دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێرا لە زۆرێك لە وڵاتان بڵاوبۆتەوە

وەزارەتی تەندروستی پێشبینی دەكات بەم نزیكانە جۆری نوێی پەتای كۆرۆنا بگاتە عێراق .
لەوبارەیەوە سەیف بەدر،وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی عێراق،بە ڕۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە، ڤایرۆسی پەتای نوێی كۆرۆنا  بەشێوەیەكی خێرا لە زۆرێك لە وڵاتان بڵاوبۆتەوە.
 هەروەها گوتی :پێشبینی دەكرێت بەم نزیكانە بگاتە ناو عێراق،جەختیشی لەوەكردەوە كە هیچ تووشبوونێكی نوێ دەستنیشان نەكراوە .
بەدر ڕوونیشیكردەوە كە نیشانەكانی ئەو جۆرە نوێیە، زۆر لە نیشانەكانی پەتا یان ئەنفلۆنزای وەرزی دەچن، باوترین نیشانەكانیشی  بریتییە لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، هەستكردن بە ماندوێتی، ئاوی لووت، كۆكە، ماندوێتی جەستەیی، ئازار و لەرز، هەروەها وەك لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و تامكردن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڤایرۆسەكان توانای بڵاوبوونەوەی خێرایان هەیە، بەهۆی زیادبوونی نەخۆشییەكانی هەناسەدان لە وەرزی زستاندا، هەروەها بڵاوبوونەوەی بەتایبەتی لە ناوچە قەرەباڵغەكاندا.