یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

مێژووی جلوبەرگی کوردی بۆ سێ هەزار ساڵ پێشئێستا دەگەڕێتەوە

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

جلوبەرگی کوردی، بەپێی توێژینەوەکان زیاتر سێ هەزار ساڵ تەمەنی هەیە، بەپێی ئەو شووێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە کراوە، مێژووی جلوبەرگی کوردی بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی ماددەکان دەگەڕێتەوە، کە بۆ یەکەمجار شەڕواڵییان داهێناوە. جلی کوردی پێناسەی نەتەوەی کوردە، ئەگەر مێژووی جەژنی نەورۆز ٢٧٢٢ ساڵ بێت، ئەوا مێژووی جلی کوردی بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵێک دەگەڕێتەوە، بەپێی توێژینەوەکانیش مێژووی جلوبەرگی کوردی بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

مێژوونناس محەمەد تەها، باس لە مێژووی جلی کوردی دەکات و دەڵێ: مێژووی جلی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەمی ماددەکان، ئەشکانی و خورییەکان، کە لە سەرەتادا پیاوان و ژنان تەنورەیان لەبەرکردووە، بەڵام دواتر پێش سێ هەزار ساڵ بۆ یەکەمجار لەلایەن دەوڵەتی ماددەکانەوە شەڕواڵ داهێنراوە، هەروەها شەڕواڵ، کڵاو، کلێتە، کۆڵوانە، کوڵەباڵ، فەرەنجی و پەستەک، فەقیانە، پشتوێن و کۆست دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی مادد، ئەشکانی، خورییەکان و ئاینی زەردەشتییەکان. پێش دوو هەزار ساڵ شارستانییەتی ماددەکان هاوشێوەی گۆتی، خوری، سۆمەری، ئەکادییەکان تەنورەییان بەرکارهێناوە، بەڵام تەنوورە بۆ کاری ڕۆژانە نەگونجاو بووە، شەڕواڵ هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش زایین بۆ یەکەمجار لەلایەن ماددەکانەوە داهێنراوە، هەرچەندە تەواو هاوشێوەی شەڕواڵی ئێستا نەبووە، بەڵام نزیکایەتییەکی تەواو لەنێوانیاندا هەیە. لەو شوێنەوارانەی لە کوردستاندا دۆزراونەتەوە شەڕواڵ لە بەری سەربازەکاندا دەبیندرێت، نەک تەنها شەڕواڵ، بەڵکو کەوا، فەقیانە، کلێتە، کوڵەباڵ، فەرەنجی، پەستەک، کڵاو و کۆڵوانە لە شوێنەوارەکاندا دەردەکەوێت.
ماددەکان فەرەنجی و پەستەکیان لەبەر کردووە، بەپێی دەقێکی مێخی کە لە ناوچەی هەمەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە، جلی کوردی لە مووی بزن دروستکراوە، فەرەنجی لەبەری پاشاکانی ماددەکاندایە، کڵاوێکی هاوشێوەی کڵاوی هۆزی بەختیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لەسەردایە، سەربازەکانیش پەستەکییان لەبەردایە و بۆ کاری جەنگ لەبەرییان کردووە. کوڵەباڵ ئەو پۆشاکەی ئێستا زیاتر بە جلی ناوچەی هەورامان ناسراوە، مێژووەکەی بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ماددەکان یەکەم کەس بوون بەکارییان هێناوە، لە کاتی جەنگدا سەربازەکان بەکارییان هێناوە، لەو دوو کونەی لەسەر شانی کوڵەباڵەکان هەیە، تەورییان تێکردووە، تا لە کاتی شەڕدا بەئاسای لە شانیانەوە دەری بهێنن و بەکاری بهێنن.
دەشڵێت: کۆڵوانە مێژووەکەی دوو هەزار و ٨٠٠ ساڵە، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەنەی لەبارەی جلوبەرگی ژنان کراوە و لە شوێنەوارەکاندا دەرکەوتووە، ژنان لە گەلی ئۆراتییەکاندا کە لە ناوچەی ڕیوانز بۆ دەریاچەی واندا ژیاون، نزیکەی دوو هەزار و٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا کۆڵوانە “چەفتە”یان بەکارهێناوە، جلەکانیان نەخشی تێدابووە، هاوشێوەی سەروبەد، کڵاوێکیان بەکارهێناوە و خشڵی پێوە کراوە. لە هەزارەی دووەمی پێش زاییندا، لە ناوچەی کوردستانی گەورەدا یەکێکی دیکە لەو جلانەی ژنان و پیاوانیش بەکاریانهێناوە کەوا و فەقیانە و پشتێن بووە، زیاتر کەوای درێژ لەبەر کراوە، کەوای بنەماڵەی شاهانە و دارودەستەکەی نەخشی تێدابووە، کەوای خەڵکی ئاسایی سادە بووە، پارچەیەک بە قۆڵەکەیەوە شۆڕبووتەوە، کە فەقیانەیە، پشتێن بەستراوە، گوڵینکەی پێدا شۆڕبووتەوە.
