بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاریی پارێزگای دهۆک دەڵێت، لە ساڵی 2023 زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-01-2024، خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاریی پارێزگای دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ئاشکراکرد کە لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە و، بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ سەردانی پارێزگاکەیان کردووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاریی پارێزگای دهۆک؛ لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تاوەکو کۆتایی مانگی 11ـی 2023، زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکەیان کردووە. گوتیشی، “تاوەکو ئێستا ئاماری مانگی 12ـی 2023ـمان بەدەست نەگەیشتووە”.
لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، چوونەتە پارێزگای دهۆک، خەیری عەلی ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژی 22-12-2023ـەوە تاوەکو 31-12-2023، زیاتر لە 59 هەزار و 350 گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە.
وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاریی پارێزگای دهۆک باسی کرد، 10 لیژنەی جۆراجۆریان بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و پێشوازیکردن لە گەشتیاران پێکهێنابوون. ئەوەشی خستەڕوو، “بە گوڵ و شیرینی، جوانترین پێشوازیمان لە گەشتیاران کردووە”.
خەیری عەلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ جەژنەکانی نەورۆز، رەمەزان و حاجییان؛ پلانی زۆر باشیان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا داناوە و، “بە باشترین شێوە” پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن.