ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە ناڕاستی تۆمەتەکانی ئێرانی سەلماندووە

ھێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتنی وەبەرھێنەران و ھاووڵاتییانی سڤیل کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا، چاودێران و لایەنە سیاسییەکان نیگەرانن و سەرکۆنەی ھێرشەکە دەکەن و بیانۆیەکانی ئێرانیش ڕەت دەکەنەوە کە ھێرشی پێ دەکرێتە سەر ھەولێر و منداڵی ساوا و ھاووڵاتییانی سڤیل شەھید دەکەن.

لایەنە سیاسییەکان ئامانجی ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە تێکدانی سەقامگیری و لێدان لە ھاووڵاتییانی سڤیل دەبینن، لەگەڵ ھەر ھێرشێک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، عێراق لیژنەیەک دەنێرێت و لیژنەکە لێکۆڵینەوەکانی دەگەنە ڕاستییەکان، بەڵام بێ ئەنجامن و بەردەوامیش سەروەری خاکی عێراق دەبەزێنرێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، دەڵێت: ئەو غەدرەی لە ھەولێر کرا، غەدرێکی بێ بنەما بوو، ئەو تۆمەتانەی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەیخاتە پاڵ ھەرێمی کوردستان ھیچ بنەمایەکی ڕاست و دروستی تێدا نییە، ماڵی خەڵکی سڤیلیان بە ئامانج گرتووە، ناویان ناوە مۆڵگەی دژبەری ئێران و موسادی ئیسرائیلی، بۆ جیھان ڕوونبوویەوە کە ئەو پرۆپاگەندانە ھیچ بنەمایەکیان نییە و تەنھا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، دەشڵێ: سەکردایەتیی سیاسی کورد و خودی سەرۆک بارزانی نایانەوێت ھەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە ململانێی ناوچەکە، ئێران پێی وایە ھەولێر و دھۆک بوونەتە ڕێگر بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایەی ھەیەتی لە ناوچەکەدا، دەڵێت: لیژنە عێراقیەکەی ھاتنە سەر شوێنی ڕووداوەکە لە ھەولێر، ھەموو پرۆپاگەندەکانی ئێرانیان بەدرۆ خستەوە، تێناگەین پرۆپاگەندەکان ھەتا کوێ بڕ دەکات کە منداڵێکی یانزدە مانگی بەناوی موسادی ئیسرائیلی دەکەنە ئامانج.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، ئاماژە بەوە دەکات، ھەڵوێستی خەڵکی ھەولێر کە بەیەک دەنگ ھاتنە دەنگ دژی ئەو ھێرش و پێشێلکاریانە، جێی ئەوپەڕی دڵخۆشی و شانازی بوو، بەڵام ھەندێک لە ھێزە سیاسییەکان بوونەتە بەشێک لەو ئەجندا سیاسیەی پێی دەگوترێت بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی کە ئێران ڕابەرایەتی دەکات، کورد دەڵێت: دار کرمی لەخۆی نەبێت، تەمەنی ھەزار ساڵە، ئەگەر ئەو ھێزانەش یەکگرتوو بووان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و ھەولێر، ئێران نەیدەتوانێ ئەو بارودۆخە بەسەر ھەولێردا بێنێت، جەماوەری خۆشیان لەسەر ئەو ھەڵوێستەیان شەرمەزاریان دەکات.
د. سەعید محەممەد، چاودێری سیاسی، گوتی: پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەکدەنگ بن، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ھێرشەکان ببنەوە و مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بڕەوێنەوە.
یەکگرتووی لایەنە سیاسییەکان چەکێکی بەھێزە بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان، مەترسییەکان فراوان بوونە و داوا دەکرێت لایەنەکان بە یەکگرتووی رووبەڕووی دۆخەکە ببنەوە. بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: داوا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە، ناکۆکییەکان بەڵاوە بنێن و بە یەکگرتووی بەرەنگاری ھەموو ئەو پەلاماردان و ھێرشانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە ڕووبەڕووی ببینەوە.
ئێحسان ئامێدی، چاودێری سیاسی، دەڵێت: ئێران ئەوە بۆ جاری یەکەم نییە ھێرش دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەوەش تاوانی شەڕە و دەچێتە خانەی تیرۆر دژی خەڵکی کوردستان، ئەو بیانۆیانەی ئەوان دەگرن بۆ ئەوەی ھێرش بکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، لەسەر چ بنەمایەک ئێران ھێرش دەکاتە سەر ھەولێری پایتەخت، بۆیە ئەوەی ئێران دەیکات کارێکی نامرۆڤایەتیە و دژی ھەر کەسێکە کە بیەوێت بە ئارامی بژیت، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ھێزە کوردستانییەکان یەک بگرن و بە یەکدەنگ وەڵامی ئەو جۆرە ھێرشانە بدەنەوە، چونکە زۆر گرنگە خەڵک و لایەنەکان ھەموویان یەک قسەیان ھەبێت.
لایەنە سیاسییەکان نیگەران لە ھەڵوێستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەڵێن، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ھێرشەکان ڕاناگیرێن و دەبێت ھەڵوێستێکی کاریگەر ھەبێت بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە. محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، ڕایگەیاند: ھەر وڵاتێک لە خۆیەوە ھێرش بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان پێشڵکردنی سەروەری خاکی ھەرێمە، چۆن دەبێت تۆ لە شارێک نوێنەرایەتیت ھەبێت و بۆردوومانی ئەو شارە بکەی، بەبیانۆی ئەوەی کە کێشەت ھەیە لەگەڵ وڵاتێکی دیکە، پێویستە ئەو کێشانە چارە بکرێن و چی دیکە ھیچ ھەنگاوێک نەنرێت و ئارامی و سەقامگیری خەڵکی کوردستان تێک نەدرێت.

ھەواڵی زیاتر