دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لە عێراق سیستمی سیاسیی گۆڕاوە، بەڵام عەقڵیەتی بەڕێوەبردن نەگۆڕاوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەغدا بە یاریکردن بە قووتی ھاووڵاتییان و نەناردنی بودجەی ھەرێم دەیەوێت کێشە بۆ ئابووری کوردستان و جووڵەی بازاڕ دروست بکات، کاسبکاران و پەرلەمانتاران، دەڵێن، بەغدا بە بڕینی قووتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کارتێکی خراپ بەکاردەھێنێت و ھەوڵدەدات بۆ پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان ئاستەنگ دروست بکات.

سەرەڕای ھەموو ئاستەنگەکان کە بەغدا بۆ ئابووری کوردستان دروست کردووە، بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان جمەیان دێت و کڕیار و فرۆشیار جووڵەکانیان زیاتر بووە، ھاووڵاتییان و فرۆشیاران، دەڵێن، ئەوە یەکەمجار نییە بەغدا بیانۆمان پێ دەگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا کوردستان براوە دەبێت و خەڵکی کوردستان ئەو ناخۆشیانە تێدەپەڕێنێت کە بەغدا بۆیان دروست دەکات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھەر کەسێک حوکمی عێراقی کردبێت بەردەوام کێشە و ئاستەنگی بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردووە، کوردستان داھاتێکی باشی ھەیە، ڕۆژبەڕۆژیش پێش دەکەوێت، بەڵام ھەندێک ناحەزانی کوردستان لە بەغدا، ھەتا لە ناوخۆشمان ھەوڵدەدەن کێشە بۆ پێشکەوتنەکانی کوردستان دروست بکەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە و کوردستان ھەروا ئاوەدان و پێش دەکەوێت.
زریان مەحموود، چاودێری سیاسی، گوتی: بەغدا پەنجا و پێنج ماددەی دەستووری کە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە پشتگوێ خستووە و تەواو لە سیستەمی فیدراڵی لایداوە، بەغدا دژی پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەڕووی ئابووری، سیاسیی و ئەمنییەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، تاکە شوێنی ئارامە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە چاویان بە کوردستان ھەڵنایەت، ھەر ئەوەش وای کردووە دەمێک مووچە ببرن، دەمێک ڕێگە نەدەن کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، دەمێک لە جیاتی بودجە درۆن ڕەوانە بکەن، کە ھەموو مەبەستی ئەوان لەو شتانە ئەوەیە قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دوای سەد ساڵ لە شەڕ و تێکۆشان دژی زۆرداری و ستەم لە عێراق لە کۆتاییدا گەیشتینە نیزامێکی فیدراڵی و دەستوورێکی ڕێکوپێک بۆ ئەوەی ھەموو گەلانی عێراق پێکەوە بژین، بەڵام وا دیارە نیزامەکە گۆڕاوە، بەڵام ئەقڵیەتەکە نەگۆڕاوە، ئەو ئەقڵیەتەی کە ئێستە دەیانەوێت میللەتی کورد بە برسی بوون بکوژن و ئازاری بدەن و لەناوی ببەن، ھیچ جیاوازییەکی نییە لەوەی کە پێشتر گوندەکانیان دەسووتاندن و منداڵ و گەنج و ئافرەتیان ئەنفال دەکردن و چەکی کیمیاییان بەکاردەھێنا، ھەمان ئەقڵیەتە، بەڵام لە دوو نیزامی جیاوازدا، بۆیە دەبێ خەڵک بزانێت ڕاستی بابەتەکە چییە.
بە ئامانجگرتنی ئابووری ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی سیاسەتی دواخستنی پێدانی ماف و شایستەداراییەکانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، دەیانەوێت بەوشێوەیە ئاستەنگ بۆ ئابووری ھەرێمی کوردستان دروست بکەن و کاروانی پێشکەوتنەکان ڕابگرن، ھەر لەسەر ئەو پرسە، ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری، گوتیشی: عێراق سەروەرییەکەی لەژێر پرسیاردایە لە ناوخۆی عێراقیش کێ ڕازییە لەو شێوازە حوکمڕانییەی کە ئێستە ھەیە، گەلی کورد ناڕازییە، مووچەکانیان بووەتە یەکێک لە بابەتەکانی سیاسەت پێ کردن لە لایەن ھەندێک ھێزی سیاسییەوە، ئەگەر عێراق بەخۆیدا نەچێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ دەستوور وەکو ئێستە نامێنێت، بۆیە با کەس وا بیر نەکاتەوە مووچەی ھەرێمی کوردستان دەبڕن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی لە ھەرێمی کوردستان بوەستێت، بۆ ئەوەی حکوومەت نەتوانێت کاری خۆی بکات، ئیتر ھەرێم کۆتایی پێ دێت، ھەرێم بە بودجە دروست نەبووە، تا بە بودجە بڕین لەناو بچێت، ھەرێمی کوردستان بە خوێن دروست بووە، ئەمڕۆش بە خوێن دەپارێزرێت، ھەرێمی کوردستان زۆر گەورەترە لەو معادلە بچووکانەی کە ھەندێک کەسی بچووک پیلان بۆ دادەڕێژن، لایەنە عێراقییەکان، دەڵێن دەبێت بودجە و مووچەی کوردستان ڕەوانە بکرێت کەچی ھەر ھەندێک لەو لایەنانە دەستییان ھەیە لە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش باس لە تەمویل نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە کرا، ئەگەر کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەمە زیاتر درێژە بکێشێت، ئیتر بابەتەکە لە پرسێکی عێراقییەوە دەگوازێتەوە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەھانە یەکتری مرۆڤایەتی لەبەر دەست دەبێت بۆ ھەنگاوھاوێشتن لە دژی عێراقی فیدراڵی.