیان جۆرێكە ناتوانن بەسەر كەموكوڕیدا پاز بدەن، ڕەخنەكانیان بۆ بونیاتنانە نەك بۆ ڕووخاندن. بەم شێوەیە ئەگەر كۆمەڵگە كۆمەڵگەیەكی یاسایی و سەقامگیر و لەسەر بنەمای زانست بەڕێوە بچێت، ڕۆشنبیران بە هێمنی لە هەموو دامودەزگە و بوارەكانی كۆمەڵدا كار دەكەن، بێ ئەوەی كە زۆر دیار بن، وەكوو ئەوەی ئێمە لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەبینین، ڕۆشنبیران پتر بە كتێبەكانیان و وانەكانیانەوە دەناسرێن، كەمتر هەیە كە گرفتی زۆر هەبن و بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی لە ئەنجامی بیركردنەوەی ئەوان و بیروباوەڕەكانیان دروست بێت، بەڵام لە كۆمەڵگەی وەكوو ئێمەدا كە تاكوو ئێستا سەقامگیر نییە و تاكوو ئێستا ئازاد نییە، میللەت باش پەروەردە نەبووە و تاكوو ئێستا بیروباوەڕی كۆمەڵایەتی بە شێوەیەكی ئەوتۆ ڕێك نەخراوەتەوە كە بە كەڵكی ژیان بێت و كەموكوڕیی زۆر تێدایە، بۆیە ڕۆڵی ڕۆشنبیران یەكجار زۆرە.

ئینجا لەو بوارەدا، ڕۆشنبیر كەسێكە كە جارێ لە ڕووی تیپی كەسێتییەوە، یەكێكە لە تیپەكانی ناو كۆمەڵگە، وەكوو چۆن دەبینین تیپی تایبەتی هەیە دەبێت بە ژەنەڕاڵێكی باش، كە كاروباری وڵات و ئەو ئەركانەی لە پێش سوپادایە، عەقڵی پێ دەشكێت، دەیزانێت، توانایی تێدا هەیە، سەركردایەتی تێدا، سەركەوتنیشی تێدا بەدی دێنێت، لە كۆتاییدا وڵاتەكەش دان بەوەدا دەنێت پێویستیی بەو سەربازییانە هەیە كە سوپای وڵات بەڕێوە دەبەن، لە بوارەكانی دیكەش وایە، مرۆڤەكان وا دابەش بوونە، مرۆڤ یەك تیپ نییە، جیاوازی لەنێوان مرۆڤەكان بەقەد پەنجەمۆری مرۆڤە، بەقەد مۆری چاوی مرۆڤە، هیچ كەسێك وەكوو ئەوەی تر نییە. لەم زەمانەدا هەموو شتێكی مرۆڤ زانست یەكلای كردووەتەوە. هەموو توانا و تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ لە زانستدا بە نزیكەیی ئاشكرا بووە و كەوتووەتە بەر دەست كە دەتوانین خۆمانی پێ بناسین. ئەوە وای كردووە كە جیاوازیی نێوان تیپەكانی كەسایەتییش هەبێت، دەبینی كەسێك هونەرمەندە، هەیە مۆسیقییە، سیاسییە، ئابوورییە، ئەدیبە، هەموو ئەو بوارە جیاجیانەی كۆمەڵگە. ئەو بوارە جیاجیایانەی كۆمەڵگەی مرۆڤ، هەموویان پێویست و خۆشن، مرۆڤ بەوە كامڵ دەبێت و ڕۆشنبیریی خۆیان لەو بوارانە دروست دەكەن. بۆیە ڕۆشنبیر ناتوانێت لە یەك بوار شارەزا بێت، لە یەك بواردا شارەزایە. لەو بوارەشەوە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگە دروست بكات، بیروباوەڕ بڵێ، ڕەخنە بڵێ، پێشنیار بكات، وە پاسەوانێكی باشی مافەكانی مرۆڤ بێت.

