پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی یادی 25 ساڵەی دامه‌زراندنی كوردستان تیڤی

‏‎بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
‏‎بۆ بەڕێزان سەرپەرشتیار و بۆردی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی خۆشەویستی دەزگای سەتەلایتی کوردستان
‏‎بەبۆنەی 25 ساڵەی پەخشی كوردستان تیڤی پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەم و هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لەو ئەركە پیرۆزەتان كە خزمەتکردنە بە مێژوو و فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردستان.
‏‎جێگەی خۆشحاڵیە کوردستان تیڤی هەر لەسەرەتای كاركردنیدا بە متمانە و ڕاستگۆیی ئەو ئەركەی لەسەرشانی بووه‌ جێبەجێی كردووه‌ و بووە پردێكی پەیوەندیی لەنێوان خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە.
‏‎پێویستە كوردستان تیڤی بە وزە و تینێکی زیاترەوە بەردەوام بێت لە پابەندبوون بە کولتووری کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و پێکەوەژیان و ڕەچاوکردنی بەها باڵاکانی گەلەکەمان.
‏‎ئەو چاوەڕوانییە لە دەزگەی سەتەلایەتیی کوردستان هەیە کە مینبەری خەباتگێڕان و هاووڵاتیان و پێکهاتەکانی کوردستان بێت و بەشێوازی گونجاو گرنگی بە مێژووی خەباتی خەڵكی كوردستان و ئێستا و ئاییندەی میللەتەكەمان و گەیاندنی كێشەكانی خەڵک بدات و وەك هەمیشە جێگەی متمانەی خەلك بێت.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی