لە هەرێمی کوردستان لەدایکبوونی منداڵانی ناکامڵ لەبەرزبوونەوەدایە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لەدایکبوونی منداڵی ناکامڵ لە هەرێمی کوردستان ڕێژەکەی تا دێت بەرزدەبێتەوە و شارەزایانی بواری تەندروستی، پێیان وایە كە رێژەی منداڵانی ناكامڵ لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لە هەولێری پایتەختیش تەنیا دوو بەشی بچووكی تایبەت بە منداڵی ناكامڵ هەیە.

دکتۆر ئەحمەد جەبار دەربارەی منداڵی ناکامڵ بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: منداڵی ناکامڵ هەر لەکاتی لەدایکبوونییەوە دووچاری کێشە تەندروستییە جیاوازەکان دەبێتەوە، تەنانەت بەشێکی ئەو کێشانەش رەنگە لە تەمەنە گەورەکاندا تووشی ببن. ژمارەی تووشبووانی پەتا وەرزییەکان لەنێو منداڵاندا زیادبووە، هەروەها منداڵانی تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە تووندی پەتا دەگرن و ئەوانەن کە لە نەخۆشخانە بەهۆی تووشبوونیان بە پەتا دەخەوێندرێن.
ئەو دکتۆرە زیاتر گوتی: لەکاتی زۆربوونی پەتاکان مەترسییەکی گەورە روو لە هاونیشتمانییان و بەتایبەت منداڵان دەکات ئەویش بەکارهێنانی دەرمانی ناپێویستی دژەهەوکردنەکانە، بەبێ راوێژی پزیشک دەرمانی دژەهەوکردن نەدرێت بە منداڵ. هەروەها ئەگەر رێژەی لەدایکبوونی منداڵی ناکامڵ بەردەوام لە زیادبووندا بێت، ئەوا توانای چارەسەر و چاودێریکردنی ئەو منداڵانە کەمدەبێتەوە و ژیانیان دەکەوێت مەترسییەوە. ناڕێکیی شێوازی ژیانی خانمان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پەنا بردنە بەر نەشتەرگەریی منداڵبوون، چونکە ئێستا بەشێکی زۆری خانمان جووڵەیان کەمە و خۆراکی ناتەندروست دەخۆن.
هەر لەو بارەیەوە، ئافرەتێكی تەمەن ٢٩ ساڵ و دانیشتووی هەولێر بەناوی خونچە کەمال کە پێش ٨ ساڵ هاوسەرگیری كردووە، لە دوای چەندان ساڵی هاوسەرگیرییەكەیدا، كچێكی دەبێت و ناوی دەنێن هەورین، ئەو بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: كاتێك پزیشكەكان هەواڵی ناكامڵی كچەكەمیان پێدام و مەترسی گیان لە دەستدانییان بەمن راگەیاند، ئەو ڕۆژە ناخۆشترین هەواڵی ژیانم بیست. لە دوای چاوەڕوانییەكی درێژخایەن منداڵەكەم بە ناكامڵی لە دایك دەبێت، پزیشكەكان گوتیان ئومێدی لە ژیان مانەوەی هەورینی کچت زۆر كەمە.
خونچە زیاتر گوتی: رێژەی ناكامڵی منداڵەكەم لە نیوە زیاترە، پزیشكەكان هۆكارەكەی بۆ كەمی مادەی ئاسن و خزمایەتی نێوان من و هاوسەرەکەم دەگێڕنەوە كە ئامۆزای یەكترین و خوێنەكەمان لە یەكتر نزیكە. بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانە و بەشی تایبەت بە منداڵانی ناكامڵ. چەندان نەخۆشخانەمان كردووە و لە هەر شوێنێك نەشتەرگەرییەكی بۆ دەكرێت، ئێستەش لە نەخۆشخانەی راپەڕین، بەهۆی بچووكی بەشەكەوە، هەر دوو منداڵ لەناو شووشەیەك دادەنرێن كە پزیشكەكان خۆیان دەڵێن ئەو حاڵەتە مەترسیدارە و ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی زیاد دەكات. تەنیا لە نەخۆشخانەی راپەڕین و لەدایكبوون دوو بەشی تایبەت بە منداڵانی ناكامڵ هەیە، بەڵام ئەو دوو بەشە بچووكن و بەو هۆیەوە ناتوانرێت چارەسەری پێویست بۆ تەواوی نەخۆشەكان بكرێت.