بەڵام ڕۆشنبیران بە گشتی، هەیە لە بواری سیاسی شارەزایە، هەیە لە بواری پەروەردە، یان ئەدەب و سینەما، شارەزاییەكەی تایبەتمەندییەكی تایبەتییە، كە لەو بوارەی ئەودا زۆر خەڵك هەن لەو شارەزاترن، بەڵام وەكوو ئەو توانای پەیامگەیاندن و قسەكردن و دروستكردنی پەیوەندییان لە نێوان مرۆڤەكاندا نییە. ئەوە لە نێو تیپەكەی خۆیدا ئەو كەسە جیا دەكاتەوە وەكوو ڕۆشنبیرێك لە هەموو زاناكانی دیكەی ناو ئەو بوارە. بۆنموونە لە زانكۆ گەورەكاندا زانای یەكجار زۆر گەورە هەن، كە لەوانەیە خەڵك هەر نەیانناسێت، هەموو ئەوانەی پێدەگەن، لەبەر دەستی ئەو پرۆفیسۆرانە كە لە زانكۆكاندا یەكجار زۆر بەتوانان، بەڵام ڕۆشنبیر نین، بەو مانایە نییە نەزانن، ئەوانە خاوەن پسپۆریی خۆیانن لە بواری خۆیان، وە لە مەكتەبەی خۆشیان نایەنە دەرەوە، ئەوە بە واتای كەمكردنەوەیان نییە، مەبەست ئەوەیە تیپێكی دیكە هەیە كە تۆڕی كۆمەڵایەتی دروست دەكات، وە ئەوەی كە پەیوەندی بە مافی هەمووانەوە هەیە لێی شارەزایە، كاتێك كە كەم دەبێت، دەتوانێت بەیانی بكات، كاتێك كەموكوڕی تێدایە دەتوانێت بڵێت كەموكوڕییەكە لە كوێیە، كاتێك كە بەرگرییەك پێویستە بكرێت، دەزانێت لە چ ڕێگەیەكە و چۆن بەرگری بكات.

بۆیە ڕۆشنبیران كە ئەگەر تەماشایان بكەین، ناكرێ ڕۆشنبیرمان هەبێ جارێ خوێندەوارێكی زانا نەبێت، ڕۆشنبیری نەخوێندەوارمان نییە، مرۆڤی تێكۆشەری شەخسییەتی كۆمەڵایەتی بەكار و بە جووڵەی نەخوێندەوارمان تاكوو ئێستا هەیە بە داخەوە، دەبوو ئێستا وڵاتەكەمان نەخوێندەواری بنبڕ كردبایە. بەڵام ناتوانێت ڕۆشنبیر بێت، دەتوانێت كاریگەر بێت و لە بواری خۆی قسەساز بێت، بەڵام عەقڵی بە هەموو كێشەكانی وڵاتەكە ناشكێت، ناتوانێت خۆی لە تەقلید و دابونەریت جیا بكاتەوە، ناتوانێت لایەندار نەبێت، بۆنموونە لایەنداری عەشیرەت و خێزانەكەی خۆیەتی، لایەنداری مەزهەب و دینی خۆیەتی، لە كاتێكدا ڕۆشنبیر لایەنگری مرۆڤە؛ مافەكانی مرۆڤ بە گشتی وەكوو یەكتر حسێب دەكات. كێ دەتوانێت بەسەر ئەو سیفەتە نەرێتی و نەرێنییەی كۆمەڵگەدا زاڵ بێت، ئەو كەسەیە كە خوێندەوارێكی باشە. لەم زەمانەدا هیچ ڕۆشنبیرێك ناتوانێت بێتە مەیدان، لایەنی كەم چوار ساڵی یەكەمی زانكۆی تەواو نەكردبێت، چونكە ناتوانێت لە كێشەكانی ئەو بوارەی كە وڵاتەكەی تێدا دەژی، بە باشی لێی حاڵی بێت، ناتوانێت ڕاڤەی بكات و بە شێوەیەكی ئەوتۆ بیر بكاتەوە، كاتێك ڕەخنە دەگرێت، كاتێك پێشنیار دەكات، كاتێك كە داوای چاكسازی دەكات، داوای پاراستنی ماف دەكات، وە لەو بوارانە بە سەهوو نەچێت. ئەگەر زانا نەبێت، بە سەهوو دەچێت. شتێك نییە بە ناوی توانای زاتیی كەسێك كە بە بێ خوێندنی زانكۆیی و ئەو تواناییەی ئاماژەم لە بواری ڕۆشنبیریدا پێ دا، بتوانێت دەوری كۆمەڵایەتی هەبێت لە تێگەیاندنی گشتی.

یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی ڕۆشنبیر ئەوەیە كە پێشی ئەوەی بێتە مەیدان، زاناییەكەی خۆی كە خوێندوویەتی، شارەزاییەكی باشی تێدا هەیە، هەر ئەوە نییە خوێندبێتی و تێپەڕیبێت، بەردەوامیش دەوڵەمەندی دەكات، ئەو زاناییە تێكەڵ دەكات لەگەڵ ئەزموونی كەسیی خۆی و دەوروبەری، كە ئەم ئەزموونە تەنیا بە كەڵكی كاری ئەو دێت. دوایی توانایی هەیە لە هونەری نووسین، هونەری قسەكردن و پەیوەندیكردن، هونەری دۆزینەوەی شێوازی ڕەخنەگرتن لە دیاردەی هەڵە، هونەری پێشنیاری بەجێ و باش و ڕاست و زانستی لە بواری خۆیدا، چونكە هەموو پێشنیارێك لە هەموو جێیەك بەكەڵك نایەت. ئەو سێ بوارە، واتا زانایی و ئەزموون و هونەری گەیاندن، ئەگەر یەكێك بتوانێت كۆی بكاتەوە، لە كاری خۆیدا، ڕۆشنبیرێكی وەكوو فارس دەڵێن: خرەدمەند و زانای بەرپرسیاری مرۆڤدۆستی لێ دروست دەبێت. ئەگەر سیاسەت بكات، سیاسەتمەدارێكی زۆر سەرڕاست و جێی باوەڕ دەبێت، هەڵە كەم دەكات، داوای هاوكاریی گشتی دەكات، تاكڕەو نابێت، هەستیار نابێت بەرانبەر بە تواناكانی دیكە، بۆیە هەمیشە كۆكەرەوەیە. هەمیشە توانای ئەوەی هەیە گەر خۆیشی ڕابەر نەبێت، یارمەتیی ڕابەرەكان بدات باش سەركردایەتی بكەن. ئەگەر ڕۆشنبیر لە كەسێكی سیاسیدا كۆ ببێتەوە، ڕابەرێكی زۆر سەركەوتووی تێدا دروست دەبێت. هەوڵ نەدەین هەموو ئەوانە لە مێژووی وڵاتی خۆماندا دەستنیشان بكەین، لەبەر ئەوەی میللەتێكی بندەستین تاكوو ئێستاش، ئەو ئیرادە و خواستە سەربەخۆیەمان نییە كە بە كەیفی خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین، بۆیە ڕێگەی پێگەیاندنەكەی میللەتەكەی خۆشمان هەمووی لە دەستی ئێمەدا نییە، ئەمانە هەمووی كۆ بكەوە، میللەتێك لە ئەسیریدا بێت، كەسانی بەتوانای بە زەحمەت تێدا دروست دەبێت، سەرباری ئەوەش بێتوانا نەبووین.

ئەگەر ئێمە ئەو تواناییانەی ڕۆشنبیری لە كەسێكی سیاسیدا كۆ بكەینەوە، نموونەیەك بێنینەوە، زەینم تەنیا بۆ مستەفا بارزانی دەچێت. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی مستەفا بارزانی ئەوە بووە حەزی لە سەركردایەتیكردنی زیرەك و بەتواناكانی ناو كۆمەڵی كوردەواری بووە، نەك سەركردایەتییەك بۆ خۆی دروست بكات و لە دەوروبەری خۆی و دوایی دەبێت هەموو قبوڵی بكەن، ئەوەی كە لە ناو هەموو كوردان و لە هەر چوار پارچە باوە، یەكێك لە نهێنییەكانی سەركەوتنەكانی ئەو ئەوەیە ئەم تواناییەی تێدا بووە. لە بوارەكانی دیكە ئەو نموونەیە هەر وەردەگرم و دەیهێنمەوە ژێر باس.

