کادرەکانی پەکەکە خۆیان خزاندۆتە نێو بەشەناوخۆیی زانکۆکانی سلێمانی

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەستە و تاقم و ڕێکخستنەکانی خۆی خزاندووەتە ناو بەشە ناوخۆییەکانی سلێمانی و بە مەبەستی کاری ئاژاوەگێڕی و خۆپیشادانی ناشارستانی بەکاریان دێنێت.

لەناو بەشە ناوخۆییەکانی سلێمانی، جگە لەوەی ژمارەیەک قوتابی لەلایەن پەکەکەوە فریو دراون و کاری سیاسی بۆ ئەو گرووپە چەکدارە دەکەن، زانکۆ و پەیمانگەکانیان کردووە بە شوێنی چالاکیی سیاسی و بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوی دژ بە ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکان. ئەو قوتابیانەی ئەجێندای پەکەکە جێبەجێ دەکەن، جگە لەوەی ھاوشێوەی ھەموو قوتابییەکی دەرەوەی شاری سلێمانی لەناو بەشە ناوخۆییەکاندا شوێنی مانەوەیان بۆ دابین کراوە، بەڵام ئەوان خەڵکی دەرەوەی زانکۆ، کە قوتابی نین و کاردیری پەکەكەن وەکو (میوان) جێگەیان لای خۆیان دەکەنەوە، لەکاتێکدا ئەو کەسانە لەناو سلکی سەربازیی پەکەکەدا پەروەردە کراون و لەناو بەشە ناوخۆییەکاندا کاری سیاسی و ئاژاوەگێڕی بۆ پەکەکە دەکەن.

پەکەکە لەناو بەشە ناوخۆییەکاندا
لە کاتی خۆپیشاندان و گرژییە سیاسییەکاندا، پەکەکە لە قەندیلەوە کادری خۆی دەنێرێتە ناو شاری سلێمانی، دواتر لە ڕێگەی ڕێکخستەکانی خۆیانەوە، کادیرەکانی تێکەڵ بە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات و لە بەشە ناوخۆییەکاندا وەک (میوان) جێگەیان دەکرێتەوە و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت. تەنانەت لەناو بەشە ناوخۆییەکانی سلێمانی، چەندین کادری پەکەکە ھەن، بەبێ ئەوەی قوتابی بن و نزیکەی دوو مانگە ماونەتەوە. وەك باس دەكرێت، ھیچ کەسێکیش لە ئیدارەی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی ئاگاداری ئەوە نین، کە ئەو کەسانە قوتابی نین و سەر بە ڕێکخستنەکانی پەکەکەن و بە مەبەستی کاری سیاسی و ئاژاوەگێڕی خۆیان خزاندووەتە بەشە ناوخۆییەکانەوە.

کادیرەکانی پەکەکە لە کاتی خۆپشاندانەکاندا
دوو ھەفتە پێش ئێستا، قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی سلێمانی، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان زنجیرەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بەڵام لەناو خۆپیشاندانەکاندا، ڕێکخستەنەکانی پەکەکە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان گۆڕی، بە جۆرێک، ئەوانەی کتێبخانەی گشیی پیرەمەگروونیان سووتاند و ئەو کەسانەیشی پەلاماری دامودەزگا حکوومییەکانی شارۆچکەی سەیدسادق و دووکانیان دا، قوتابی زانکۆ و پەیمانگەکانی سلێمانی نەبوون، بەشێکی زۆریان لایەنگری پەکەکە بوون و دوای ئاساییبوونەوەی خۆپیشاندانەکان دەڕۆشتنەوە بەشە ناوخۆییەکان و پلانی کاری گێرەشێوێنییان لەناو قوتابیان بۆ ڕۆژانی دواتری خۆپیشاندانەکان دادەڕشت.

کوڕان و کچان بۆ کاری چەکداری فریو دەدەن
ھەرچەندە ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ پێشتر بڵاوی كردەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) منداڵان دەڕفێنێ و بۆ چالاكیی سەربازی و شەڕ بەكاریان دەهێنێت، لە كاتێكدا پێویست بوو ئەو منداڵانە لە ماڵی گەرموگوڕی خۆیاندا بژین و ڕۆژانە لە قوتابخانەكاندا وەكوو هەر منداڵێكی تر بخوێنن، بەڵام ڕێکخستەکانی پەکەکە لەناو زانکۆ و پەیمانگاکانی شاری سلێمانی، هزری توندڕەویی پەکەکە بڵاو دەکەنەوە و ھانیان دەدەن لە دایک و باوکی خۆیان دابڕێن و بڕۆنە ناو ھێزە چەکدارەکانی پەکەکە، لەکاتێکدا ئەو کەسانەی لەلایەن پەکەکەوە فریو دراون، دوای ئەوەی پەشیمان بوونەتەوە و ھەوڵیان داوە قەندیل بەجێ بھێڵن، لەلایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە رێگرییان لێ کراوە و کوژراون.”

سەرچاوەیەكی تایبەت

ھەواڵی زیاتر