سێ سەد خێزانی کورد لە کەرکووک ھەڕەشەی دەرکردنیان لەسەرە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە کەرکووک بە بیانووی ئەوەی لە خانووی حکوومەتیدا نیشتەجێن، نزیکەی سێ سەد خێزانی کورد لە ھەر دوو گەڕەکی نەورۆز و عەرەفە ھەڕەشەی دەرکردنیان لەسەرە، ھێزە ئەمنییەکان ھەندێک ھاووڵاتییان دەستگیر کردووە و بە شەش مانگ زیندانی سزادراون و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ھەندێک کەسی دیکە دەرچووە؛ وەکو خۆیان دەڵێن، تەنیا لەبەر کوردبوونیانە، ئەوەی لە بەرانبەرمان دەکرێت لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیش نەکراوە. حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کەرکووکمان داوە، بۆ ئەوەی دۆخی کارگێڕی کەرکووک بۆ سەردەمی پێش ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و سەپاندنی پارێزگایەکی خۆسەپێن بگەڕێنینەوە.

حەوت ساڵە کورد پیلانی تەعریبکردنی خاک و زەوی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، لە کۆتایی دەستەڵاتی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نزیک دەبینەوە، بەڵام پلانەکانی دژ بە کورد چڕتر بوونەتەوە، دانیشتووانی کەرکووک، دەڵێن، ئەوەی لە بەرانبەرمان دەکرێت، ھیچی کەمتر نییە لەوەی کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو کراوە.
تەنیا ساڵی ڕابردوو نزیکەی سەد و حەفتا پڕۆژە بۆ سنووری حەویجە لەلایەن ڕاکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووکەوە جێبەجێکراون، بەڵام گەڕەکە کوردییەکان لە ھەموو ئەو بودجانەی دێنە شارەکەوە بێبەش دەکرێن و ھیچ پڕۆژەیەکیان بۆ نەکراوە، بارودۆخی ھاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک زۆر خراپە و دەچەوسێنرێنەوە و ھیچ بۆ کورد ناکرێت.
چەندین کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری یەخەی خەڵکی کەرکووکیان گرتووە، تابەرەو قوڵایی گەڕەکە کوردییەکان بڕۆی کێشەکان زیاتر دەبن، گردبوونەوەی زبڵ و خاشاک و نەبوونی ئاو و کارەبا و خراپیی ڕێگاوبانەکان و چەندین کێشەی دیکە خەڵکەکەی ھەراسان و بێزار کردووە.
ناڕەزایەتییەکانی ھاووڵاتییان، لە دژی دەرکردنیان نزیکەی مانگێکە لە ھەر دوو گەڕەکی نەورۆز و عەرەفە بەردەوامە و تا ئێستە کێشەکەیان چارە نەکراوە، ھاووڵاتییان دەڵێن، بۆ لە پارێزگاکانی باشوور کێشەی ھاووڵاتییان چارە کراوە، بۆ ئەوەی ئێمە تا ئێستە چارە نەکراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە کێشەکە سیاسییە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئێمە کوردین.
ھەموو ئەو ھاووڵاتییە کوردانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە ئاوارەی گەڕانەوە کەرکووک و لە خانووەکانی سەر بە کۆمپانیاکانی نەوت لە گەرەکی عەرەفە نیشتەجێ بوونە، فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە و ھەڕەشەی ئاوەرەبوونێکی دیکەیان لێ دەکرێت، ھاووڵاتییان دەڵێن، ئەو تەعریب و بێڕێزییەی بە کورد لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان و پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک دەکرێت، سەدام حوسێنیش ئەوەی نەکردووە. بەرپرسانی کوردیش لە شارەکە، دەڵێن: فشارەکانی سەر کورد لە کاتێکدایە کەرکووک بە بۆشاییەکی ئیداری تێپەڕ دەبێت و لە چاوەڕوانی کردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاداین بۆ گۆڕانکارییە ئیدارییەکان. پارێزگای کەرکووکیش لە نووسراوێکدا وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای دیاریکرد و لە ڕێگەی ئیدارەی ئەنجوومەنەکەشەوە داوای ئاگادارکردنەوەی ئەندامەکانی کردووە ئامادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بن، داوای لە سەرجەم ئەندامە دەرچووەکان کردووە، کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١ی شوبات ٢٠٢٤ ئامادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بن، ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سوێندی یاساییان خوارد. حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی کەرکووکمان داوە، ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی دۆخی کارگێڕی کەرکووک بۆ سەردەمی پێش ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و سەپاندنی پارێزگایەکی خۆسەپێن بگەڕێنینەوە و کار دەکەین بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی کاریگەرییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی شارەکە.
سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: لەسەر ئەو بەرنامەیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دایناوە، بەشێوەیەکی ھاوسەنگ خزمەت دەکەین و ھەموو چین وتوێژ و پێکھاتەکانی کەرکووک بە یەک چاو دەبینین و ھیچ جیاوازییەک ناکەین لە خزمەتکردنیان، بەتایبەتی کە پێشتر ئەو ھاوسەنگییە ڕانەگیرابوو لە خزمەتکردنی شارەکە و خەڵکەکەی.
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیاتر گوتی: ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە چ ئەوانەی کراون و ئەوانەیشی کە دەکرێن، ھەروەھا ھەوڵ دەدەین ھەلی کار بۆ خەڵکی شارەکە بەتایبەت بۆ گەنجانی کەرکووک بدۆزینەوە و دەستەبەر بکەین.
لە ساڵی ٢٠٠٥ و لە دوای ١٨ ساڵ، خەڵکی کەرکووک دەنگیاندا بۆ ھەڵبژاردنی ١٦ ئەندامی نوێی ئەنجوومەن، کە ١١ کورسی ئەنجوومەنەکە بۆ پیاوان و چوار کورسیشی بۆ ئافرەتان و یەک کورسیش بۆ کۆتای پێکھاتەکانە، ئێستە لە ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک، کورد حەوت کورسی لە ئەنجوومەنەکە بەدەستھێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە ڕۆژی ٣٠ـی مانگی ڕابردوو ھاوپەیمانێتییەکیان پێکھێنا ئێستە خاوەنی ٦ کورسین، تورکمان ٢ کورسی و کرستیانەکان ١ کورسیان بەدەستھێناوە.
ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسەند کرد، کە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ھەڵبژاردنی بۆ کرا.

ھەواڵی زیاتر