هەڵبەت ئەو كاتەی بارزانی دەستی بە شۆڕش كردووە، تازە لەدایك بوومە، من لەدایكبووی 1960ـم. بۆیە شتی تایبەتی خۆم نییە وەكوو سەركردەكانی ئێستا بڵێم شارەزاییم لە فڵان بواردا هەیە. بەس ئەوانەی لەگەڵی ژیاون، من هەوڵم داوە لە نزیكەوە بیانبینم. لە نزیكەوە لێیان بپرسم. یەكێك لەوانەی زۆر بەناوبانگە، یەكێك لەوانە عەزیز محەممەد و دووەمیان مەسعود محەممەدی بیریاری گەورە بوو. لە ساڵی 1964 كە دابڕان و كەرتبوون لە ناو پارتی دەبێت، بارزانیی نەمر داوا لە عەزیز محەممەد دەكات، دەڵێت: كادیری سەربازییم زۆرن، بەڵام لە ناو حزبی شیوعی هەندێك كادیری كوردم بۆ بنێرن بیانكەمە سەركردایەتیی پارتی، عەزیز محەممەدیش دەڵێت: جا كادیری شیوعی كوا بە كەڵكی كادیریی پارتی دێت؟ دەڵێت: ئەنگۆ بۆم بنێرن، ئەمن دەیانكەمە سەركردەی باش. لای من گرنگ نییە شیوعین یان پارتین، گرنگ ئەوەیە دەیانكەمە سەركردە.

ئەم ڕێككەوتنە ڕوویدا، نزیكەی 7-8 كادیری شیوعی بە بڕیار هاتنە بەردەستی مەلا مستەفا، بوون بە سەركردەی زۆر گەورە، ساڵح یوسفی، سامی عەبدولرەحمان، د. مەحمود، دارا تۆفیق، فرەنسۆ هەریری چەندێکە.

هی دووەمیان مەسعود محەممەد گوتی، هەر لەو ساڵەدا، لە سەنگەسەر منی ناردە لای جەلال تاڵەبانی، گوتی پێی بڵێ: جەلال پیاوێكی تێگەیشتووە، با بگەڕێتەوە لە جێی برایم دایدەنێم. پەیامەكەی مەلا مستەفام گەیاند، مامجەلال گوتی وەڵا مەلا مستەفا ڕاست دەكات، بەڵام عینادێك گرتوومی، بەڵێنێكم داوە لە ناو مەكتەبی سیاسی هەتا ماوم دژی مەلا مستەفا دەبم و ناگەڕێمەوە. دەڵێ هاتمەوە بە مەلا مستەفام گوت، مەلا مستەفا گوتی:” ئاخر جەلال بەرژەوەندیی خۆی و میللەتەكەی نازانێت. باشە تۆ وەرە ببە سكرتێری پارتی، مەسعود محەممەدیش گوتی: “وەڵا من نووسەر و قانوونیم و ئەو بەزمەم پێ ناكرێ كە تۆ دەتەوێ. دە گوتی: ئاخر كورد بۆیە بەدبەختە، بە زاناكانی دەڵێم وەرن ببنە سەركردە نابن، ناچار جێیەكە بۆ ئەو كەسانە دەمێنێتەوە كە زانا نینە و زۆرمان ماندوو دەكەن. ئەوە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سەركردەی ڕۆشنبیرییە كە توانایی تێگەیاندن و پەیوەندیكردن و سەركردایەتی تێدایە.

بۆیە ڕۆشنبیران كەم نین. زۆرن. بریتی نین لە خەڵكی وەكوو ئێستا پێناسەیان دەكەن خەڵكی چەنەبازی جێنودەری بەهیچ ڕازی نەبوو كە دایم بۆڵە بۆڵ دەكەن، ئەمە تیپێكی تایبەتی مرۆڤن كە لە هەموو كۆمەڵگەیەدا هەن، مرۆڤ هەیە لە كۆمەڵگە بواری شەخسی بە جۆرێك پەرێشانە بە هیچ شتێك ڕازی نابێت، بە هیچ شتێك تێناگات، ئەوەی كە دەیڵێت خۆیشی نازانێت چی دەڵێت. ئەمە هەرگیز پەیوەندی بە ڕۆشنبیرییەوە نییە. ڕۆشنبیرەكان زۆر مرۆڤدۆستن، ئینسانەكان بە بەرابەر دەزانن، لای ڕۆشنبیر باوەڕەكانی ئەم زەمانە گرنگن، لە باوەڕی ئەم زەمانەدا مرۆڤ ئەسڵ و ئەساسە، هیچ شتێكی دیكە نا. هەر باوەڕێك و قانوون و سیاسەت و پەروەردەیەك و ڕێكارێكی كۆمەڵایەتی دەیگرییە بەر، دەبێ لە خزمەتی مرۆڤدا بێت، گەشە بە مرۆڤ بدات، ئازادی بۆ زیاد بكات، بیگەشێنێتەوە، وە جیاوازییەكانی مرۆڤ قبووڵ بكات. ئەوە ئەنجامی زانستی ئەم زەمانەیە، زانستە كۆمەڵایەتییەكان و زانستە سروشتییەكان كە ئێستا دنیا بە فراوانی بەكاری دەهێنێت.

بۆیە لای مرۆڤی ڕۆشنبیر، شتێك بە ناوی موقەدەس بوونی نییە (مەبەستم ئایین نییە)، چونكە موقەدەسات جاری وایە لە ناو فەرهەنگە، لە ناو دابونەریت و عەشیرەتە. لای ڕۆشنبیر هیچ شتێك جێگیر نییە، هەموو شتێك و دیاردەیەك و كەسێك شیاوی ئەوەیە لێی ورد بییەوە، هەڵەی هەبێت دەریببڕیت، ڕەخنەی لێ بگریت، داوای لێ بكەی چاكی بكاتەوە، چاكی نەكردەوە، دەبێت فشاری كۆمەڵایەتی لەسەر دروست بێت و بەپێی یاسا ناچاری بكەن لەو هەڵەیە بوەستێت، چونكە زیان بە كۆمەڵگە دەیەگەیەنێت. ڕۆشنبیر لەو ڕەهەندەی ئازادییەوە زۆر بەرابەریخوازە، واتا یەكسانخوازە، ئینسان ژن بێت، پیان بێت، مسوڵمان بێت، مەسیحی بێت، كاكەیی بێت، مسوڵمان بێت، بەرابەرە، هەرگیز لە دەور و ماف و كەسایەتی و ئینسانییەتی كەم ناكاتەوە. ڕۆشنبیر لەسەر ئەوە دەوەستێت، ئەگەر سازش بكات، ڕۆشنبیر نییە. ڕۆشنبیر عەدالەتخوازە، عەدالەت یەكێك لە پێداویستییەكانی هەبوونی مرۆڤە. عەدالەت لە سێ هەزار ساڵ بەر لە ئێستاوە گفتوگۆی لەسەرە و ئێستاش بەردەوامە، چونكە عەدالەت لەگەڵ پێگەیشتن و پێشكەوتنی كۆمەڵگەی مرۆڤ، دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر دەبێ، وەكوو چۆن زانست دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر دەبێت، ئێمە پێی بەهێزتر دەبین، عەدالەت لە پێدانی مافی هەركەسێك لە هەر پلە و پایەك، ڕۆشنبیر پێش عەدالەتبوون، مرۆڤێكی بە ئینسافە، واتا تۆ پێش ئەوەی عەدالەت دروست بكەی، كەسێك چی هەیە هی وییە، بە مەرجێك یاسایی بێت. ئەو مومتەلەكات و پێگەیاندنەی هەیەتی نابێت لێی بسەنرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت. وە ڕۆشنبیر زۆر ئازادیخوازە، كاتێك ئازادی نەبێت ناتوانێت بیر بكاتەوە، ئەسیر و ستەملێكردنی كەس و میللەت و پێكهاتەیەكی تر ببینێت، ناتوانێت بێدەنگ بێت، چونكە ئازادیی ئینسان ئازادیی گشتییە، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا ئازاد بێت، هەروەكوو چۆن بازاڕێكی دەوڵەمەند هەبێت، تا من ببمە سەرمایەدارێكی باش، ئەگەر بازاڕ نەبێت، من دەوڵەمەند نابم، ئەگەر پارەی هەموو دونیاشم هەبێت، كەڵكی هیچی نابێت. ئەوە نهێنیی كۆمەڵگەیەكە كە پێش دەكەون.

دواتر زۆر باوەڕی بە ئازادیی تاك هەیە، كۆمەڵگە لە یەك یەكی ئێمە دروست دەبێت، یەك یەكی ئێمە دەبێت ئازاد بین، تاكوو بتوانین بیر بكەینەوە، دەبێ هەریەك لە ئێمە ئازاد بێت چارەنووسی خۆی دیاری بكات، ئەگەر مۆری پەنجەی من لە هی تۆ جیاوازە، سروشتی من لە هی تۆ جیاوازە، ئەو ڕەنگانەی من پێم جوانە لە هی تۆ جیاوازە، ئەگەر توانای من لە توانای تۆ بۆ كار جیاوازە، ئەگەر حەزی من بۆ كاتی پشوو لە هی تۆ جیاوازە، ئەگەر تۆ حەزت لە گۆرانییەكە و منیش لە گۆرانیی ترە، ئەگەر تۆ گۆرانیبێژی بەڵام من ناتوانم وشەیەك بڵێم، بەڵام لەوانەیە شێوەكارێكی باش، سیاسییەكی باش، یان ئابووریناسێكی باش، یان مامۆستایەكی باش بم، كەواتە جیاوازییەكە ڕەهایە، یانی شتێك نییە بە ناوی ئەوەی هەموو مرۆڤ لە یەك قالبدا بن، ئەو ئازادییە تاكەكەسییە ئەو شتانە دەپارێزێت، كۆمەڵگەیەكی ئازاد و بەهێز لە كەسانی ئازاد و بەهێز دروست دەبێت، ڕۆشنبیر بەوەشەوە پابەندە و لێی نایەتە خوارەوە، نابێ بێتە خوار، چونكە ئەوانە ئێستا بنەما و ئسوڵی زانستیشن، ناكرێ مرۆڤ بەسەریاندا تێپەڕێت، ڕۆشنبیر لە ئەو بیروباوەڕانەی كە دەیڵێ قەت جێگیر نییە، مەبەست ئەوە نییە هەر ڕۆژە و قسەیەك بكات، بەڵام كە گۆڕانی كۆمەڵایەتی ڕوو دەدات، كێشەكانیش دەگۆڕێن، چارەسەرەكانیش دەگۆڕێن، باوەڕەكانیش دەگۆڕدرێن، كەواتە ڕوانگەی ڕۆشنبیرانیش بە پێی ئەو واقیعە بەردەوام لە گۆڕاندایە. بۆیە ڕۆشنبیر ئایدۆلۆژیایەكی نییە لە پێناویدا تێبكۆشێت، هەر كەسێك ئایدۆلۆژیست بێت، كۆمەنیست بێت، ئیسلامی سیاسی بێت، یان نەتەوەپەرستی توندڕۆ بێت، یان فاشیست بێت، یان تۆتالیتاریست بێت، یان ئەو ئایدۆلۆژیایانەی لە دونیادا هەن، ناتوانێت ڕۆشنبیر بێت. لەوانەیە مامۆستایەكی باشی ئەو ئایدۆلۆژییە بێت، وەكوو مامۆستایانی بانگخوازی ئێستای توندڕۆی سیاسی كە ئێستا لە كوردستاندا هەنە و مزگەوت و سۆسیالمیدیا و شوێنەكان دەقۆزنەوە و توانای گوتاردانیشیان هەیە، بەڵام ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕەكانیان بە كەڵكی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی نایەت، بۆیە هەركەس توانی قسە بكات و خەڵك كۆ بكاتەوە ڕۆشنبیر نییە.

ڕۆشنبیر لە هەموو تواناییە زانستییەكەی خۆی، لە هەموو ئەو پێویستییانەی بۆ وڵاتەكەش پێویستن هەبن، چونكە هەر وڵاتە و پێویستییەكانی دیارن چین، لەو بوارانەدا زانیارییەكانی خۆی بژار دەكات، دواتر دەستەبژێرێك لەو بیروباوەڕانەی كە پێی وایە ڕاستن، وە هەر یەك لەو باوەڕانە پشتیوانیی زانستی هەیە و لەخۆوە نەهاتووە، توانایی تێكخستنی هەبوو، بڵێت من پێم وایە وڵاتی من بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت، ئەو كێشانەی لەو پێناوەدا چارەسەر بكرێت، خراپ نییە، باشە، ئەوە پێی دەگوترێت ڕۆشنبیران. بۆیە كاتێك ڕۆشنیران لە شوێنێك قسە دەكەن، یان پێكەوە دەنووسین، زۆر شتیان وەكوو یەكە لە بنەماكانیان، بەڵام لە وردەكاریدا زۆر لێك جیاوازن، بۆیە هەمیشە گفتوگۆ لە نێوان ڕۆشنبیراندا گەرمە، ئەمەش زیندوویەتییە.

