سێ خونچە شیعر

ڕەوەند ساڵح

1
قەرەجێکم
نامەوێ گۆڕ غەریب ببم
کێ ناسنامەم ئەداتەوە؟
من پیرەداربەڕوویەکی جێماوم
سەدان ساڵە ڕەگم زوخاو ئەخواتەوە
ناااااا
نێرگزێکم بەهارەکەم لێتێکچووە
کۆترێکم بەدەم هەناسەی فیراقەوە
ئاسمانم لێ ونبووە

2
ئەوین جیهانێکی دوورە
لەمێژە بەجێمهێشتووە
ئەگەر ڕۆژێ لە شیعرێکما
خۆشویستنێکتان بەرچاوکەوت
چاک بزانن درۆ ئەکەم
ئەگەر جارێک لە دێڕێکما
پێکەنیم بە ڕووتانەوە
سەمای وشەیەکتان بینی
لەسەر کەناری عیشقێکدا
ئەوە من نیم
چاک بزانن
وام لە دونیایەکی جودا
نامۆیانە چرۆ ئەکەم

3
هاتم ..
بێ دڵ هاتم
بێ دڵ ڕۆشتم
بێ دڵ ژیام
بێ دڵ وێنەیەکم گرت
وێنە چووە ناو چوارچێوە
وێنە هات …. وێنە چوو
بووە سەر دێڕی هەواڵەکان
بوو بە مانشێتی ڕۆژنامە
ژن بوو
دڵێکی میهرەبانی هەبوو

ھەواڵی زیاتر