هێز و گرووپە لە یاسادەرچووەکانی عێراق خەریکە گڕ لەوڵات بەردەدەن

هێز و گرووپی چەکداری نایاسایی لە عێراق، مێژووییەکی کۆنی نییە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە هاوکاری وڵاتانی ئیقلیمی و بەهۆی نەبوونی حکوومەتیكی بەهێزەوە برەوی سەند و ئێستاش ئاگری ئەو هێزانە خەریکە گڕ لە عێراق بەردەدەن و سەرباری هەبوونی گوتارێکی توندی حکوومی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە سەبارەت بە هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی چەکداری نایاسایی، بەڵام دۆخەکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت و تا ڕادەیەکیش دەستکراوەن لە هێرش و پەلاماردان.

پەلامار و هێرشی تیرۆریستی
یەکێک لە چالاکییەکانی ئەو گرووپ و تاخمە چەکدارانەی عێراق، کە هەر یەکێکیان لەژێر ئاڵایەک و بۆ مەبەستێک کار دەکەن، پەلاماردانی هێز و بنکەی وڵاتانی هاوپەیمانە کە لە عێراق هەن. بەپێی ئامارێکی نافەرمی لە ساڵی پاردا زیاتر لە سێ هەزار هێرشیان بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانان هەبووە. ئەوەش وایکردووە وڵاتان کۆدەنگ بن لەسەر ئەوەی ئەو گرووپ و تاخمانە بە تیرۆریست و لە یاسا دەرچوو وەسف بکەن و لە هەوڵی ئەوەدابن کۆتاییان پێ بهێنن. لەم ساڵانەی دواییدا، ئەو هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە، هێرشەکانیان بۆ سەر هەولێر زیاتر کردووە، کە ئەمەش بەدەر نییە لە گوشاری سیاسیی ئیقلیمی و هەندێک کات ناوخۆیی پەیوەست بە عێراقەوە، کە ئەمەش گومانی لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کە جگە لە پاڵپشتی ئیقلیمی کۆمەکی ناوخۆییشیان لە عێراق و حکوومەتەکانیەوە هەبێت.

بە هەدەردانی بودجەی گشتی
بەپێی ئامارێکی ڕەسمی، ئێستا عێراق لە ڕیزبەندی سەرەوەی ئەو وڵاتانەیە کە دەوڵەمەندە بە گرووپ و تاخمی چەکداری لە یاسا دەرچوو. لە کاتێکدا وڵاتی عێراق لەژێر فشاری ئابوری دەرباز نەبووە و دەستی ئاوەدانکردنەوە نەگەیشتووەتە پاشماوەی کاولکارییەکانی داعش، کەچی ساڵانە لە بودجەکەیدا ملیۆنان دۆلار لەم دەستە و تاخمە چەکدارانە بە فیڕۆ دەڕوات بێ ئەوەی هیچ کۆمەکێکی ئەمنی بە عێراق بگەیەنن جگە لە زەرەر و زیان. حکوومەتی عێراق ساڵانێکی درێژە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیووە و بڕینی بەشە بودجەکەی هەرێم لە سەروەختی سەرهەڵدانی ئەم گرووپ و تاخمانەوە تا ئێستا وەک نیشانەیەک لێکدەدرێتەوە بۆ نیاز خراپی حکوومەتەکانی عێراق بەرابەر هەرێمی کوردستان.

هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ دڵخۆشکەر نین
ئەگەرچی لەدوای هەر هێرشێکی ئەو گرووپ و تاخمانە، حکوومەتی عێراق لە ئاساتی باڵا و زۆرجاریش لە ئاساتی سەرۆکوەزیران، بەیاننامە و ئیدانەی توندی هەبووە دژی چالاکییەکانی ئەو گرووپ و تاخمانە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە، هەوڵەکانی دڵخۆشکەر نین. تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادەنەبووە لێکۆڵینەوەی جیددی بکات سەبارەت بە ژمارە و ناو و شوێنی ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گرووپ و تاخمانەوە دەکرێت. ئەمەش حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە و لە ئێستادا حکوومەتی هەرێم بە فەرمی لە ڕێگای سەرۆکی حکوومەت و وتەبێژەکەی و تەنانەت وەزارەتی پێشمەرگەوە، داوای لێکۆڵینەوە و کۆتایی هێنانی ئەو هێرشانەی کردووە.

ھەواڵی زیاتر