ڕۆشنبیران بەرپرساریشن لە بەرانبەر ئەو بیروباوەڕانەی دەیڵێن، گەر هەڵە بوون، دەبێ زوو هاوار بكەن بڵێن من هەڵە بیرم كردووەتەوە، پێش ئەوەی زیان بە هەمووان بگات. ئەگەر لە حزبێكدا بوو، حزبەكە بیروباوەڕەكەی هەڵەی تێدابوو، بێ ئەوەی تێكدەر بێت، دەڵێ هەڵەكان لە فڵان جێگە ڕاست بكرێتەوە. ئەگەر ئەوە نەكات فڕی بەسەر ڕۆشنبیرییەوە نامێنێت. وە لەو شوێنانەی دەبینی ڕۆشنبیران خیانەت دەكەن و خۆ ڕادەستی بەرژەوەندییە تایبەتییەكان دەكەن، بە تایبەتی ئەو ڕژێمانەی ڕێز بۆ میللەتی خۆیان دانانێن، دەیانەوێت كەسەكانی بكڕن، بە پلە و پۆست بێت یان پارە بێت، دەبینی ڕۆشنبیری زۆر گەورە هەن، لە پڕێكدا دەڕووخێن، ئەوە پێی دەگوترێت خیانەتی ڕۆشنبیری.

پیاوێكی زۆر تێكۆشەر و زانای ئێرانی هەیە بە ناوی جەلالی ئالی ئەحمەد، كتێبێكی نازداری هەیە بە ناوی “خزمەت و خیانەتی ڕۆشنیران” كە باسی ئێران دەكات. لە سەرانسەری دونیا ئەو ئەزموونە هەیە. لە وڵاتی ئێمەشدا ڕۆشنبیر هەیە پێگەی خۆی بەجێ هێشت و بووەتە جاش لەگەڵ حكومەتی عێراق، یان كاری خراپی كردووە، بەڵام كاتێك ڕۆشنبیر بووە و كاتێك خراپ بووە، وەكوو یەك نییە. ڕۆشنبیریش مرۆڤە، وەكوو هەر ئینسانێكی تر لەوانەیە تووشی هەڵە بێت. ڕۆشنبیر بەرانبەر بە هیچێك لە باوەڕەكانی كۆمەڵایەتی هەستیار نییە، دژی دین نییە، دژی فەرهەنگی بەكەڵك ژیان هاتووی وڵات نییە. دژی تایبەتمەندییەكانی هیچ كەس و ناوچەیەك نییە. چونكە ئەوانە هەموویان بە كەڵكی ژیان دێن. بەڵام هەر كاتێك هەریەك لەوانە واتە دین، فەرهەنگ، باوەڕی عەشیرەتی، باوەڕی خێزانی، باوەڕی كەسی، بكرێتە ئایدۆلۆژیا و بسەپێنرێت، ئەوكاتە كارەسات دروست دەبێت و وڵات تووشی كێشە دەبێت. وە لەوێدایە ڕۆشنبیر دەوەستێت، بەرگری دەكات، ڕۆشنگەری دەكات. كاری ڕۆشنبیر ڕۆشنگەرییە. بۆیە ئەوەی كە ئێستا لە كوردستان دەیبینین، بانگخواز و توندڕۆی سیاسی بە ناوی دین، دەڵێن هەرچی ڕۆشنبیرە، هەرچی سیاسیی غەیرە لایەنگری ئەوانە، هەرچی عەلمانی بێت، كوفرە وە خەڵكی لە دژ هان دەدەن، ئەوە قۆناغێكی مەترسیدارە، دەبێت بەرانبەری بوەستین، ئەویش بە ڕۆشنكردنەوە و بیر و باوەڕی ڕاست.