شاڵ یەکێکی دیکەیە لەو جلانەی مێژووەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە پێیان وتووە “شاپک، سودرە” کە تا ئێستاش لە بەشێکی کوردستان بە جلی کوردی پیاوان دەوترێت “شاڵ و شاپک”. هەروەها پشتێن، لەلایەن پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتییەکانەوە بەکارهاتووە، پێیان وتووە “پژبێن، پشتێن، پشتان، کەمەربەند، قەیوەن، کۆست”، کۆست تا ئێستاش خەڵک بەکاریدەهێنن، کە لەو سەردەمەدا کەوتنی پشتێن “کۆست” ئاماژەییەکی نەرێنی بووە، تا ئێستاش هەندێک کەس دەڵێن “یاخوا کۆستت نەکەوێت” کە بۆ هەمان مەبەستی ئەو کاتە بەکاردێت، کراسەکە نەکراوەتە ناو شاڵەکەوە پشتێنەکە لەسەر کراسەکە بەستراوە، سێ گرێی پێوە بووە، وەک ئاماژەیەک بۆ سێ بنەماکەی ئایینی زەردەشتی “کرداری چاک، وتەی چاک، بیری چاک”. جلی کوردی پاش هەزاران ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئێستا کولتووری کورد دەوڵەمەندە بە زۆری جۆرەکانی جلی کوردی، زۆرینەی جارەکان بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، جلی ژنان و پیاوان جیاکراوەتەوە، لە هەر پارچەیەکی کوردستان شێوازی دوورینەکەی جیاوازە، هەندێک پارچە بەکاردێت و هەندێکی دیکەشی بەکارنایەت.
ئەو مێژووناسە باس لە پارچەکانی جلوبەرگی ژنان دەکات و دەڵێ: “ژێرکراس” لە بەشی سەرەوە و لەژێر کراسەکەوە لەبەر دەکرێت، درێژییەکەی تا نزیکی ئەژنۆییە، لە پێشتردا قۆڵی پێوە کراوە و گیرفۆڵەی هەبووە، بەڵام ئێستا زیاتر بەبێ قۆڵ دەدروێت.
“ئاوەڵکراس-پاشماڵ” ئاوەڵکراس لە ناوکەوە بۆ سەر پێیە، هاوشێوەی شەڕواڵی پیاوانە، پانە بەڵام لە پزو و دەرلنگەکانیدا لاستیکی تێکدەرێت و بچوکدەکرێتەوە، لە ڕابردوودا بەرێکی خامی سپی پێوە بووە و نافەکی هەبووە، زیاتر لە دوو مەتر قوماشی ویستووە، بەڵام ئێستا نافەک و بەری بۆ ناکرێت، قوماشی ئاوەڵکراس و ژێرکراس هەمان قوماشە دەبێت لەهەمان جۆر و ڕەنگ بێت.
“کراس- فستان” دوای لەبەرکردنی ژێرکراس و ئاوەڵکراس لەبەر دەکرێت، قۆڵ و فەقیانەی هەیە تا کۆتایی باڵای ئەو کەسە درێژ دەبێتەوە، بە گشتی قوماشەکەی جیاوازە لە بەشی ژێرەوە و زیاتر قوماشەکەی تەنکە، لە ڕابردوودا تیرۆژەی هەبووە، دوو پارچە لای ڕاست و چەپی کراسەکە دراوە و زۆر پان بووە.
“سەڵتە” هاوشێوەی هێلەکە، بەڵام قۆڵی پێوەیە و تا مەچەک قۆڵەکانی درێژن.
“کەوا” کەوا لە سێ پارچە پێکهاتووە، لە جیاتی هێلەک یاخود سەڵتە لەبەر دەکرێت، زیاتر بۆ بۆنە تایبەتەکان لەبەردەکرێت، قۆڵی هەیە، درێژیەکەی هاوشێوەی کراس درێژە، دوو فەتحەی لای ڕاست و چەپ تا ئەژنۆ هەیە، لە ڕابردوودا بەری هەبووە و لۆکەی تێکراوە، تا گەرم بێت زیاتر زستان لەبەر کراوە، لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستاندا لەجیاتی کراس فەقیانەی پێوەییە.
“پشتوێن- کەمەربەند” لەسەر کراس دەبەسترێت، لە ڕۆژهەڵات، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر قوماش دەکرێتە پشتوێن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان زیاتر خشڵ و لیرە دەکرێتە پشتوێن.
“کۆڵوانە- چەفتە-چارۆگە” لە پارچەیەکی تەنک پێکهاتووە و لە پشتەوە دەدرێت بەسەر شانەکاندا تا نزیکی ئەژنۆکان درێژ دەبێتەوە، چوارچێوەی کۆڵوانەکە بە لیرە یاخود پولەکە و گوڵینەکەی پێوەدەکرێت.
لەجیاتی کۆڵوانە- چەفتە- چارۆگە، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەسماڵ بەکاردەهێندرێت، کە پارچەیەکی سێگۆشەی درێژە و دەدرێت بەسەر شانەکاندا لە بەشی پێشەوە دەبەسترێت و جارێکی دیکە دەبرێتە پشتەوە و لەوێش گرێیەکی دیکەی لێدەدرێت و شۆڕدەبێتەوە تا خوار ئەژنۆ.
