فشارێکی زۆر لەسەر ئێران دروستبووە بۆ راگرتنی هێرشەکان، وڵاتانی جیهانیش بە توندی هێرشەکانی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەنەوە.
– ئەمەریکا: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیل سەرکۆنە دەکات. پشتیووانی خۆشمان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەینەوە”.
– ئەڵمانیا: “هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر هەولێر، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق پێشێلدەکەن و بە توندی سەرکۆنەیان دەکەین.”
– فەرەنسا: “بە توندی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەین. ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراقە، هێرشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق. هێرشەکان گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن و دەبێت راگیرێن.”
– نەتەوە یەکگرتووەکان: “بە توندی هێرشەکانی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەین. هێرشەکان سەروەری عێراق پێشێلدەکەن و دەبێت راگیرێن. پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەکان لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەربکرێن، نەک بە هێرشکردن.”
– کەنەدا: “بە توندی هێرشەکانی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەین، پرسە و هاوخەمی خۆشمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەن.”
– ئیتاڵیا: “بە توندی هێرشەکانی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەین. ئەم هێرشانە ئاسایش و سەقامگیری عێراق لاواز دەکەن”.
– کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر: “هێرشکردنەسەر خەڵکی سڤیل قبوڵکراو نییە.”
– ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی: “بە توندی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین. هێرشەکە دوژمنکارییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق.”
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.
لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.
دوێنێ چوارشەممە، 17-01-2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سکاڵایەکی تایبەت بە هێرشە دوژمنکاریی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. راشیگەیاندووە، هێرشەکان بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، جیا لەوەی زیانی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیاندووە.
لەلایەن خۆیەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، “پێچەوانەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراقە کە لەوانەیە هەڵبپەسێردرێت”.
بە گوتەی عەباسی، ئێران بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان؛ “زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و عێراق دەگەیەنێت. دەبوو تەواوی ئەو زانیارییانەی باس لە بوونی چالاکی سیخۆری لە هەولێر دەکەن، بە دەسەڵاتدارانی عێراق بدات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت”. گوتیشی، “ئێران ئێمەی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاگادار نەکردووەتەوە”.