رۆژنامەی ھەولێر

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی بازرگانیی تورکیا دەکات

ئه‌مڕۆ سێشەممە‌ 10/27، مەسرور بارزانى , سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە ‌شاندێکی بازرگانی تورکیا کرد کە لە ژمارەیەک بازرگان و خاوەنکار و وەبەرهێنەری ئەندامی دەستەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوە ناسراو بە (دەییک – DEiK) پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەدا کە ئانل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون ، سەرۆکی حکومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە ، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ، بە تایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دووپات کردەوە و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ بەهێزترکردنی بزاڤی بازرگانی لە نێوان هەردوولا دەربڕی .

ئەندامانی شاندەکە ئاماژەیان بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و کورتەیەکیان دەربارەی کۆمپانیاکانیان و چالاکی و پڕۆژەکانیان خستەڕوو، هەروەها خواست و ئارەزووی خۆیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیشاندا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا.