چواس خالید – هەولێر
ته‌نیا له‌ماوه‌ی نۆ ڕۆژدا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان، بڕیاری جێبه‌جێكردنی بیست پڕۆژه‌ی به گوژمه‌ی دوو ملیار و حه‌وت سه‌د و دوو ملیۆن و چوار سه‌د هه‌زار دینار بۆ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داوه و كه‌توونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی چوارده پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری خزمه‌تگوزاری له شاری دهۆك، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاریدا، ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی پێنج سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش ملیۆن دیناری عێراقی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزار و ئاوی ده‌وروبه‌ری دهۆك.
پڕۆژه‌كان پێكهاتوون له بنیاتنان و دروستكردن و قیرتاوكردنی چه‌ندان شه‌قام و نۆژه‌نكردنه‌وه و دروستكردنی دیواری پاڵپشت و بنیاتنانی پێشه‌نگه‌ی گه‌شتیاری و دابینكردنی دار و ڕۆنان و ڕێكخستنی سیسته‌می ئاودانی ناوچه سه‌وزاییه‌كان و دابینكردنی گازوایل بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ری دهۆك و دانانی تۆڕی ڕوناككردنهوه و كۆنكرێتكردنی چه‌ندان شه‌قام و چه‌ند بوارێكی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری.
گوژمه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌وی و ١٧%ی داهاتی ئاو و ١٥% ی داهاتی شاره‌وانی و ١٥%ی داهاتی گه‌شتوگوزاره و له‌سه‌ر پلانی ساڵی ٢٠٢٣ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه فه‌رمانی وه‌زاری بۆ خه‌رجكردنی دراوه.
له دوو فه‌رمانی وه‌زاریدا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی زیادتر له چوار سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش ملیۆن دینار له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی، به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ی ئاو و پرسه‌ی دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه له شاری سلێمانی.
گوژمه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٧%ی داهاتی ئاوه له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی و به‌پێی پلانی ساڵی ٢٠٢٣ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گهشتوگوزاروه فه‌رمانی جێبه‌جێكردنی بۆ ده‌ركراوه.
پڕۆژه‌كان بریتین له دابینكردنی پۆسته‌ر په‌مپی m3/hr 750 به (m/head 200)، بۆ پڕۆژه‌ی ئاوی (P.W.J)، هاوكات جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ڕاكێشانی بۆڕی ئاو بۆ به‌هێزكردنی ئاوی گه‌ڕه‌كی وڵوبه \٢٣٦ له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی.
هه‌ر له نۆ ڕۆژی ڕابردوو، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی ملیارێك و سێ سه‌د و نۆ ملیۆن دینار دا، بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌ڕه‌كی مه‌ریوان له كه‌رتی ٨ی حه‌سارۆك له شاری هه‌ولێر.
گوژمه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی زه‌وی گۆشەیی شاره‌وانییه له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌پێی ڕێنماییه‌كانی دارایی تایبه‌ت به داهات وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار فه‌رمانی خه‌رجكردنی داوه.
گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك له شاری هه‌ولێر ساڵانێكه به‌سه‌ر كه‌سانی شایسته له چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه دابه‌شكراوه، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی دارایی و درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی، گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی شاری هه‌ولێر دواخست، كه دوای ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به خاوه‌ن زه‌وییه‌كان دا، له‌وكاته‌وه پرۆسه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك له شاری هه‌ولێر قۆناغ به قۆناغ به‌رده‌وامه.
هاوكات وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی نه‌وه‌ت و حه‌وت ملیۆن دینار بۆ پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه ناوخۆییه‌كانی كه‌له‌كچی له سنووری پارێزگه‌ی دهۆك.
بڕی دیاریكراو له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی كه‌له‌كچی له‌سه‌ر پلانی ٢٠٢٣ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامی ناوخۆیی له گه‌ڕه‌كی كه‌له‌كچی و به‌رازی و گله‌شین له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ له گه‌ڕه‌كی گلشین خه‌رج ده‌كرێت.
جیا له‌وانه و له یه‌كه‌م ڕۆژی ساڵی نوێ، به‌ردی بناغه‌ی دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له هه‌ولێر داندرا.
له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، جێبه‌جێكردنی دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی قیرتاوكردن له دوو گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
یه‌كه‌میان قیرتاوكردنی شه‌قامێكی بیست مه‌ترییه به بڕی هه‌شت هه‌زار مه‌تر دووجا له گه‌ڕه‌كی زیلان به گوژمه‌ی سه‌د و چل و نۆ ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار، پڕۆژه‌كه‌ی دیكه‌شیان قیرتاوكردنی ژماره‌یه‌ك كۆڵانه له گه‌ڕه‌كی فه‌رمانبه‌ران، به گوژمه‌ی حه‌فتا و چوار ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار دینار.
ئه‌و گوژمه‌یه‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه خه‌رج ده‌كرێت، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێره.