شەڕی درۆنەکان، گێمی دووەمی شەڕی موچە

مەشخەڵ كەوڵۆسی

دە ساڵی ڕەبەقە کێشەی موچە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووەو، چارەسەریشی ئەستەمە و، هیچ دەرچەیەک نیە بۆ کۆتایی هاتنی کێشەکە نیە. لە لایەکەوە کورد خۆی هیچ کارتێکی نیە بۆ مامەڵەی جیدی لەگەڵ ئەم پرسەداو، لە لایەکی تریشەوە حکومەتی عێراق بە بەرنامە ئەو کارەی کرد و، لەسەرەتای قەیرانەکەوە، بەندا لە چەندین بۆنەو نوسیندا، هاوارم کرد کە کێشەی موچە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە و، ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستانە.
لە پێناوی ئەو ئامانجەدا، بەغدا ئامادەیە تاکوئەوسەری بڕوات و، هیچ دانوستان و گفتوگۆیەک ناتوانێت ڕێگە لەو ئامانجە بگرێت.نە یاسا و نە شاند و نە گۆڕینی سەرۆکوەزیرەکانی بەغدا، هیچ کاریگەرییەکیان نیە و، گروەکانی کورد سەرجەمیان پوچەڵن… بە کورتی تاکو هەرێمی کوردستان هاڵنەوەشێتەوە کيشەی مووچە چارەسەر ناکرێت.
ئامانجی عێراق ئەوەیە… بەڵام ئایا کورد چی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچە؟ ئەمە میحوەریترین پرسیارە، وەڵامی پرسیارەکە چۆن دەدەینەوە، مێژوو لەسەرمان دەنوسێت. چونکە دەرکەوت ڕێگە تەقلیدییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشەیەدا، دانوستان و ڕێککەوتن و پشکی بودجە، نەیانتوانی کێشەکە چارەسەر بکەن. چونکە لە بنەڕەتدا بەغدا ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمە نەک ئەوەی ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی کورد فێری ئەوە بکات دانوستانی دیپلۆماتی بکات کە ڕواڵەتێکی دەوڵەتدارییە. ئەگەر بەغدا ڕازی بێت بەوەی هەرێم لەڕێگەی دیپلۆماتییەوە کێشەکە چارەسەر بکات، کەواتە لەئامانجەکەی لایدا کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی هەرێم.
ئێستا گێمی دووەمی ئەو شەڕە چارەنوسسازەیە. شەڕی درۆنەکان لەکاتێکدایە، کێشەی مووچە گەیشتۆتە سەر ئێسکی کورد. بەتەواوی شەکەتی کردووەو، ڕەنگە لەڕاستی دوور نەکەوینەوە ئەگەر بڵێم: جینۆسایدێکە کە هیچ پێناسەیەکیشی لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا نیە، ئەگەر هەیشی بێت کورد چونکە دەوڵەتی نیە، ناتوانێت سودی لێوەر بگرێت!
شەڕی درۆنەکان لە کاتێکدایە کە نزیکترین دۆستی کورد، خۆی کێشەی گەورەی هەیە.ناوچەکە دەکوڵێت و، هەموان باج دەدەن. جیاوازییەکە تەنها لەوەدایە کە کورد لە دەستمایە باج دەدات، بەڵام ئەوانی تر لە قازانج باج دەدەن.
شەڕی درۆنەکانیش وەک مووچە، قۆناغێکی چارەنوسسازە، مەبەست لێی بەزاندنی کوردە. بە پلانە و، کارسازی بۆ کراوە. کەچی کورد دیسانەوە هەمان ڕێگەی تەقلیدی دەگرێتەوە بەر و داوا لە بەغدا دەکات بیپارێزێت! ئێ باشە ئەی ئەزموون و تێگەیشتن بۆچی باشن؟.
دەبێت کورد لەو ڕاستییە تێبگات و هەرسی بکات کە بەرژەوەندی عێراق لەوەدایە هەرێم هەڵبوەشێتەوە، کاری تەواویشی بۆ دەکات و، ئیتر قسەی دیکە خۆگێلکردنە.
هانابردن بۆ بەغدا، نەک سودی نیە، بەڵکو بەغدا دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کە کارتەکانی کاریگەربوون و، هانیشی دەدەن زیاتر بەرداوام بێت. چونکە ستراتیژی بەغدا دەوڵەتێکی مەرکەزی و دەستکاریکردنی دەستورە بەو ئاراستەیەدا. نەک قووڵکردنەوەی فیدراڵیزم. بۆ ئەو مەبەستەش، هەموو کارتەکانی لەکات و ساتی گونجاوت خۆیدا بەکار دەهێنێت.
بۆ دەرچوون لەم گێژاوە، پێویستە کورد لە ئامانجەکە تێبگات و، پڕبەپێست کاربکات بۆ دەرچوون لەو کێشانەی کە جێبەجێکردنی ستراتیجەکەی بەغدا بۆی دروست دەکەن. بۆ ئەوەش مۆدیلێکی تری پلانڕێژیمان پێویستە.

ھەواڵی زیاتر