عەباس زاملی: ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی شوێنی نیشتەجێبوون بووە نەک بنکەی سیخوڕی

سەرۆکی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق کە سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کردبوو، دەڵێت، “ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە، نەک بنکەی سیخوڕی”. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە”. گوتیشی، “ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت”.

عەباس زاملی ئاماژەی بەوەش کرد، “هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. ئەگەر بەڕاست بنکەیەکی سیخوڕی هەر وڵاتێک لەنێو هەرێمی کوردستان هەبووبێت؛ ئێران دەیتوانی لە رێگەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە گفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەربکات، نەک هێرشی مووشکەی بکاتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیل”.

شاخەوان عەبدوڵڵا: شەقامی عێراقی چاوەڕێی زیاتر لە پەرلەمان و حکومەت دەکات

هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقتش کە لەگەڵ لیژنەکە چووبووە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، “ئێمە وەکو پەرلەمانی عێراق داوامان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە هەنگاوە کردارییەکان بۆ رێگریکردن لەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان خێراتر بکات و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێن کە خەڵکی هاووڵاتیی سڤیل دەکرێنە ئامانج”.

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، “شەقامی عێراقی و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕێی زیاتر لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی چیدیکە هەڵوێستەکەیان بە سەرکۆنەکردن کۆتایی نەیەت، بەڵکوو هەنگاوی کرداری و نێودەوڵەتی بنێین بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە دووبارە نەبنەوە و کۆتاییان پێ بێت”.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە، “ئێمە وەکو پەرلەمانی عێراق پشتیوانی هەموو ئەو هەنگاوانە دەکەین کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر گرتوویەتییەبەر”.

شاخەوان عەبدوڵڵا دووپاتیکردەوە، “لەومەودوا خەڵکی عێراق لە ئێمە قبووڵ ناکات هەڵوێستمان لەبارەی ئەو هێرشانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان تەنها سەرکۆنەکردن بێت، بەڵکوو دەبێت هەنگاوی کرداری بگرینەبەر”.

رێبەر ئەحمەد: هەموو ئەو بیانوویانەی ئێران باسیان دەکات، بێ بنەمان

هاوکات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، تەواوی ئەو زانیارییانەی لەبارەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی و هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، “پێویست بوون” خستوویانەتە بەردەستی لیژنەکە.

رێبەر ئەحمەد جەختیکردەوە، ئەو شوێنەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج “شوێنێکی سڤیلە و خانووی سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو و بەڕێزی شاری هەولێرە. ماوەی چەندین ساڵ بوو خێزانەکەی تێیدا دەژیان و، هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەبووە. هەموو ئەو بیانوویانەی باسدەکرێن، بێ بنەمان”.

ھەواڵی زیاتر