باج بۆ بەرژەوەندی گشتییە، با ڕاستییەکان نەشیوێنین

شێرکۆ حەبیب

کاتێک دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێک باج لەسەر هاووڵاتیان دادەنێت، چ لە داهاتی کەسایەتی یا بازرگانی یا هەر داهاتێک بێت، بێگومان بۆ خزمەتکردنی زیاتری وڵاتە، هیچ وڵاتێک نییە باج لە سەر هاووڵاتیان دانەنێت، تەنیا ئەوانەی کەم درامەت و داهاتن.
ئەوەی لای من جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە بەرێزێک دیار بوو وەک شارەزایەک لە بواری باج مێوانی یەکێک لە کەناڵە کوردیەکان کەناڵێکی ئاسمانی بوو، دەیگوت لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەسەڵات یا حکوومەت باج لە هاووڵاتیان وەرناگرێت، بەڵام ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێنا، دیار بوو مەبەستی ئەوە بوو حکوومەتی هەرێم باج وەردەگرێ، هەر لە میانەی بەرنامەیەک لە کەناڵیکی دیکە کەسێکی دیکە دەیگوت سەڕەرای باج وەرگرتن لە لایەن حکوومەت کارە خزمەتگوزاریەکان و رێگا و بان بە گوێرەی پێویست نییە.
لە ڕاستی ئەوەی ئەو دوو بەرێزە لە دوو کەناڵی بەناو جیاواز باسیان کرد دوورە لەڕاستی تەنیا مەبەستیان ناوزڕاندنی حکوومەتی هەرێمە، من نامەوێ لیرە بەشان و باسی حکوومەت چ کابینەی نۆ یا کابینەکانی پێشوو، هەر یەکەیان بە گوێرەی ئیمکانیەت و بارودۆخ کاری کردووە، لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی کابینەی نۆ گران بوو و کۆمەڵێک گرفت هاتە پێشی، بەڵام لە یەکەم ڕۆژ سەرۆکی ئەنجوومەن رێزدار مەسرور بارزانی لە وتارەکەی لە پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی چاک سازی دا، کە ئەمەش هۆکاری سەرکەوتنی کارەکانیەتی و زیاتر بەرەوپێش چوونی وڵات، ئەمەش لە لایەن هەندێ لە سوودمەندانی گەندەڵی بەربەستی بۆ دروست کرا، لەگەڵ ئەوەش پرۆسەکە بەردەوامە.
کاتێک باسی وڵاتێکی پێشکەوتووی جیهان دەکەین لە ڕووی خزمەتگوزاری دەبێ ئاماژە بەوە بکەین سەرچاوەی داهاتی ئەو خەرجیانە چین؟ لە وڵاتانی پیشکەتووی جیهان باج لەوانەیە لە وڵاتانی بەناو جیهانی سێیەم زیاتر بێت، بۆ نموونە بەریتانیا وڵاتێکی پێشکەوتووە و دیموکراسییە بەڵکو بەناوی (دایکی دیموکراسی ناو دەبرێت) باجێکی زۆر لەسەر هاووڵاتیانی کە کار دەکەن داناوە، لەو وڵاتە تا ١٢ و٥٧٠ پاوەندی ئیستەرلینی لە باج پارێزراوی واتە باجی لەسەر نییە ئەوەش بەنرخی فەرمی ئەمرۆ دەکاتە ١٥،٨٨٨دۆلار بەڵام ئەگەر ئەو مەبلەغە بووە ١٢،٥٩٠ ئەوا رێژەی باج دەبێتە ٢٠٪، لە وڵاتی بەریتانیا کۆمەڵێک باچ هەیە، لەوانە باجی داهات، قازانجی سەرمایە، باجی میرات، و هەندێ لەو باجانە بەرێژەی بەرزبوونەوەیە و زۆرجار دەکاتە ٤٠٪، ئەمە جگە لە باجی ئۆتۆمۆبێل و مافی شەقام، و ژینگە.
کاتیک باسی کارەخزمەتگوزاریەکان و رێگا و بان دەکەین لەڕاستی ئەوەی من لە دەڤەری هەولێر و دهۆک بینیومە لەگەڵ شەقامەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو جیهان جیاوازی نییە، لەسەر ستانەدەری جیهانی بونیاد نراوە، ئەوە نەک هەر بۆ چوونی منی هاووڵاتی کوردستان، بەڵکو لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەند میوانێکی بیانیم لەگەڵ بوو ئاماژەیان بەو پێشکەوتن و جوانی ئاوەدانەی هەولێر و دهۆک کرد.
بۆیە پێویستە ڕووی ڕاستیەکان نەشارینەوە ئەگەر لەگەڵ حکوومەتیش نەبین چونکە حکوومەت بابەتێکە و وڵات و نیشتمانیش بابەتێکی دیکەیە، ئەگەر لە لەگەڵ حکوومەت نەبم مانای ئەوە نییە دژی وڵاتەکەم بم، لەگەڵ ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیریە هێشتا زۆر ماوە حکوومەت بیکات و ئەرکی حکوومەت خزمەتکردنی هاووڵاتیانە.

ھەواڵی زیاتر