لە کەرکووک هاووڵاتییەکی کورد، کە شۆفێری تاکسییە و ناوی (رەحیم میرزا)یە، بە كوژراوی دۆزرایەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی 1ی 2024، هاووڵاتییەكی كوردی كەركووك بە ناوی (ڕەحیم میرزا)، تەمەن 73 ساڵ، كە شۆفێری تاكسییە، بە كوژراوی دۆزرایەوە.
برای كوژراوەكە ڕاگەیاند: “لە دوێنێ نیوەڕۆوە براكەم لە ماڵ چووەتە دەرەوە و مۆبایلەكەی داخراوە، دواتر كەوتینە سۆراغکردنی و دەركەوت، كە مۆبایلەکەی لە قەرەهەنجیرە.“
گوتیشی: ”لە کامێرای چاودێریی بازگەی چیمەنەوە بەرەو سلێمانی ئۆتۆمبێلی براكەی دەرکەوتووە و گەنجێک لێی خوڕیوە، دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگا ئەمنییەکان، تەرمەکەی لە چەمی گۆران دۆزراوەتەوە، کە گولـلە لە پشتەسەری دراوە.“
ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەوان ئەو كردەوەیە بە كارێكی تیرۆرستی دەزانن و ئامانج لێی دەركردنی كوردە لە شارەكە، بۆیە دوور نییە ئۆتۆمبێلی براكەم بۆ كاری تیرۆرستی بەكار بهێنرێت.
گوتیشی: ”براكەم كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبووە.“