“سرکەی- هەوری” پێکهاتووە لە دوو پارچە، بچوکە، پارچەکەییان وەک سەرپۆش دەدەرێت بەسەردا، دواتر پارچەی دووەم لەسەر دەبەسترێت، شێوەییان سێگۆشەییە.
ئەم مێژووناسە باس لە پارچەکانی جلوبەرگی پیاوان دەکات و دەڵێ: “جامانە” پارچەیەک قوماشی چوارگۆشەیە، بەشێوەی سێ گۆشە دەدرێتەوە بەسەر یەکدا و دەپێچرێت لە سەر، لەگەڵ کڵاو بەکاردێت، نەخشی خەت خەتە، ڕەنگەکانی سور و ڕەش زۆرترین بەکارهێنەری هەیە.
“مشکی” ئەمەیش هەر بۆ سەر بەکاردێت و چوارگۆشەیە، دەپێچرێت، چەند ڕەنگێکی جیاوازی بەکاردرێت، وەک سەوز، سەوز، ڕەش، مارۆنی، لاکانی گوڵینکەی پێوەیە، لە ڕابردوودا زیاتر کەسانی ئاینی و خاوەن پلە و پۆست بەکارییان هێناوە، بەڵام ئێستا بەربڵاوە و هەندێک جاریش لەگەڵ جامانەدا تێکەڵ دەکرێت و پێکەوە بەکاری دەهێنن.
“کڵاو” پارچەیەکی نیو بازنەیە و دەکرێتە سەر، لە کوردەواریدا چەند جۆرێکی هەیە، وەک کلێتە، تەقلە، زۆرجار جامانەی لەسەر دەبەسترێت.
“شەڕواڵ” لە کەمەرەوە تا پێ درێژە، لە کەمەرەوە زۆر پانە و لە دەرلنگەکانیدا تەسک دەبێتەوە، لە پزووەکەیدا بەنەخوێنی هەیە و گرێ دەدرێت، دوو گیرفانی گەورە لە لاکانیدا هەیە.
“کراس” لە بەشی ژێرەوە لەبەر دەکرێت، قۆڵەکانی درێژن، بە گشتی لە ڕابردوودا ڕەنگی سپییان بەکارهێناوە.
“چۆغە” قۆڵەکانی درێژن و لەسەر کراسەوە لەبەر دەکرێت، کەمەر دادەپۆشێت، بەشی کۆتاییەکەی دەکرێتە ناو شەڕواڵەکەوە و قوماشەکەی هەمان قوماشی شەڕواڵەکەیە.
“پشتێن”درێژییەکەی بەلایەنی کەمەوە سێ مەترە، لەسەر چۆغە دەبەسترێت، چەند جارێک بەدەوری کەسەکەدا دەخولێندرێتەوە، پانیەکەی بەپێی خواستی کەسەکان دەگۆڕێت.
“چەکبەند” لە قایشێک پێکهاتووە و لەسەر پشتێن دەبەسترێت، بەکاردێت بۆ ڕاگرتنی چەقۆ و چەک و خەنجەر بەکاردێت.
“پوزەوانە” لە خوری دەچێندرێت، زیاتر لە وەرزی زستاندا بەکاردێت، دەکرێتە نێوان پێ و ئەژنۆکان، بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکاردێت.
“کوڵەباڵ” لە مووی بزن یاخود خوری مەڕ دروست دەکرێت، بێ قۆڵە و لە شانەکانیانەوە دوو کونی تێدایە، هیچ درومانێکی تێدا بەکارنایەت، ئێستا زیاتر بە پۆشاکی هەورامییەکان ناسراوە، هەرچەندە زیاتر بۆ بەرگری لەسەرما بەکاردێت، بەڵام دەتوندرێت لە وەرزی هاونیشدا بەکاربێت چونکە تینی خۆریش دەگێڕێتەوە.
“پەستەک” لە مووی بزن دروستدەکرێت، لە چەند خەتێک پێکهاتووە، هەر ختێکی ١٥ سانتیمەترە، قۆڵی نییە، زۆر ئەستورە، لە ڕابردوودا لە کاتی جەنگەکاندا بەکارهاتووە چونکە تیر نەیبڕیووە، لەبەر ئەوەی سەربازەکان تەڕییان کردووە و لەبەرییان کردووە.
“کەڕەک” شوانەکان بەکاری دەهێنن، سپییەکە، تا خوارەوە درێژە، لە کاتی زستاندا بەکاردێت، ئاو هەڵنامژێت و بەهۆی ئەستورییەوە لە کاتی تەڕبوونیدا ئاوەکەی ناچێتە بەشی ناوەوەی کەڕەکەکە.
“کڵاش” پێڵاوە، لەدوو بەش پێکدێت، بەشی ژێرەوەی لە پەڕۆ دروستدەکرێت، بەشی سەرەوەشی لە دەزوویەکی ئەستور کە لە لۆکە دروستکراوە بە دەست دەچندرێت، پێچەوانەی پێڵاوەکانی دیکە، جیاکردنەوەی تاکی ڕاست و چەپی نییە.