بەهۆی زۆری گرووپە چەکدارەکانەوە بودجەی عێراق بە هانای خەڵکەکەی نایەت

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

ڕۆژ بە ڕۆژ ڕاپۆرتەکان نهێنییەکانی پشت شکستی حوکمڕانی کابینە جیاوازەکانی عێراق دەخەنە ڕوو، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پێشووی حکوومەتی عێراق بێت، تۆڕی نهێنی و فراوانی گەورەبەرپرسان هەن کە چەندان ملیار دۆلار لە گەنجینەی گشتیی عێراق ڕادەکێشن.

گرووپە چەکدارەکان خاوەنی گەنجینەی عێراقن
دوای ئەوەی داعش تەنگی بە عێراق هەڵچنی و کە ئەوکاتیش بەهۆی لاوازی سیستەمی سەربازی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی توشی شکست هات لەسەردەستی تیرۆرستانی داعش، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە سەرهەڵدانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بووە مۆدێلێکی یەکجار بەربڵاو و بەشێوەیەک هیچ کەسایەتییەک نەما لەنێو بەرپرسە باڵاکانی شیعە هێزێکی سەربازی نەبێت و دواجار، ئەم هێزانە لە ساڵی ٢٠١٦ بە یاسایی کران لە کاتێکدا بە ئاشکرا لە دەستووری عێراقدا گرووپی چەکدار بە میلیشیا لە قەڵەمدراوە. دوایی بە یاسایی بوونیان ژمارەی ئەندامانی ئەم گرووپە چەکدارانە کە مووچەکانیان لە زیاتر لە ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار دینارەوە دەست پێدەکات ئێستە ژمارەیان گەیشتووەتە سەرووی دوو سەد و سی و هەشت هەزار چەکدار. لە بودجەی بەرگریی عێراقدا نزیکەی نیوەی بودجەیەکەیان بۆ تەرخان کراوە کە ساڵانە نزیکەی چوار تریلیۆن دینارە. چەندین سەرچاوەش باس لەوە دەکەن، ئەو ژمارەیەی لە بودجە بۆ ئەو هێزانە تەرخان کراوە، زۆر کەمترە لەوەی بە فعلی بۆیان خەرج دەکرێت و تەنانەت ئەو گرووپە چەکدارانە دەتوانن ڕێگری بکەن لە هەر کاروبارێکی حکوومی تایبەت بە بواری دارایی و خۆیان وەک خاوەنی گەنجینەکەی عێراقن.

ئاستی گەندەڵی عێراق و داواکارییەکانی لە هەرێم
ئەوەی ساڵانێکە مشتومڕی زۆری لەسەر کراوە و تا ئێستەش درێژەی هەیە، ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتە جیاوازەکانی عێراقە، دوای تێپەڕینی ٣ کابینەش ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاکامێکی وای نەداوەتە دەستەوە هەردوولا ئەرخەیان بن. لەوەتەی سەرهەڵدانی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستە و لە لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم دەبیسترێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەفافانە زانیارییە ورد و بچووکەکانی خستووەتە بەردەم حکوومەتی عێراق لەڕووی ژمارەی فەرمانبەران و لیستی مووچە، بەڵام حکوومەتی عێراق تەنانەت ڕەخنە لە بچوکترین کەموکورتییەکانی ئەو لیستە دەگرێت و بیانووی جیاواز جیاواز دەبینێتەوە بۆئەوەی لەمپەر دروست بکات لەبەردەم ناردنی شایستە داراییەکان و مافی خەڵک. ئەمە لە کاتێکدایە، بە پێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق لە عێراقدا تەنانەت ژمارەی مووچە خۆرەکان دیار نین. خالید بەتال نەجم، وەزیری پێشووی پلاندانانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزیری ئێستای پیشەسازی و كانزاكانی حكوومەتی عێراق، لە دیمانەیەكی پێشتریدا بۆ كەناڵی (العراقیه) رایدەگەیەنێت: عێراق خەسڵەتی دەوڵەتی تێدا نیە، ڕەنگە قسەیەك بكەم بڕوا ناكەن یان خەڵكانێك پێیان ناخۆش بێت، بەڵام من دەمەوێ ڕاستگۆ و ڕاشكاو بم، نە من كە وەزیری پلاندانانی عێراقم و نە وەزیری دارایی عێراقیش، هیچمان نازانین بەتەواوی حكوومەتی عێراق چەند فەرمانبەری هەیە! بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵ و لێدوانانە بە تەواوی ئەوە دەسەلمێنێت ئاستی گەندەڵی لە عێراقدا بە شێوەیەکە هەر چ توانجێک لە لیستی مووچەی هەرێم بگرن بەتاڵە و شەڕ فرۆشتنە.