زەیتوون محەمەد بەرپرسی بەشی منداڵە ناكامڵەکان لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: بەشەكەمان بچووكە و ستافمان كەمە، لەكاتێكدا رۆژانە نەخۆشێکی زۆر سەردانی بەشی منداڵانی ناكامڵ دەكەن و ئەوەش وا دەكات نەتوانرێت بەپێی پێویست چارەسەری نەخۆش بكرێت و بەناچاری زووتر رەوانە دەكرێنەوە. داواكاریمان لە حكوومەت ئەوەیە کە بنكەی تەندروستیی زیاتر دروست بكات، بەتایبەت بەشی ناكامڵی پێویستی بە شوێنی فراوانتر و دابینكردنی ئامێری زیاترە، ئێمە تەنیا شەش ئامێری دابەزینی زەردووییمان هەیە كە بۆ نەخۆشخانەیەكی وەك ڕاپەڕین زۆر كەمە و كەمتر لەم ژمارە لە نەخۆشخانەكانی تردا هەیە. من بە پێویستی دەزانم وەزارەتی تەندروستی، بەشێكی تایبەت بە چاودێری منداڵانی ناكامڵ و بەشێكی تایبەت بە چاودێریی ژنانی دووگیان بكاتەوە كە ئامۆژگاری ژنانی دووگیان بكات لەوەی چۆن پارێزراو دەبن.
زەیتوون محەمەد زیاتر گوتی: چەند هۆكارێك لە پشت ناكامڵی منداڵەوە هەن، لەناویاندا كەموكوڕییەكانی منداڵدان بەهۆی فشاری دەرەكی، نەخۆشییەكانی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، فشاری خوێن، منداڵی بلووری، ناتەواوی سییەكان و چەندین هۆكاری تر. ئەو منداڵەی لەكاتی لەدایكبووندا نۆ مانگی لە سكی دایكی تەواو نەكردبێت، لە ژیانی كۆرپەڵەییدا بە ناكامڵی دادەنرێت. بەگوێرەی داتاكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە ١٥ ملیۆن منداڵ بە ناكامڵی لە دایك دەبن، ملیۆنێك منداڵ بەهۆی ناكامڵی گیان لە دەست دەدەن كە ئەگەر خزمەتگوزاری تەندروستی و دەرمانی باش هەبێت، دەتوانرێت رێگە لە ٪٧٥ی ئەو مردنانە بگیرێت.
زەیتوون محەمەد زیاتر ئاماژەی پێدەدات و دەڵێ: لە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، هەزار و ٩٨٣ منداڵی ناكامڵی گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكەمان و لەو رێژەیەدا ٧٣ منداڵ گیانیان لە دەست داوە و هەزار و ٩١٠ منداڵ بە ناكامڵی ژیان بەسەر دەبەن، لەكاتێكدا نیوەی دووەمی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ٨٠٠ منداڵی ناكامڵی گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی راپەڕین و هەر لەو ماوەیەدا ٥٠٠ منداڵ لەكاتی لەدایكبووندا مردوون. تەمەنی دایك لە خوار ١٦ ساڵ و زیاتر لە ٣٥ ساڵ، نەخۆشییە كتوپڕەكان و درێژخایەنەكانی دایك، كار و چالاكییەكانی دایك بەتایبەت ئەو كارانەی راوەستان یان سترێتی زۆریان تێدایە، لەدایكبوونی دووانە و سێیانە و زیاتر، نەخۆشی لە ناوكەپەتك، پێشوەختە تەقینی پەردە و چەندانی تر.

ھەواڵی زیاتر