پەروێز هوما: شیعر ڕەگەزێکی سەرەکیی ئەدەبە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

شاعیر و نووسەر پەروێز هوما، لە گوندێکی گەرمیان لەدایک بووە کە سەر بە شارۆچکەی کەلاری ئیدارەی گەرمیانە. لە ساڵی ١٩٩٤ لەو گوندە لەداییک بووە و ئێستا لە شارۆچکەی کەلار نیشتەجێیە. قۆناغی خوێندنی بەشی کۆمپیوتەری تەواو کردووە و ماوەی ٦ ساڵە دەنووسێت. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: شیعر ڕەگەزێکی سەرەکیی ئەدەبە.

باسێکی ئەزموونی خۆت لەبواری نووسین بکە؟
هەڵبەتە پێش نووسین لە بواری شیعردا پێشتر لە گۆشەی ماڵپەڕ و گۆڤارەکاندا وتاری سیاسی و پەروەردەییم دەنووسی، بەداخەوە هیچیانم بۆ ئەرشیف نەکرا، وەک دەزانرێت تەکنەلۆجیا پێگەیەکی زۆر سەلامەت نییە بۆ پارێزگاریی نووسینەکان. لە ساڵەکانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ دەستم بە نووسینی شیعر کرد، دوای ساڵێک لە نووسین ئینجا چەند بەرهەمێکی خۆم بڵاو کردەوە. وەک هەر شاعیرێکی تر سەرەتا بە بەرهەمی کرچووکاڵ دەستم پێ کرد، خۆشبەختانە زۆر زوو درکم بەو کرچوکاڵییە کرد و دەستم لەو ستایلە نووسینە بەر دا. من حاشا لەو بەرهەمانە ناکەم، هیی منن، بەڵام بەردەوام نابم لەسەریان. تا ئێستایش بەردەوامم، گەر بۆم دەرکەوێت ئەم ستایلەی ئێستایشم نەگونجاوە، بێ دوودڵی، دەستی لێ بەر دەدەم.

باشترین ڕێگا بۆ دەستپێکردن و کۆتایی هێنان بە شیعرەکە چییە؟
لە شیعردا شتێک هەیە پێی دەگوترێت یەکێتیی بابەت، پێویستە شاعیر کە ناوەڕۆکێک هەڵدەبژێرێت، وەکوو دارێک شیعرەکە ببینێت، پێکهاتەی دار سەرەتا لە ڕەگەوە دەست پێ دەکات و دواتر قەد و دواتر لق و گەڵا. گەر بتەوێت وێنەی دارێک بکێشیت، ناتوانیت گەڵا لەشوێنی ڕەگ دابنێیت. شیعریش شتێکی نزیک لەهاوشێوەی ئەوەیە. هەرچەندە هەندێک لە شاعیران ئەوە تێکەڵ دەکەن، بەڵام بەلای منەوە یەکێتیی بابەت گرنگە، بەبنەمایشی دەگرم. یەکێتیی بابەت تەنیا ئەوە نییە بابەتەکەت بەڕێکی بێتە خوارەوە، بەڵکوو ئەوەیشە کە تۆ لەبابەتەکەدا شتێک باس نەکەیت کە هیچ پەیوەندییەکی پێوەی نەبێت. واتا تایبەتمەندییەکی تری یەکێتیی بابەت ئەوەیە، لە بابەت دەر نەچیت.

بە چ فۆڕمێک شیعر دەنووسی، کلاسیک، ئازاد، یان ئەو پێکهاتەی خۆت درووستی دەکەی؟
بە بڕوای خۆم، بە شێوازێکی نوێ دەنووسم، هەمیشە هەوڵ دەدەم نەچمەوە سەر نەوەی پێش خۆم، ئەمە زیندوویەتیی دەقی هاوچەرخە، کە نەچیتەوە سەر نەوەی پێش خۆت، گەر وا بکەیت، تۆ هاوچەرخ نییت، بەڵکوو هێشتا لە ڕابدوودا بەجێ ماویت.

سەردەمی شیعری ئەمڕۆ لەچاو سەردەمەکانی پێشووتریدا چۆن دەبینی؟
لەڕاستیدا شیعری باش، لەپێش سەردەمەکەی خۆیەوە دەڕوات، چەند هەنگاوێکی زۆر لەپێشترەوەیە، ئەمەیش وا دەکات هاوکۆک نەبێت لەگەڵ سەردەمەکەی خۆی. دەتوانین بڵێین شیعر خاوەنی سەردەمی تایبەت بە خۆیەتی. بێگومان هەر سەردەمێک سەنگی خۆی هەیە، سەردەمی ئێستا باشترینە. هیچ سەردەمێکی شیعریی ئێمە ئەوەندە تەریب نەبووە لەگەڵ شیعری جیهانی، بۆ نموونە، قۆناغی شیعری کلاسیکی ئێمە قۆناغی کلاسیکی ئەورووپا بوو؟ نەخێر ئەورووپا دەمێک بوو کلاسیکی جێهێشتبوو ئەوکاتە. ئایا سەردەمی رۆمانتیکی ئێمە، هەمان سەردەمی ڕۆمانتیکی ئەورووپا بوو؟ نەخێر ئەو سەردەمە ئەورووپا ١٠٠ ساڵی رێک کەوتبووە قۆناغی دوای چارڵس بۆدلێریشەوە. پرسیارێک لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئەدی سەردەمی ئێستای شیعری کوردی تا چەند هاوتەریبە لەگەڵ شیعری جیهانیدا؟ بێگومان حاڵی لەهەموو سەردەمەکان باشترە، هیچ نەبێ هاوتەریبە یان ئەوەندەیش لەدواوە نییە. هەندێک بۆچوونیش هەیە، کە شاعیرانی کورد ئەوانیشیان تێپەڕاندووە. بەڵام سەردەمی ئێستایش شیعر، پەرشوبڵاوە، ئەوە نییە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکدا وەک بلاک ماونتەین و بیت جەنەرەیشن و ئیمەیجیزم نمایشی ئەدەب بکەن، زۆرینەی هەوڵەکان تاکانەن. بۆیە ئەکرێت لە مەکسیک شاعیرێک هەبێت لە پێش هەموو شاعیرانی دنیاوە بێت، بەڵام شیعری مەکسیکی وا نەبێت.

شیعری ئەمڕۆ چەقبەستووە؟ گەر وایە چۆن شیعر لەو چەقبەستووە دەربهێنین؟
لەو بڕوایەدا نیم شیعری ئەمرۆ چەقبەستوو بێت، بەڵکوو ئەوەی هەیە هەندێک شاعیرن لە سەدەی ڕابردوودا بەجێ ماون، گەر ئەوان بەجێ ماون، هیچ زەرەرێکیان لە شیعر نەداوە، بەڵکوو زەرەر لە ئەزموونی خۆیان دەدەن، شیعر چاوەڕوانی کەس ناکات لەگەڵی بڕوات، ئەبێ ئەوان بەدووی تازەگەری بێن و بەدووی شیعر بکەون. ڕزگاریی ئەوان لەدەستی خۆیاندا. واتا دەبێ ئەو شاعیرانە لە چەقبەستوویی دەربهێنرێن نەک شیعر، چونکە شیعر چەقی نەبەستووە و بەردەوامە لە نوێکردنەوە.

چارەنووسی شیعر لە نێوان تەکنەلۆژیا و ئامێرەکان چۆن دەبێت؟
شیعر وەک خۆی دەمێنێتەوە، شیعر هەمیشە پێویستییەکە بۆ خوێنەری باش، شیعر ڕەگەزێکی سەرەکیی ئەدەبە، ئەدەبیش ڕەگەزێکی سەرەکیی خوێندنەوەیە. شیعر غەریزەیە بۆ خوێنەر، لە هەرکوێ بێت، خوێنەر وەدەستی دەخات. هەر وەک خواردن وایە، وەک چۆن جاران خەڵک دەڕۆییشتە خواردنگەکان بۆ ئەوەی سکی تێر بکات، ئێستا بە دلیڤەری داوای دەکات و لەماڵەوە دەیخوات، هەمان شتە، هەردوکی خواردنە، تەنیا تەکنیکەکەی گۆڕاوە. گۆڕانی تەکنیکەکەی مانای ئەوە نییە ئیتر خواردن پێویست نییە، شیعریش هەر وایە و پێویستییە، گرنگ نییە لەکوێوە خوێنەر دەستی پێی دەگات، گرنگ ئەوەیە هەر دەیخوێنێتەوە.

گەر باسی ڕەخنە بکەین، پێت وایە ڕەخنەی باش شیعری باش بەرهەمبهێنێت؟
بێگومان ڕەخنە هەمیشە باشە، مەبەستم ڕەخنەی ئەدەبییە. هەڵبەتە من لەگەڵ ئەوە نیم کە ڕەخنە ئیشی بونیادنان یان ڕووخاندن بێت، ئیشی ڕەخنە بنکۆڵکارییە بۆ دەق، واتا ژانەرێکی سەربەخۆیە و کاری خۆی دەکات. وەک چۆن ئیشی شیعر نییە خزمەتی سیاسەت و کۆمەڵێک شتی تر بکات، ئاوایش ئیشی ڕەخنە نییە دەق بونیاد بنێت یان بیڕووخێنێت.

پڕۆژەی نوێت چییە؟
وەکوو پرۆژەی نوێ، هیچم نییە، چونکە لەڕاستیدا شیعر پلانی بۆ دانانرێت، گەر بابەت کتێبیش بێت، دوو ساڵ بەسەر نوێترین کتێبمدا تێپەڕیوە، نامەوێت ئەوەندە خێرا بم. پرۆژەیەکی بەردەوامیشم هەیە کە توێژینەوەیەکە لەسەر (دانپێدانانی شیعری) کە ماوەی سێ ساڵە خەریکیم، نازانم چەند ساڵی تری پێ دەچێت تاوەکو تەواو دەبێت و چاپ دەبێت.

ھەواڵی زیاتر