زانست هیچ كاتێك دژی هیچ دینێك نییە، زانست دژی هیچ میللەتێك نییە، وە بێلایەنە و لە خزمەتی مرۆڤدایە، ڕۆشنبیریش هەروا، ڕۆشنبیران دژی هیچ پێكهاتە و دینێك نین، بەڵام ڕۆشنبیران لەگەڵ ڕزگارین، لەگەڵ ئازادین، لەگەڵ تایبەتمەندیی تاكەكەسیین، لەگەڵ گەشاندنەوەی كۆمەڵایەتیین، لەگەڵ پاراستنی مافی پێكهاتەكان و مافی ژنانن. لەگەڵ پاراستنی مافی هەر مرۆڤێكن لە چوارچێوە یاسادا، ئەگەر یاسا نەڵێت فڵان كەس خواستی لە دژی كۆمەڵگەیە یان تاوانە، ڕۆشنبیر بەرگری لێ دەكات.

پرسیار ئەوەیە ڕۆشنبیران كە كاریان دیموكراسی و ئازادییە، ئایا ئەوانەی لە بواری سوپادا كار دەكەن، دەتوانن لە بواری ڕۆشنبیریشدا بەشدار بن، ئەوەیان بەڵێ. لە مێژوودا، ڕۆشنبیری زۆر گەورە و كاریگەر هەن كە ڕۆشنبیری زۆر گەورەش بوونە، وەكوو ئایزنهاوەر كە سەرۆكی ئەمەریكا بوو. یان وەكوو دیگۆڵ، كە ئەوانە نەك هەر سەركردەی سەربازی بوون، بەڵكوو ڕۆشنبیری زۆر گەورە بوون. كاتێك لە سوپاوە هاتنە سەركردایەتیی وڵات، وڵاتی خۆیان زۆر بەرەو پێشەوە برد. گەیشتنە ئەو پێگەیەی كە ئێستا فەرەنسا و ئەمەریكای تێدایە. ئەو هەموو مافانەی باسی دەكەم، هەموویان پاراست. كاتێكیش بەیاننامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 1948 نووسرا، 5-6 كەسی پسپۆڕ نووسیان، یەكێك لەوان ڕۆزفێڵت بوو، كە دوایی پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كرا و تا ئێستاش كامڵترین دەقە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، وە وردە وردە دەبێتە پابەندكاریش سەبارەت بە وڵاتان، وە ساڵانە ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو بنەمایە لەسەر دەوڵەتان و دەسەڵاتەكان دەنووسرێت. دەكرێ ئێمە مستەفا بارزانییش كە ئاماژەم پێ كرد، بە سەربازییەكی ڕۆشنبیری سەركەوتوو و كاریگەر بزانین. لە هەموو دۆخێكدا ئەوەی كە خەڵكی دیكەش هەیە، من نەمدیتنەوە. دوایی لە دانیشتنەكانی دیكەدا ناوەكانیان دەهێنم. ڕۆشنبیرانی دینییش هەن، بەڵام ڕۆشنبیری زۆر گەورەن، وەكوو دەلای لاما، وەكوو محەممەد عەبدە، لە مێژووی ئیسلامیدا هی تریش هەن، لە ئێران و توركیا، یەكێكی دیكە وەكوو محەممەد مەهاتیر كە مالیزیای بەرەو پێشكەوتنێكی زۆر برد. لە هەموو دۆخێكدا هیچ وڵات و میللەتێك پێشناكەوێت ئەگەر پرۆسەیەكی ڕۆشنبیریی ئارام و ڕەسەن و ڕاست لەسەر بنەمای زانستی نەبێت. كە تایبەتمەندیی وڵاتەكە و میللەتەكەی خۆشی لەبەرچاو بێت. هیچ وڵاتێك پێشناكەوێت، هیچ وڵاتێك سەقامگیر نابێت ئەگەر ئەو پرۆسەیەی تێدا نەبێت، بۆیە پاراستنی ڕۆشنبیران لە وڵاتێكدا پاراستنی ئازادی و سەقامگیریی كۆمەڵایەتییە. لە هەر وڵاتێكدا ڕۆشنبیر كەوتە ژێر فشار، یانی وردە وردە كۆمەڵگەكە هەمووی دەكەوێتە ژێر فشار، هەر كاتێك ئەو فشارە بەردەوام بوو، وڵات تووشی تەنگوچەڵەمە دەبێت، وە تەنگوچەڵەمە ئەنجامی زۆر خراپی هەیە، كە نموونەی زۆرە.