هیچ چاکسازییەک لە عێراقدا نەکراوە
ئەگەرچی بەهۆی ئەو سەرکێشییەی گرووپە چەکدارەکان و تۆڕە دەسەڵاتدارە نهێنییەکانی عێراقەوە، وەزیری پێشووی دارایی دەستی لە کارکێشایەوە، بەڵام هیچ چاکسازییەک لەسەر بنەمای ئەو نووسراوە نەکرا کە وەزیرەکە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی کردبوو. عەلی عەللاوی، وەزیری پێشوی دارایی عێراق لە نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق كەئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی كردبوو نووسیویەتی: تۆڕی نهێنی و فراوانی گەورەی بەرپرسان هەن کە چەندین ملیار دۆلار لە گەنجینەی گشتیی عێراق ڕادەکێشن و ئەم تۆڕانە لە لایەن حیزبە سیاسییە گەورەکانەوە پارێزراون.
ئەوەشی ڕاگەیاندبوو: زۆر ئەستەمە گۆڕانکاری و چاکسازیی ئابووریی گەورە و بەردەوام لە عێراقدا بکرێت، چونکە هەموو شتێک بۆ رێگرتن لە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بەربەستە.
وەزیری پێشوی دارایی عێراق لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت: تۆڕی نهێنی و فراوانی گەورە بەرپرسان و پیاوانی کار و سیاسەتوانان و فەرمانبەرە گەندەڵەکانی دەوڵەت لە سێبەردا هەن، کە هەوڵی دەستگرتن بەسەر چەندان بەشی ئابووری بە تەواوەتی دەدەن؛ هەروەها چەندان ملیار دۆلار لە گەنجینەی گشتیی ڕادەکێشن. ئەم تۆڕانە لە لایەن حیزبە سیاسییە گەورەکانەوە پارێزراون و بە پارێزبەندیی پەرلەمانی و چەکی یاسا و تەنانەت لە لایەن لایەنی بیانییەوە پارێزراون.
ئەو نامەیەی وەزیری پێشووی دارایی عێراق، کاردانەوە و توڕەیی زۆری شەقامی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئێستە حکوومەتی عێراق بە شەڕ فرۆشتن بە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو بابەتانەی لە شەقامی عێراق شاردووەتەوە لە کاتێکدا دەستی گەندەڵی بە هەمان قەبارەی ئەوکات و زیاتریش لە عێراق دەستی درێژ کردووە.

سیاسییەکانی عێراق نایانەوێت ئەم ڕەوشە بگۆڕێت
لێدوانەکان باس لەوە دەکەن، زۆرینەی سیاسییەکانی عێراق، لە بابەتی گەندەڵیدا تێوەگلاون و نایانەوێت ئەو ڕەوشە بگۆڕن. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن؛ داهاتی نەوت و ناوخۆ بۆ بەرژوەندییەکانیان بەکاردەهێنن، هەر بۆیە دەبینین هیچ ئاوەدانییەک لە شارەکانی عێراق نییە”. تەنانەت یەکێک لەو بابەتانەی کە حکوومەتەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە دەبوو کاری لەسەر بکەن، بابەتی ئاوەدانکردنەوە بوو. بەڵام بەدرێژایی ئەو بەروارە تا ئێستە لەو بوارەدا شکستی هێناوە و تەنانەت ئاستی خزمەتگوزاری لە هەندێک لە شارەکانی عێراق لە ئاستی سفردایە و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش دابین نەکراوە. ئەمە جگە لەوەی لە بوارەکانی دیکەش هیچ هەنگاوێکی نەناوە و تەنانەت بە پێی ڕاپۆرتێکی نوێ ئاماری ئەو هاووڵاتیانەی عێراق کە لە خانووی کرێدا دەژین نزیکی ٤٠٪ ە کە ئەمەش بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە خاوەنی بودجەیەکی زەبەلاحە نیشانەی شکستی حوکمڕانیە.

ھەواڵی زیاتر