پەرلەمانتارێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند راستییەک لە میانی بەسەركردنەوەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، وەك لێژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات.
مەریوانی قەرەنی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ یەكشەممە 21/1/2024، وەك لێژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرخستنی راستییەكان لەبارەی مووشەكبارانكردنی ماڵی شەهید پێشڕەو، سەردانی ماڵەكەیان و شوێنە بۆردومانكراوەكەمان كرد.”
ئاماژەشی بەوە داوە: “هەر ئەمڕۆ، لەگەڵ لە كەسوكاری نزیكی شەهید پێشڕەو دزەیی گفتوگۆمان كرد، ئەوان جەختیان لەوە كردەوە كە هیچ كاتێك بازرگانیی نەوتیان نەكردووە، ئەوان هیچ جۆرە تێكەڵییەكیان لەگەڵ كاری سیاسیی نییە و نەبووە، چەند هەفتەیەكیش پێش ڕووداوەكە، شەهید پێشڕەو دزەیی خۆی لە بەغدا بووە و گفتوگۆی لەبارەی ئەوە كردووە كە پرۆژەی وەبەرهێنان لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیشدا بكات، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە شەهید پێشڕەو هیچ پەیوەندییەكی بەو تۆمەتانەوە نەبووە كە ئێستا ئاراستەی دەكرێت، ئەگینا چۆن دەچووە بەغدا و چۆن ئامادەیی خۆی بۆ سەرمایەگوزاری لە ناوچەكانی عێراق دەردەبڕی؟”
روونیشی کردووەتەوە کە لێژنەكە چەند ئەندامێكی سەر بە پێكهاتەی شیعەی تێدابوو، ئەوانیش هاوڕابوون لەگەڵمان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
– ئەو ماڵەی مووشەكبارانكراوە، هیچ پەیوەندییەكی بەو بانگەشانەوە نییە كە باس لە بوونی بنكەی مۆساد دەكەن، بەڵكوو ماڵەكە شوێنی نیشتەجێبوون بووە و كەسانی سڤیل لە ژن و منداڵ لەو ماڵەدا بوون و شەهید بریندار بوون.
– حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پاساوێكی بۆ وڵاتانی دراوسێ نەهێشتۆتەوە بۆ بۆردومانكردنەكان، بە تایبەتیش لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا لێژنەیەكی باڵای ئەمنی بەپێی ڕێككەوتنێك دامەزراوە كە لە نێوان هەرسێ حكوومەتی (ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان)دایە. لێژنەكە دوو ڕۆژ پێش مووشەكبارانەكە لە عێراق بوون و هیچ یەكێك لەو قسانەیان نەكردووە كە دوای مووشەكبارانەكە كراون.
– تاوەكوو ئێستا ئێران ئەو بانگەشانەی لە میدیاكانیەوە دەیكات، نەیسەلماندووە و ئەوەی دەیڵێت لەبارەی بوونی بنكەی مۆساد لە شوێنە بۆردومانكراوەكە ڕاست نییە.
– پێویستە هەڵوێستی فەرمی بەرامبەر بە ئەم مووشەكبارانكردنە تەنیا بە سەركۆنەكردن نەوەستێت، بەڵكوو هەموو هەوڵێك بدرێت كە جارێكی دیكە پێشێلكاریی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
– هەموان هاوڕابوون كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران پەیوەندییەكی دۆستانە بێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەكتر، ناكرێت قەبووڵ بكرێت بەهیچ بیانووێك سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان پێشێل بكرێت.
– راپۆرتی كۆتایی لێژنەی لێكۆڵینەوەكە یەك بخرێت و لە راپۆرتەكەدا هەریەك لە بەڕێزان (وەزیری ناوخۆی عێراق، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و لێژنەی لێكۆڵینەوەكە) پێكەوە یەك ڕاپۆرت ئامادە بكەن و هەموو راستییەكانی تێدا بخەنە ڕوو.
– هەموومان هاوخەم بووین لەگەڵ كەسوكاری زوڵملێكراوی شەهید پێشڕەو دزەیی، دڵمان ئازاری چەشت بە بینینی كەلوپەلی ئەو منداڵانە كە لەنێو ئارامترین شوێنیاندا كە ماڵەكەی خۆیانە، بەبێ هیچ تاوانێك، بە مووشەكی ئەوتۆ بۆردومان كراون كە لە جەنگە گەورەكاندا بەكار دێت.
هەروەها مەریوانی قەرەنی راشیگەیاندووە: “بۆمان دەركەوت كە شەهید پێشڕەو دزەیی یەكێك بووە لەو كەسانەی لە كاتی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ئەوپەڕی هاوكار بووە و هاوكاریی كەسوكاری شەهیدانی شەڕەكانیشی كردووە بەبێ جیاوازی، بۆیە بەهیچ شێوەیەك شایانی ئەم زوڵمە نەبوو كە لێی كراوە.”