خوێندەوەیەک بۆ ڕۆمانی (بەڕێگاوە)ی دڵشاد کاوانی

سه‌روه‌ر حمدامین حاجی

ڕۆمانی بەڕێگاوە ڕۆمانێکی فەلسەفی و سیاسی و فکری و مەعریفییە، چەندین ڕووداو و بەسەرهات لەخۆدەگرێت، نووسەر لە ڕۆمانەکەی ڕەچاوی ئەوەی کردووە کە بۆ کێ دەنووسێت؟ خوێنەرەکانی کێن؟ ئاستی قووڵبونەوەیان چەندە؟ سەرەتا ڕۆمانەکە بە بەسەر هاتی کوڕێک دەست پێ دەکات بەناوی (نارسیس)، کە دەیەوێت باوکی بدۆزێتەوە. هەروەها نەخۆشییەک کە نابێت کەس قسە بکات و دەبێت هەمووان لاڵ بن.

لە جیهاندا ڕۆمان و شێوە و ژانری ڕۆمانی مەزن گەلێک زۆرن، وەلێ ئەو ڕۆمانانە کەمن کە وەک ڕۆمانێکی پێشبینیکار بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی دەنووسرێنەوە و بە ئاستێکی باڵاتر لە دید و ڕوانیینەکانی سەردەمی خۆیان پێش دەکەون و نووسەرەکانیان بە چاوێکی جیاوازتر لە ڕوودا و پێشهاتەکان دەڕوانن، چجای ئەوەی لە نێو ڕۆمانووسانی کورد ئەم جۆرە دەق و ڕۆمانانە نابیدرێن.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئێمە لەناو کورد دا، خاوەنی ڕۆمانی بە ڕێگاوەی دڵشاد کاوانین کە خاوەنی دوو ڕۆمانە هەردوو ڕۆمانی ڕۆماننووس، ڕۆمانی بەڕێگاوە و ڕۆمانی فڕینی پردەکان، وەک دوو ڕۆمانی پێشبینیکار ناسراوون، ئەوەی من دەمەوێت لیرە لەسەری بوەستم تەنیا چوار پێشبینییە، کە لە ڕۆمانی بەڕێگاوە و لە کاتی خوێندەوەیدا ڕۆماننووس لە دوو ڕووداوی جیاواز دەیانخاتە بەرچاوی خوێنەر.

چوار پێشینییەکەی ناو ڕووداوەکانی ڕۆمانی بەڕێگاوە
یەکەم: نەخۆشی کڕۆنا، کە هەمووان کەرەنتینە بووین لە ماڵەوە، بەهەمان شێوە لەنێو ڕۆمانەکەش گێڕەوە هەمان شت بۆ خەڵک دەگێرێتەوە.
کە ئەم پێشبینییە لای نووسەر کارێکی زەینییە وەک ئەوەی هیچ نەخۆشیەک بوونی نییە، تەنیا پڕوپاگاندەیەکی جیهانیی بێت بۆ ئەوەی خەڵکی سەرقاڵ بن و زوڵم زۆری دەسەڵاتدارانیان بیر بچێت و دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مانەوە لەدەسەڵات سود لە پڕوپاگەندەی ئاوا ببین و هەرکەسێکیش بە ڕاستیەکەی بزانیایە ئەوا دەستگیر دەکرێت تەنانەت لێرەش هەر ئاوا شتەکان دەبینم دەبێت زۆربەی کاتەکان بە لاڵببیت.
دووەم: هەروەها ڕۆمانەکە باس لە ململانێی بنەماڵیەکی میر دەکات بەناوی میر ئەمبێز، کە نەوەکانی ئامۆزای یەکترن و شەڕی دەسەڵات دەکەن، ئەمەشیان هەر ئەو ململانێیەی دەسەڵاتی کۆمەڵگەکەی خۆمانی دەهێنامە بەرچاو تەنانەت هەندێ کات وەک پێشبینی دەهاتە بەرچاوەم و ململانێی ئامۆزاکانیشمان لەم هەریمەدا و لێرەدا لەو ماوەیەدا هەموومان بە چاوی خۆمان بینی.
سێیەم: نووسەر لە ڕۆمانەکەدا باس لە شوێنێک دەکات بەناوی (هەرێمی نێرگزان) کە بەشێک لە کاراکتەرەکان لەکاتی هەڵهاتن لە ڕووداوەکان دەکەوتنە ئەو شوێنە بە هۆی سەختی و دژواری شوێنەکەوە دەکەوتنە خوارەوە و لەوێ بەهۆی ژەهراوی بوون بە گوڵی نێرگزەوە دەمردن، بەڵام زەیرەکی پزیشکانی ئەو شوێنەوە جارێکی تر کاراکتەرەک زیندوودەبوونەوە، لێ ئەم ڕووداوەش کۆچی گەنجانی ئەهێنایە بەرچاوم، کە لەم ساڵانەدا ڕێگای سەخت و مەرگیان گرتۆتەبەر بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بە ئومێد و خەونی ئەوەی لەوێ بگەنە شوێنکی ئارام کە هەمووان وەک یەک بن ژیانێکی باشتر بژین. وەک ئەو ژیانەی لە هەرێمی نێرگزان هەبوو کەوا کەس لە کەس جیاوازتر نییە و لەوەی تر دەوڵەمەند تر نییە، هەمووان هەمان خواردنیان هەیە، لەوێدا کەس نەخۆش ناکەوێت و کەس نامرێت و هەمووان وەک یەک وان، مافی کەس ناخورێت و پێشێل ناکرێت. ئەو خەونەی بەدرێژای مێژوو خەونی هەموو گەلێک بووە، لێ گەنجانی ئێمە زۆرێکیان لەو ڕێیەدا مردن و چیرۆکی هەندێکیان بە نەمری مایەوە، یاخود لە سنووری نێوان دوو وەڵاتدا بە هۆی ململانێی سیاسی گیریان دەخوارد.
هەروەک بینیمان بەشێکی زۆری کۆچبەران لەسنووری نێوان هەردوو وەڵاتی ئۆکرانیا و بیلاڕووسیا گیریان خواردبوو. هەروەک ئەوەی لە(هەرێمی نێرگزان)یش شتەکان پێچەوانە دەبوونەوە ئەوێش ئاژاوەی تێدەکەوێت کاراکتەرەکان لەوێدا گیریان دەخوارد و بە زەحمەت خۆیان لەو شوێنە ڕزگار دەکرد.
ئەوەی زۆر لەو ڕۆمانە چیژی بە من بەخشی بوو ڕەهەندە ئەفسانەی ڕۆمانەکە بوو، کەوای کرد توێژینەوەی دەرچوونم لەسەر ڕەهەندی ئەفسانەیی بێت، کە من وەک خوێنەرێک تا ئێستا یەکەم جارم بوو ڕۆمانێکی کوردیم خوێندبێتەوە، ببینم ئەفسانەی بەو شێوازە جوان و چێژ بەخشە مەزراندبێتەوە لە ڕۆمان بەرچاوم نەکەوتوە و ڕەنگە منیش خوێنەرێکی زۆر باش نەبم، نووسەر هەرسێ ئەفسانەی(نارسیس و ئۆدیب، ئەلیکترا) ی لەڕۆمانەکەدا بە شێوازێک سەرنج ڕاکێش مەزراندۆتەوە کە تەنانەت پەیوەندی خوێنی لەنێوان کاراکتەری(نارسیس و ئۆدیب) دروست کردووە،
چوارەم: لایەنێکی تری ئەو ڕۆمانە سادستیە، کە سادیزم: لە دەروونزانی دا نەخۆشیەکە کەسەکان وا لێدەکات حەز بە ئازاردانی دەروونی ئەوانی تر بکەن، هەروەها لە نێو ڕۆمانکەدا باس لە چەند گروپێکی توندڕەوە دەکات، یەکێک لەو گروپانە هاوشێوەی گروپی توندڕەوی داعش ئەهاتنە بەرچاوم، کە جگە لە جیهاد و خوێنڕێژی هیچ ئامانجێکیان نەبوو، ئەو شەڕەی فەڵەستین و ئیسڕائیل، ئەو شەڕە و پێکدانانەی نێوان ئاینەکان و گروپەکانی بیر خستمەوە کە لە نێو ڕۆمانەکەدا یەکێک لە گروپە توندڕەوەکان کە هەڵگری فکری مانسۆنییەت بوون لە لایەن سێ سەرکردەوە ئەوانیش( تۆماس، ئۆدیب، مێخۆی جولەک) سەرکردایەتی دەکران
گروپێکی ئیسلامی تریان لەلایەن (نارسیس، شێمراز، بێزواڵ) سەرکردایەتی دەکران و هەوڵیان ئەدا بە تونێلەکان بگەن بە کۆشکی سەرکردایەتی و نهێنییەکان، ئاژاوە و شەڕو کوشتارێکی زۆر دەنێنەوە تەنانەت لە نێو گروپەکانی تریش.
نووسەر لەناو ڕۆمانەکەیدا زۆر لێهاتوو و لێزانانە تەکنیکانی ڕۆمان نووسی وەک ( کات، ڕووداو، شوێن، کاراکتەر) بۆنمونە شوێن لە نێو ڕۆمانەکەدا هەموویان شوێنن لە کوردستان، کە نووسەر سەنحەتسازیەکی زۆر باشی تێداکردووە کە خوێنەر بە ئاسانی هەست بەوە نەکات کە ئەمانە شوێنی ڕاستین و شوێنی خەیاڵی نین لە واقیعدا بوونیان هەیە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە من وای بۆ دەچم کەوا نووسەر بەشێکی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی پێشبینی بۆ کردووە ڕوو بدەن، هەر لەبەر ئەمەش بێت ڕۆمانەکەی ناو نابێت بەڕێگاوە، ڕەنگە مەبەستی بێت بڵێت ڕووداوەکان بەڕێگاوەن، یاخود دەشکرێ پێمان بڵێت هەموومان وەک نارسیس لە هەمان ڕێگاین .ڕۆمانەکە وات لێدەکات خۆت لێ ببێت بە نارسیس، یان هەموومان نارسیسێکین و لەو ڕێگایەی ژیان لە ڕێکردن داین.
دوای خوێندنەوەی پێنج جاری وەک خوێنەرێکی ڕۆمانەکە ئەوە گۆشەنیگای من بوو، لێ نازانم لە چاوی خوێنەرێکی تر چۆنە و چۆن لە ڕۆمانەکە دەڕوانێ.
*بەکالۆریۆس لە ئاداب بەشی زمانی کوردیی زانکۆی سۆران.
سەرچاوەکان
الجسور الطائرة” رواية كردية تتنبأ بمستقبل من الصراعات الرواية تهدف إلى إظهار آلام المجتمع الإنساني للحد من الجريمة والقضاء على الشر وترسيخ روح القبول المتبادل ونبذ الانغلاق والتطرف. الصيحفة العرب في لندن. العدد 12971.لسبت 2023/12/02
ڕۆمانی بەڕێگاوە چاپی یەکەم ساڵی 2020 چاپخانەی جەنگەل. تاران.

ھەواڵی زیاتر