رۆژنامەی ھەولێر

دهۆک…کۆبوونەوەیەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەڕێوە چوو

جێگری پارێزگاری دهۆک سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد سەبارەت بە کەمئاوی و ئامادەکارییەکانی وەرزی زستان. بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆکیش دەڵێت، ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک 15.37 مەتر کەمی کردووە. 

رۆژی چوارشەممە 15-12-2021 بە سەرپەرشتیی ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک و بە ئامادەبوونی فەرهاد محەممەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سێ لە پسپۆڕانی شارەزای بەنداو لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بەڕێوەچوو. 

فەرهاد محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک رایگەیاند، کۆبوونەوەکە زیاتر “تەکنیکی بووە” بۆئەوەی بزانرێت “چ زیانێک بەر بەنداوەکان کەوتووە، چییان پێویستە، چۆن بتوانرێت بەرەنگاری کەمئاوی ببینەوە و چۆن سوود لە ئاوی بەنداوەکانی دهۆک و موسڵ وەربگیرێت”. 

شاندی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، چەندین سەردانیان بۆ بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان کردووە، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک، دوای سەردانەکەیان، ئەو شاندە پسپۆڕە بە راپۆرتێک سەرووی خۆیان ئاگادار دەکەنەوە بۆ وەرگرتنی رێکاری پێویست. لە ئێران و تورکیاوە، چوار سەرچاوەی سەرەکیی ئاو دەڕژێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە، لە ئێرانەوە 70%ی ئاوی سیروان و زۆربەی ئاوی زێی بچووک دەڕژێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها لە تورکیاش سەرچاوەکانی زێی خابوور و زێی گەورە، دەڕژێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.

هاوشانی کەمیی بارانبارین، گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئەو دوو وڵاتە و گلدانەوەی لە بەنداوەکانیاندا کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان هەیە. بەراورد بە ساڵی 2020، بەنداوی دەربەندیخان لە یەک ملیار و 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، کەمبووەتەوە بۆ 900 ملیۆن مەتر سێجا. لە بەنداوی دووکانیش سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەبوو، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن مەتر سێجا.