٧٦ی ساڵ بەسەر هەڵکردنی یەکەم ئاڵای کوردستاندا تێدەپەڕێت

سلێمان تاشان – هه‌ولێر

دووسبەی هەینی کە دەکاتە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ رێک ٧٦ ساڵ بەسەر هەڵکردنی یەکەم ئاڵای کوردستان لە مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت و لە هەرێمی کوردستان یادی ئەم رۆژە بەرز رادەگیرێت.

لە ڕۆژی ٢٦ی سه‌رماوه‌ز کە دەکاتە ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ ی زایینی بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستان لە مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان. نزیکەی مانگ و نیوێک بەر لە راگەیاندنی کۆماری کوردستان هەڵکرا.
لەم رۆژەدا کە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کۆ ببوونەوە و له‌ ڕێوڕه‌سمێکی به‌شکۆدا و بە به‌شداریی نوێنه‌رانی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا.
ئەو رووداوە لە دواین ساڵی جەنگی دووەمی جیهانی رووی دا کاتێک لە ژێر کاریگەریی هێزەکانی رووسیا و بەریتانیا و داگیرکرانی بەشێک لە خاکی ئێران لە لایەن ئەو دوو وڵاتە، حکوومەتی ئەوکاتەی پاشایەتی ئێران بە تەواوی لاواز ببوو. دوو رۆژ بەر لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، خەڵک ئاڵای رژێمی پاشایەتی ئێران لە بارەگاکانی حکومەتی ئەوکاتی لە مەهاباد هێنابووە خوارەوە.
زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم رۆژەدا رێز لە خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە دەگرن کە بەرگری لە ئاڵاکەی کردووە و بۆ شەکاوە هێشتنەوەی ئەم ئاڵایە قوربانییەکی زۆری داوە و لە درێژەدانی خەباتەکەشی لەسەر پێیە. ئەو رۆژە لای ئەوان بە رۆژی پێشمەرگە ناسراوە و دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاوێتەی رۆژی ئاڵایان کردووە.
جێی باسە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی بە رۆژی ئاڵا دەستنیشان کرد. ساڵانە لەم رۆژەدا لە هەرێمی کوردستان و دام و دەزگا فەرمییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە و ئاڵای کوردستان بەرز رادەگرن.
ئەمساڵ یادکردنەوەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکەوێتە رۆژی هەینی و بۆیەش زۆربەی قوتابخانەکان بڕیاریان داوە رۆژێک پێشتر واتە رۆژی پێنجشەم ١٦ی کانوونی یەکەم یادی ئەم رۆژە بکەنەوە.
بەشێک لە قوتابخانەکان، قوتابییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە رۆژی پێنجشەم بە جلوبەرگی بچنە قوتابخانە.
بەشێک لە قوتابیان و مامۆستایان بە لەبەرکردنی جلی کوردی و جلی پێشمەرگە دێنە دەوام و یادی ئەو رۆژە زیندوو دەکەنەوە. بیر قوتابیان دەهێنرێتەوە ئەو ئاڵایەی لە سەر قوتابخانەکان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەشەکێتەوە، هەر وا لە خۆوە هەڵنەدراوە و بەرهەمی قوربانی و ماندووبوونی دەیان ساڵە و شەهیدبوونی سەدان هەزار کەسە.
جگە لە قوتابخانەکان دامەزراوەکانی تری وەک زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تری حکوومی و تەنانەت دامەزراوە ناحکومییەکانیش، کۆنفرانس و رێورەسمی جۆراوجۆر بۆ بەرزراگرتنی ئەم رۆژە رێک دەخرێت و چالاکیی جۆراوجۆر لەم رۆژەدا بەڕێوە دەچێت.
هێزی پێشمەرگە بە گرنگترین هیز هەژمار دەکرێت کە ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بووە و ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان ئاوێتەی یەکتر بوون.
ئەمساڵ لە کاتێکدا رێز لە ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە دەگیرێت کە دوای چوار ساڵ لە داگرتنی ئاڵای کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کار بۆ ئەوە دەکرێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و دووبارە ئاڵای کوردستان لەو شوێنە کوردستانییانە هەڵبدرێتەوە. لە میانەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ بۆ یەکەم جار دوای چوار ساڵ لە کەرکووک و زۆرێک لە ناوچە کوردستانییەکان ئاڵای کوردستان هەڵدرا هەر چەندە لە لایەن شۆڤێنییەکان هەموو هەوڵێک بەگەڕ خراوە تا رێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بکرێت.
ئاڵای کوردستان بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان و بۆیەش رێزگرتن لێی و بە شەکاوە هێشتنەوەی ئەو ئاڵایە بە واتای زیندووهێشتنەوەی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان لێک دەدرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر