دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەرێمەکانی ئاو و هەوای جیهان بناسە

مەبەست یعقوب

زانستی جوگرافیا: زانستێکی گەورەیەو دەکۆڵێتەوەلە سەرجەم دیاردە سروشتی و مرۆییەکانی سەر ڕووی زەوی، یەکێک لەو بوارانەی کە دەکۆڵێتەوە بواری ئاو و هەوایە،
جوگرافیای ئاو و هەوا:بریتیە لەسەرجەم ئەوگۆڕانکارییانەی لە چینی ترۆپۆسفیر ڕوودەدات و لێیان دەکۆڵێتەوە وەک ڕەگەزەکانی(پلەی گەرمی و تیشکی خۆر و باران و بەفر و با و شێ و بەهەڵمبون و هەور و تەوژمە دەریاو زەریاکان و بارستە هەوا و هتد) کە ماوەکەی دەگاتە 25بۆ30ساڵ واتە بۆزانینی ئاو هەوای هەرێمێک یان وڵاتێک دەبێ 25بۆ30 لێیبکۆڵیتەوە لە ڕەگەزەکانی ئاو وهەوا
ئاو و هەوا گاریگەری دەکاتە سەر مرۆڤ و چالاکیەکانی وەک کشتوکاڵ و ئابوری و گواستنەوەو بازرگانی و گەشتوگوزار و سەرجەم چالاکیەکانی تر ، تەنانەت کاردەکاتە سەر ڕوخساری مرۆڤ ( ڕەنگی پێست و باڵاو هێز و توانا) و لایەنە دەرونییەکانی ( توڕەبون و دڵخۆشی و زیرەکی و لێهاتوویی) ، ئەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر ئاو و هەوا(بەپلەی یەکەم بازنەی پانی و پێگەی جوگرافی و بەرزونزمی و شوێن بەگوێرەی ڕووبەری ئاوی و وشکانی و تەوژمە زەریایەکان و ناوچەکانی پەستان و هتد)
هەرێمە ئاوهەواییەکان لەیەک شوێنی دیاریکراو نابن واتە دەکرێت لەچەند وڵاتێک یان چەند کیشوەرێک هەبن وەک هەرێمی ئاو و هەوای دەریای ناوەڕاست کە لە کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوورهەیە.
پۆلێنەکان لەسەر یەک ڕەگەز یان چەند ڕەگەزێکی دیاریکراو کراوە وەک جیاوازی باران یان پلەی گەرمی یان هەردووکیان باشترین پۆلێنیش هی زانای بواری ئاو و هەوا (کۆپن ) ە، هەندێک لە هەرێمەکانی ئاو و هەوا لە جیهان

1.هەرێمی ئاو و هەوای جەمسەری یان تەندرا
ئەم هەرێمە دەکەوێتە جەمسەری باکور و باشور دەکەوێتە نێوان بازنەکانی پانی (60°،90°)باکور و باشور ، زستانی زۆر درێژە بۆ 7بۆ8 مانگ و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لەژێر سفری سەدی دەبێت و دابارین لەشێوەی بەفرە وەک باکوری ڕووسیا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا وەک نەرویج و سوید و دوورگەی گرینلاند و ئالاسکا لەباکوری ئەمریکای باکوور.
2.هەرێمی ئاو و هەوای ساردو شێدار
ئەم هەرێمە لەنێوان بازنەی پانی (40°بۆ60°)باکور و باشور، زستانیان سارد و کورتە و هاوینیان شێدارو درێژە تێکڕای باران بارینی ساڵانە لەنێوان(380بۆ 1000) ملم دەبێت لەناوەڕاستی کیشوەری ئاسیاو ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوەڕاستی کیشوەری ئەمریکای باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باشور کە وڵاتی ئۆرۆگواییە هەیە.

3.هەرێمی ئاو و هەوای دەریای ناوەڕاست
ئەم هەرێمە دەکەوێتە بازنەی پانی نێوان (30°،40°)باکور و باشور ، زستانی ئەم هەرێمە ساردو باراناوییە و هاوینی گەرم و وشکە، لە هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوور ویلایەتی کالیفۆڕنیاو هەروەها ڕۆژئاوای ئەمریکای باشور لەوڵاتی چیلی و لەباکوری کیشوەری ئەفریقا و هەندێک ناوچەی کیشوەری ئاسیا هەیە.

4.ئاو و هەوای نیمچە وشک
ئەم هەرێمە دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی (25°بۆ35°) باکور و باشور هەرێمێکی گواستراوەیە لەنێوان هەرێمی شێدار و هەرێمی وشک و بیابانی هاوینان گەرمەو زستانان ساردییەکەی مامناوەندە ، باران دەگۆڕێت لەساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر بەگشتی لەنێوان 250 بۆ400ملم دەبارێت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەک عێراق و ئوردەن و باشوری ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و باکوری مەکسیک و هەروەها باشوری ئوسترالیا هەیە

5.هەرێمی ئاو و هەوای بیابانی
ئەم هەرێمە دەکەوێتە بازنەی پانی نێوان(15°بۆ35°)باکور و باشور، ٪30ی کیشوەرەکان دادەپۆشێت و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی بەرزە و مەودای گەرمی ڕۆژانەی فراوانە و زستانی فێنکە بارانی کەمە ناگاتە 250ملم لە بیابانەکانی ئەفریقاو زۆربەی ئوسترالیاو بیابانی عەرەبی و بیابانی سار لەئێران هەیە.

6.هەرێمی ئاو و هەوای خولگەیی
ئەم هەرێمە دەکەوێتە بازنەی پانی (0°بۆ10°)باکور و باشور،تیشکی خۆر بە ستونی و نیمچە ستونی دەداتە لەم هەرێمە و بارانی زۆرە و لەزۆربەی مانگەکانی ساڵ باران دەبارێت وەک باکوری ئەمریکای باشور و باشور و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاو باشوری هەندێک ناوچەی کیشوەری ئەفریقا.